شۆخ عەزیز
لەپڕۆژە یاسای کار لەهەرێمی کوردستان بەڕوونی ئاماژە بەوەکراوە کە کرێیەك بۆ کرێکار دەستەبەربکرێت کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی بکات
ئەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی گشتی لەهەرێمی کوردستان بژێوی ژیان لەسەنتەری پارێزگایەکی گەورەی وەك هەولێر و سلێمانی بەراورد بەشارێکی وەك هەڵەبجە و ناحیەیەکی سەر بەم شارە دەگۆڕێت، ئەگەر ئافرەتێك لەمۆڵ یان لە کافێیەك یان ڕێستۆرانتێکی سەنتەری پارێزگای سلێمانی کاربکات مانگانە 500-700 هەزار وەردەگرێت بەڵام ئەگەر لەسەنتەری شارێکی وەك هەڵەبجە کاربکات مانگانە تەنها 300-350 هەزار دینار وەردەگرێت هۆکارەکەیشی ئەوەیە تا ئێستا نەتوانراوە لەهەرێم بەیاسا کار بۆ ڕێکخستنەوەی کرێی کارکردن بکرێت
شاری هەڵەبجە بەراورد بە پارێزگاکانی تر دەرفەتی کەمتری تێدا ڕەخسێندراوە بۆ ئافرەتان، ئەمیش بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لەگەنجان و دەرچووانی دانەمەزراو کەبەشێکی زۆریان ئافرەتن لەبەرامبەردا نەبوونی هەلی دامەزراندن و کەمی کەرتی تایبەت، لەشارەکە بەجیاواز لەپارێزگاکانی تر، ئەکرێت بەهۆی شارەزایی و ئەزموونەوە ئافرەتێكی هەڵەبجە هەلی کاری لەماڵەکەی خۆیدا بۆخۆی ڕەخساندبێت، بەڵام نەبووەتە هۆکارێك تاتەواوی پێداویستیەکانی پڕبکاتەوەو ژیانێکی شایستە بژی
ئەوەی جێی دڵخۆشیە لەم ساڵانەی دوایدا چەند ڕێکخراوێکی نێو خۆیی و نێودەوڵەتی لەڕێی چالاکی هۆشیارکردنەوەو کردنەوەی خول و هاوکاری داراییەوە توانیویانە، ڕێژەیەکی باش دەرفەتی کار بۆ ئافرەتانی پارێزگای هەڵەبجە بڕەخسێنن..
هەلەبجە لەرووی ئازادی ڕادەربڕین: ئازادی ڕادەربڕین بۆ هەموو ئافرەتێك مافێکی سەرەتایی و شارستانیە دەتوانم بڵێم ئازادی بیروڕا خۆی بۆخۆی بەردی بناغەیە بۆ بەدیهێنان و پیادەکردنی سەرجەم ماف و ئازادییە کەسیەکان و لەڕێیەوە دەتوانێت گوزارشت لەحەقیقەت و ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی بکات.
ڕاستە مرۆڤەکان بەئازادی لەدایك بوون بەداخەوە ژیانی ئافرەتان لەهەڵەبجە بێ کێشەو گرفت نیە بەهۆی هەندێك نەریت و نۆرمی کۆمەڵایەتی بەشێك لەخێزانەکان ئازادی تەنها بۆ پیاو بەڕەوا دەبینن، و ئازادی ئافرەتیان سنوردارکردووە بەشێوەیەك لەسەرجەم مافە کەسیەکان ئافرەتیان بێبەشکردووە، بەتایبەت لەو خێزانانەی کە ئاستی هۆشیاری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەییان نزمە ئافرەت وەك مرۆڤی پلەدوو سەیر دەکرێن و هیچ ئازادیەکی پێ ڕەوا نابینن هەرچەندە بەراورد بە 20ساڵی ڕابردوو لەشاری هەڵەبجە بەشێوەیەك لەبەشێکی لەدامەزراوەو ناوەندەکانی شاردا ئافرەتان شان بەشانی پیاوان بەرپرسیارێتی باڵایان پێدراوە جگە لەبەرپرسی چەندین گرووپ و بنکەو ڕێکخراو ئافرەتانی هەڵەبجە لەبەڕێوەبەری گشتی و قائیمقامی شارەکەیاندا دەبیندرێن ئەمەیش بەس نیە پێویستە لەداهاتوودا حکومەت و ڕێکخراوەکان لەڕێی ئەنجامدانی کۆڕو سیمینارو چالاکی جۆراوجۆرەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوەو بەرەوپێشخستنی زیاتری ئافرەتانی هەڵەبجە بدەن.
بەشێوەیەکی گشتی لەکوردستان لەپارێزگای هەڵەبجە بەتایبەت سیستەمی پیاوسالاری پەیڕەو دەکرێت بۆیە هێندە متمانە بەپیاوان دەکرێت و بەرپرسیارێتی باڵایان پێدەدرێت هێندە متمانە بە ئافرەت ناکرێت ئەگەر بەرپرسیارێتیەکیش بە ئافرەتان بدرێت تەنها بۆ پڕکردنەوەی پۆست و پێگە حیزبیەکانە ئەگەر بیانەوێت لەهەر ڕویەکەوە چاکسازی بکەن بەدەیان شێوە ڕێگریان لێدەکەن
بۆیە زۆربەی ئەو بەرپرسیارێتیە سیاسیانەی ئافرەتان وەریان گرتووە بەشێوەیەکی ڕووکەش و بێ کاریگەر دەردەکەون ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەلومەرجە سیاسیەی کە لە کوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بەتایبەت پیادە دەکرێت.
ئەتوانین بڵێین زۆرێك لەو ئافرەتانەی کە بەرپرسیارێتیان هەیە لەپارێزگای هەڵەبجە وەك دیکۆر و ئێکسوار بەکاردەبرێن، خۆیان لەهەمووکەس باشتر دەزانن کە لەبڕیارە گرنگەکاندا هیچ پرس و ڕاوێژێکیان پێناکرێت،
ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت بڵێین ئافرەتانی شارەکەم بێ تواناو کەم ئەزموونن لەسیاسەتی بەڕێوەبردندا بەپێچەوانەوە لەتوانایاندایە ببنە سەرۆك حیزب و سەرۆك کۆمارو سەرۆك وەزیرانیش بەڵام لەکەش و هەوایەکی تەندروستی سیاسیدا نەك لەو سیاسەتەی کە لەکوردستاندا پەیڕەو دەکرێت.
ئافرەت لەبنەڕەتدا بونەوەرێکی بەهێزە بەمەرجێك خۆی بەبێ هێز نیشان نەدات، بۆیە ئەگەر ئافرەت بیەوێت ئامانجەکانی بەدەستبێهێنێت پێویستە بوێر بێت و بڕواو متمانەی بە بەهرەو تواناکانی خۆی هەبێت
زۆر گرنگە ئافرەتانمان خاوەن باوەڕ و پێگەیشتوو پێگەیشتووبن بن تا بتوانن لەهەموو بوارەکان ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو بگێڕن، پێویستە ساڵانە ئافرەتان هەستن بە ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر و هۆشیاری کۆمەڵایەتی تەندروستی سیاسی و نەهێشتنی توندوتیژی لەقۆناغی سەرەتای خوێندن تا قۆناغی زانکۆ کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ئافرەتانی کوردستان بەگشتی و ئافرەتانی پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەت بکەن.