حەمەسەعید حەسەن
ئیشراقی زاتی خوا
بۆچی زەمینەی سەرهەڵدانی سۆفیگەری لە ئیسلامدا لەباربوو؟ (بە کاریگەریی کولتووری ئایینەکانی دیکە و بە زەبری پێوەندیی پەیامهێن بە خواوە، کە پێوەندییەکی سۆفییانە بوو.) سۆفیگەری سەرەتا بە زوهد و زیکر و ڕامان دەستی پێ کرد، هێدی هێدی بۆ بوارەیلی ئەدەبی، فیکری و فەلسەفییش پەڕییەوە. سۆفیگەری چەند زادەی خۆشەویستییە بۆ خوا، نزیکەی هێندەیش زادەی ترسە لە سزا. (خۆشویستنی خوا، شتێک نییە بتوانین بە کۆششی خۆمان فێری ببین، خوا خۆی دەیخاتە دڵمانەوە.) مەعرووفی کەرخی وا دەڵێت. (ئەوی بە ئەڤینی من مەست ببێت، تا پێم نەگات، هۆشیار نابێتەوە.) خوا خۆی وای بە کەرخی گوتووە.
(تەوحید پرسێکە لەوە دژوارترە، ئاوەز بتوانێت دەرکی پێ بکات، نهێنییەکە خوا هەر بۆ ئەوانەی ئاشکرا دەکات کە خۆی دەخوازێت.) تەوحید گەڕانەوەیە بۆ سەرەتا، بۆ پێش بوون، بۆ ئەو وەختەی هێشتا خوا، ئادەمی نەخوڵقاندبوو. بۆچی حەللاج دەیگوت: من هەقم؟ چونکە لە حاڵی وەجددا بوو، چونکە پێی وابوو لە خوادا تواوەتەوە، وەک چۆن کڵۆیەک شەکر لە زەریایەکدا دەتوێتەوە. عاشقی سۆفی کە بە وەجد سەرمەست دەبێت، ئیدی تا بە مەعشووق نەگات، هۆشیار نابێتەوە. وەجد کە فانیبوونی سۆفییە لە هەقدا، بەڵگەیە بۆ یەکێتیی بوون. میعراجی ڕۆح کە ئیبن ئەلفاریز بە شیعر دەری بڕیوە، گەڕانەوەیە بۆ (قالوا بلی) ئەو ئایەتەی سۆفییان، ئایەتی بەڵێننامەی پێ دەڵێن، بەڵێننامەی نێوان دوو لا، خوا لە لایەک و ئادەم و نەوەکانیشی لە لایەکەی تر، بەر لەوەی بیانخوڵقێنێت.
یەکێتیی بوون ئەوەیە، حەللاج دەیگوت: من هەقم، بەستامی دەیگوت: سبحانی و ئیبن ئەلفاریز دەیگوت: من ئەوم، بەڵام ئەوە ئیبن عەرەبی بوو، برەوی بەو تێزە دا. حەللاجیان بۆچی کوشت؟ بە پلەی یەکەم لەبەر ئەوەبوو، دەسەڵات لێی تۆقیبوو، چونکە شوێنکەوتووانی ئەوەندە زۆربوون، ترسیان خستبووە دڵی دەسەڵاتەوە و خەویان لێ زڕاندبوو. حەللاج چونکە لەسەر (هەق)بوو، بە ئازایەتییەکی بێوێنەوە پێشوازیی لە مەرگ کرد. (تاوان)ی حەللاج هەر ئەوە نەبوو کە گوتبووی من هەقم، تۆمەتی تریشی وەپاڵ درا، وەک ئەوەی سەر بە قەرمەتییەکان بووە، ئەوانەی داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان دەکرد و دوای مەرگی حەللاج هێرشیان کردە سەر مەککە و بەردە ڕەشەکەیان ڕفاند. حەللاج کوژرا و سووتێنرا و خۆڵەمێشەکەی درا بەدەم باوە و کرایە دیجلەوە، بەڵام بیری هێشتا زیندووە و ماوە. هەق: خوایە، ئادەم: خەلقە، خوا ئادەمی لەسەر شێوەی خۆی خوڵقاند و سیفەتەکانی خۆی پێ بەخشی، بۆیە حەللاج دەیگوت: من هەقم، عیسایش گوتبووی: ئەوی منی دیتبێت، خوای دیتوە.
