شێرکۆ حەبیب
لای هەموومان ئاشکرایە کەوا مانگی ئادار مانگێکی سەرەڕای یادە شیرین و خۆشەکانی چەندین یادی تاڵ و ناخۆشی تێدا وەک ماڵئاوایی باوکی رۆحی کورد جەنابی مستەفا بارزانیی نەمر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاکامی ڕێککەوتنە شوومەکەی ٦ی ئاداری ١٩٧٥ و دواتر کیمیا بارانی هەڵبجەی شەهید لە ١٦ ی مانگی ئادار، هەموو کوردێکی دڵسۆز چاوەروانی ئەوەی دەکرد کەوا پەرلەمانی عێراقی ئەو شارەی خاوەن پێنچ هەزار شەهیدە بەفەرمی بە پارێزگا ڕابگەیەنێت، بەڵام بە بڕیارێکی بێ سەروبەر دوور لە خواستی خەڵکی هەڵەبجەی شەهید بڕیاری پشووی سەرتاسەری درا، لەسەر چ بنەمایەک ئەو بریارە درا و هۆکاری چی بوو؟ ١٦ی ئادار تایبەتە بە هەڵەبجە و نەک هیچ شوێنێکی دیکە. خۆش بەختانە لە کوردستان نەکرایە پشوو چونکە لە پشووە فەرمییەکان نییە و ئومێدە وارین نەکرێت بە پشوو، بە پشووکردنی ئەو ڕۆژە بۆ ئەوەیە ئەو ڕۆژە یاد نەکرێتەوە کە هاووڵاتیانی کوردستان ساتێک بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە پێنچ خولەک بەبێ دەنگی و بەڕێزەوە ڕادەوەستن ئەگەر ئەو ڕاوەستانە هیچ بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە ناگەیەنێت بەڵام رۆحیان ئاسوودە دەکات و وەفاداریەک و لە یاد نەچوونی ئەو کارەساتە لە ویژدان و ناخی هەموو کوردێکی دڵسۆز، هەڵبەتە دەسەڵاتدارانی بەغدا نیازێکی دیکەیان لەم بڕیارە هەیە ئەویش لەبیر بردنەوەی ئەو یادەیە بە واتەی نەبوونی دەوامکردن و کردنی بە پشووی فەرمی وا دەکات لە هزری هاووڵاتیان نەمێنێ بەڵام ئەو دەسەڵاتدارانە ئەوە نازانن کە هەر تاوانێک دژ بە کوردستان ومیللەتەکەی ئەنجام دراوە مەحاڵە لە هزر و بیری هیچ کوردستانێکی دڵسۆز نەچسپا بێت، هەڵەبجە شایستەی زۆرترە تەنانەت بەکردنی بە پارێزگا و قەربوو کردنەوەی، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراقی کە دەبووایە لە ساڵی ٢٠٠٥ بایەخی بەهەڵەبجە بدابایە و کەسوکاری شەهیدانی قەربوو کردبایەوە هەروەک قەرەبووی کوێتی کرد، بەڵام لە بڕی ئەوانە دژایەتی کرد و بووجە و قوتی خەڵکی کوردستانی بڕی کە لە ناویان خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدە، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە هەندێ لایەنی کورد خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو بریارە دەربڕی وا دیارە ئاواتە خوازن ئەو یادە فەرامۆش بکریت، بەڵام ئەوە خەونی حوشترە.