كاركردنی ئافرەتان متمانە بەخۆبوون دروست دەكات

نیگار نەجات
متمانەبەخۆبوون، بریتیە لە حاڵەتێكی هەستیاری دەروونی كە ڕەنگ دەداتەوە لە گوفتارو هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی هەموو تاكێكدا، وە بریتیە لە كۆمەڵێك بیروڕا لای تاك كە گەشتۆتە پلەی توانەوەی لە ناخداو (قەناعە) ی لێ پێكهاتووەكە كەسەكە بەزمان دەریدەبڕێت و لە دڵدا دەچەسپێت و لاشە بەكردار نیشانی دەرەوەی دەدات. متمانە بەخۆبوون لەناخدا دروست دەكرێت (ئەگەر نەبوو) وە گەشەی پێدەكرێت و زیاد دەكرێت (ئەگەر لاوازبوو یان كەمبوو وە كەسەكە متمانەی بەخۆی كەم بوو) لەڕێگەی دۆزینەوەو سەرهەڵدانەوەی تواناو هێزە شاراوەكانی ناخ.
كاركردنی ئافرەت یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی كە ئافرەت سەربەخۆ دەكات، ئەوەش دەبێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە مافەكانی، پێشتر روانینی پیاو بەرامبەر بە كاركردنی ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمە روانینێكی خراپ بوو، چونكە پێیانوابوو سەربەخۆبوونی ئابووریی ئافرەت وادەكات لە پیاو هەڵگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا جێگەی دڵخۆشییە كە پیاوان روانینیان لە بەرامبەر بەوە باشتر بووە و دەرفەتی كار و چوونە دەرەوەی ئافرەت لە ماڵان بە باش دەزانن، ئەوەش پەیوەندی بە كرانەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی خۆمان بە رووی پێشكەوتنەكانی جیهان و كۆمەڵگەكانی دیكەوە هەیە، لەلایەكی دیكەش دابینكردنی داهات و ئابووریی خێزانی لەم سەردەمە سەخت بووە، زیادبوونی كەرەستەكانی ژیان و پێداویستیەكانیش وای كردووە پیاوان بە تەنها دەرەقەتی نەیەن، بۆیەش دەرفەتی كاركردن بە ژنان دەدەن و بە شتێكی ئاسایی و باشی دەبینن.