تۆمەتێکی دیکە کە درایە پاڵ حەللاج ئەوەبوو کە بانگەشەی بۆ حولوول کردووە، کە عیسا دایهێنابوو. حولوول بەیەکبوونە، توانەوەیە لە خوادا. گوایە وەک چۆن (ئاوی ڕەوان تێکەڵ بە شەراب دەبێت،) حەللاج ئاوا خۆی لەنێو خوادا بزر کردووە، بۆیە گوتوویەتی: من هەقم. عیسایش خۆی بە کوڕی (خوا) دەزانی و دەیگوت: ئەوی منی بینیبێت، (باوک)ی بینیوە، ئەمەیش بە یەک بینینی لاهووت و ناسووتە و دەمانباتەوە بۆ یەکێتیی بوون. لاهووت تایبەتە بە زاتی خوا و ناسووتیش بە ئینسان، لای عیسا هەردووکیان یەکێک بوون، کە بەو مانایە دێت، خۆی هەر پەیامهێن نەبوو، خوایش بوو. ڕینۆڵد نیکۆڵسن دەڵێت: (بیرۆکەی فرەیی و جیاوازی لە یەکێکدا کە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە فیکری ئیسلامدا، حەللاج دایهێناوە.) خەلق: زۆر و جیاوازە، هەق: یەکێکە، هەرچەندە خەلق دیارە و هەق نادیار، بەڵام هەردووکیان یەکێکن، ئەوەیە یەکێتیی بوون.
حەللاج دەیگوت: (هەموو شتێک بە خواوە هەیە. ئەو نەبووایە هیچ نەدەبوو. بۆیە بوون: خۆیەتی. چونکە دوو ڕۆحین لە یەک بەدەندا، کە منت بینی، ئەوت دیتوە، کە ئەوت بینی، هەردووکمانت دیتوە.) ئەوانەی هەر توێکڵیان دەبینی، دەیانگوت: ئەوە کوفرە، خوا تێکەڵ بە مرۆڤ بکەیت، کەس لە خوا ناچێت، خوا نە لە زەمانێکدا گیر دەخوات، نە لە شوێنێکدا. ئیبن تەیمییە کە بە میری کافراندن ناوی زڕاوە، دەیگوت: (ئەوی ئەو قسانە پاتە بکاتەوە کە حەللاج لەسەریان کوژرا، کافر دەبێت.) شیعە پێیان وابوو: حەللاج بۆیە کۆژرا، چونکە وابەستەی ئەهلی بەیت بوو. شێخ بەدرەددینی کوڕی قازیی سیماونە، چونکە لە دژی سوڵتانی زاڵمی عوسمانی ڕاپەڕیبوو، لە کۆتاییی سەدەی پازدەیەمدا لە سێدارە درا، نازم حیکمەت (١٩٠٢ – ١٩٦٣) (داستان)ە شیعرێکی لەبارەیەوە نووسیوە.
عەبدولکەریم ئەلجیلی (١٣٦٦ – ١٤٢٤) دەڵێت: (خوا تەنیا بە سیفەت و ناوەکانیدا دەناسرێتەوە کە کرۆکێکە دوو ڕووکاری هەیە: ئەزەل و ئەبەد، دوو پێناسەیشی هەیە: هەق و خەلق. دوو سیفەتیشی هەیە: دێرینی و تازەیی. دوو ناویشی هەیە: ڕەب و عەبد. دوو ڕووخساریشی هەیە: دەرەکی کە ئەم دونیایە، ناوەکی کە ئەو دونیایە.) ئیبن عەرەبی (١١٦٥ – ١٢٤٠) یش کە نموونەی باڵای ئەلجیلی بووە، گوتوویەتی: بوونی ئێمە، بوونی ئەوە. لە هەق و خەلق، ئینسانی باڵا دێتە گۆڕێ کە پەیامهێن یان وەلییە. ئینسانی باڵا کە هەردوو لایەنەکەی حەقیقەتە، پردێکە لە نێوان هەق و خەلقدا.
سێیانەی باوک و کوڕ و ڕۆحی قودس، هەر یەکێکن، هەر سێکیان هەر خوان. وەک چۆن نەوەی ئینسان، ئینسانە، هەروایش نەوەی خوا، خوایە. ئەوە لێکدانەوەی کریستیانەکانە. بۆیە ئەو تەسلیسەی لای مەسیحی هەیە، هەر ئەو تەوحیدەیە کە لای موسوڵمان هەیە. عەبدولکەریم ئەلجیلی دەڵێت: سۆفی هەست بە سێ حاڵ دەکات: ئیشراقی ناوەکانی خوا، ئیشراقی سیفەتەکانی خوا و ئیشراقی زاتی خوا. لای کریستیان عیسا کوڕی خوایە، لای ئیسلام موحەممەد نووری خوایە و پێش خەلق هەبووە و خەلق لە خۆشەویستیی ئەو پەیدابووە. ڕینۆڵد نیکۆڵسن دەڵێت: (عەبدولکەریم ئەلجیلی بە کۆمەکی سێیانەی کریستیانیزم، پێناسەی تەوحیدی ئیسلامی کردووە.)