فەزیلە شۆرش
قێزەوەنترین رەفتار کە مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤێکی تر دەکات، سەندنی رۆحە، هیچ پاساوێک مایەی قبوولکردن نیە بۆ سەندنەوەی رۆحی مرۆڤێک لە لایەن مرۆڤێکی ترەوە، سەندنەوەی رۆح کارێکی زۆر نامرۆڤانەیە، هەموو پیرۆزیەکانی خێزان و کۆمەڵگە بەرەو روخان دەبات و هەستی نا ئارامی لە ناو ناخی تاک دەچەسپێنی. بێگومان خێزان دامەزراوەیەکی مرۆیی پیرۆزە، خۆشەویستی و رێزگرتن پایە گرنگەکانی ئەم دامەزراوەیە، کاتێک یەکێک لە ئەندامانی خێزان دەستدەکات بە شکاندنی پایەکان، دەرئەنجامەکەی روخانی خێزانەکە دەبێت، بە هۆکاری روخانی خێزانەکان تێکچوونی کۆمەڵگە دەستپێدەکات، بەداخەوە لە زۆربەی حالەتەکانیش ئافرەت قوربانی دەرئەنجامی شکانی پایەکانی خێزانە.
لە فەرهەنگی هەموو کۆمەڵگەیەک، ئافرەت بناغە دروست و بەهێزەکەی خێزانە، خێزانیش دامەزرێنەری کۆمەڵگەیە، بێشک کوشتنی ئافرەت، واتە تێکشکاندنی بناغەی کۆمەڵگە، لە راستیدا گەورەترین تاوانیشە بەرامبەر مرۆڤایەتی دەکرێت، ئەم کارە قێزەوەنە، کۆمەڵگە ناشرین دەکات و نزمی دەکات و دەیگەینێتە ئاستی نامرۆڤ بوون. ئەوەی جێگای سەرنجە، لە لایەن کەسانێک، ئافرەتبوون بوویتە کێشەیەکی گەورە، بەتایبەتی لە لایەن ئەو کەسانە کە تێگەیشتنێکی هەڵەیان هەیە لە رۆل و پێگەی ئافرەت، ئەم تێگەیشتنەشیان دەرئەنجامی پێنەگەیشتنی عەقلی بیرکردن و دوور بینی و بینینی پێشوەختەی دەرئەنجامەکان و، بەرجەستە نەبوونی کەسایەتیەکی ژیر و لە کاتی پێویستیش هێور نەبوونیانە. عەقل کە هێور بوو، ئارامی و خۆشەویستی دەبەخشێ، کاتێک مرۆڤ ئەمانەی دەستەبەرکرد، ژیانێکی خۆشبەختانەی
دەبێت، بەتایبەتی لە ژیانی خێزانی، بۆیە لە هەموو کات و ساتێک پێوستە خێزان ببێتە باوەشێک بۆ خۆشەوەیستی. ئەوەی جێگای نیگەرانیە لە هەندێک حالەتی کێشەی خێزانی، برینەکە هێندە قووڵە، خێزان دەباتە ئاقاری رۆژگارێکی تاریک و لێکەوتەکەشی پەرتەوازەی خێزان و نەخۆشی دەروونی و تراژیدیای ناخ هەژێنە، بۆیە گرنگە هەر کۆسپێک کە دێتە رێگای خێزان، گفتووگۆیەکی کراوە و عەقلانە لە سەر هۆکارە راستەقینەکانی کێشەکە بکرێت، دوور لە توندوو تیژی، بە راگرتنی هاوسەنگی هەست و ناخ و مێشک، دەتوانرێ باشترین چارە بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە، نەک چارەی کێشەکە بە هێزی دەست و بازوو بکرێت کە پەشیمانی بەدوایەوە دێ.
گومانی تێدا نیە تارادەیەک گۆرانکاری لە روانگە و تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ رۆل و پێگەی ئافرەت بەرەو پێش چووە، بەلام پێوویستە زیاتر باوەرمان بە رۆلی ئافرەت هەبێ لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانەی سەقامگیر، گرنگە باوەرمان بە بوونی ئافرەت وەک بربرەی پشتی خێزان وکۆمەڵگە زیاتر بێت، دەشبێ بزانین کرۆکی پێکەوە گرێدانی تاک بە خێزان و خێزانیش بە کۆمەڵگە، نەمانی ئاستەنگەکانی پێشکەوتن و پێشچوونی ئافرەتە.