دەرئەنجامی کاری هەڵەشەیی تەنها زیانە

بەكر كەریم حەسەن
(گۆتەی ) شاعیری ئەڵمانی دەڵێ “پیاوی بە پەلە و هەڵەشە لە دوای دەرگا دەگەڕێ و كەچی بە پێشی دا دەڕوات “.
هەركاتێك مرۆڤ بیەوێ بڕیارێك بدات یان كارێك ئەنجام بدات بێگومان پێویستی بە هەڵوەستەو تێفكرین و تێڕامانی قوڵ هەیە، ئینجا دەتوانی بڕیاری دروست بدات. چوونكە هەموو پەلە و خێراییەك لە بڕیاردان بێشك پەشیمانی لە دوایە. بڕیارە دروست و دیراسەت كراوەكان هەمیشە بڕیاری ئەرێنی و چەسپاون، بۆ ئەوەی لە قسە كردن و كاركردن و تافیبەت بڕیاردان لە هەر كارێك بمانەوێ ئەنجامی بدەین ئەو جۆرە بڕیارانە پێویستە بە زانایی و ئاگایی و هەڵوەستەكردن و لە سەرخۆیی و ڕاوێژكردن و دانایی و ئەزموون و شارەزایی هەیە، نەك بە هەڵەشەیی و ڕەمەكی و بێباکی و بێ گرنگیدان و بە پەلە بڕیار بدرێت لە سەر هەر كار و كردارێكی پێویست بە خوودی خۆمان یان خێزان و كۆمەڵگە و فەرمانگەكان بە گشتی، چو٦ونكە بە دڵنیایی هەر بڕیارێك كە لە كەسێكەوە دەردەچێ و جێبەجێ دەكرێت لە سەر ئەوانی تر و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. زۆر جاران بڕیار دەبێتە مایەی قازانج بۆ كەسانێك كە دەیدەن، بەڵام زیان و پەشیمانی بە خوودی خۆمان و دەوروبەرمان دەگەیەنێ لە ئەنجامی بێ دیراسەیی و بێ ئەزموونی و هەڵەشەیی، بۆیە دەر ئەنجامی كار و بڕیاری هەڵەشەیی تەنها زیانە. دەگێڕنەوە” لە كارگەیەكدا بەرێوەبەرێك زۆر توڕە و دەمارگیر بوو ڕۆژێك لە ناو كارگەكەدا دەسوڕایەوە لە ناكاو چاوی بە گەنجێك كەوت لە ناوەڕاستی كارگەدا وەستابوو وەهیچ كاری ئەنجام نە دەدا. بەم دیمەنە زۆر توڕە بوو بۆیە بە توڕەیی و بێ بیركردنەوە لێی نزیك بووە و لێی پرسی مووچەی مانگانەكەت چەندە؟ كوڕە گەنجەكە زۆر سەرسام بوو بە پرسیارەكە، بەڵام وەڵامی دایەوە و گوتی گەورەم مانگانە نزیكەی (700)حەوت سەد دۆلارێك وەردەگرم. بەرێوەبەرەكە بەبێ بیركردنەوە دەستی كرد بە گیرفانیدا (700)حەوت سەد دۆلاری خستە ناو دەستی گەنجەكە و گوتی ئەوە مووچەی ئەم مانگەت فەرموو لێرە بڕۆ دەرەوە و مەوەستە، كوڕە گەنجەكەش پارەكەی وەرگرتوو ڕاستەوخۆ لە كارگە چووە دەرەوە. دواتر بەرێوەبەرەكە بە چاوێكی هەڕەشە ئامێزەوە سەیری كارمەندەكانی تری كردو گوتی من پارە دەدەم بۆ ئەوەی كار بكەن، نەك بۆ ئەوەی بێكار لێرەدا بوەستن. ئیتر هەر یەكێك ببینم كار ناكات و دەوەستێ و خۆی دەدزێتەوە لە كاركردن وەك ئەو كوڕە گەنجە دەری دەكەم لە كارگە و ئیتر بێكار دەبێت. هەمیشە ئەوانەی كار ناكەن بەم شێوەیە دەردەكرێن. بەڵام هەستی كرد ئەو كارەی هەڵەیەكی تێدایە، چوونكە سەیر كردنی تەواوی كارمەندەكان بۆ ئەم هەڵوێستەی جۆرێكە و ئاسایی نەبوو. بۆیە دواتر كەمێك هێور بوویەوە و هاتەوە سەرخۆی و چووە نزیكی یەكێك لە كارمەندەكان و پرسی ئەرێ ئەو گەنجە ئیشی چ بوو كە ئێستا دەرم كرد. كارمەندەكە گوتی گەورەم ئەو كوڕە كاری لای ئێمە نەدەكرد. بانگمان كردبوو پیتزامان بۆ بهێنی و كارمەندی دلیڤەرییە و خواردن دەگەیەنێ. بەم جۆرە بەرێوەبەركە تێگەیشت كە (700) حەوت سەد دۆلاری تەنها بۆ چاو سوو٥یتركردنەوەیەكی لە كارمەندانی بە فیڕۆ داوە. ئەوچیرۆكە بۆمان ڕوون دەكاتەوە هەمیشە هەڵەشەیی و پەلەیی و هەڵوەستە نەكردن لە بڕیار و كارەكاندا پەشیمانی و شەرمەزاریی و كەوتن و زیانی تێدایە. كە هیچ سوود و قازانجی تێدا نییە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی