دەرفەتی زێڕین بۆ سەربەخۆیی كوردستان

مەشخەڵ كەوڵۆسی
ئێستا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوە. ئەمەش ئەو ڕستە سیحراوییەیە كە هەمووان لەبەردەمیدا ڕاوەستاون. ئەو هەقیقەتەیە، كە بۆ هەندێك بەڵاو بۆ هەندێكی دیكەش نیعمەتە.
گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسادەترین واتایدا، ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم نەخشەیەی ئێستا هەیە و، بەبڕیاری سایكس – بیكۆ ڕەنگڕێژكراوە، چیتر ناتوانێت ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئاتاجی ئەمنی زلهێزەكان مسۆگەر بكات. لەپەنای ئەم نەخشەیەدا، بەهیچ شێوەیەك زلهێزەكان ناتوانن دڵنیاببن لەوەی بەرژەوەندییەكانیان پارێزراوە.
شكستی نەخشەكەی سایكس بیكۆ، دەرفەتی سەدەیە بۆ نەتەوەی كورد. پێویستە ئەم دەرفەتە زۆر بەجیدی و بەئەقڵێكی پراگماتیكی و دیپلۆماسیەتێكی پیشەیی و، توانایەكی مرۆیی گەورە و، یەكڕیزییەكی بێ وێنەی ڕاستەقینە، بەڕاوێژ لەگەڵ دۆستەكان و سەرمایەگوزاری زەبەلاح بۆ كۆمپانیا گەورەكانی ڕۆژئاوا، لەلایەن كوردەوە پێشوازی لێ بكرێت.
ئەم بابەتە هینی ئەوە نیە پشتگوێ بخرێت، یاخود بێخەم بین بەرانبەری. ئێمە قەدەرەكەمان وایە لەناو ئەو ڕووداوانەدا دەژین كە دواتر بۆ چەندین سەدە دەبنە مێژوو. چركە بەچركەی ئەم ڕۆژانەی بەسەرماندا تێدەپەڕن، دەبنە جومگەیەكی مێژوویی و لەئایندەدا نەوەكانی داهاتوو دەیان خوێنن.
لێرەدا بۆ ڕوونكردنەوەی وێنەكە و، دەرخستنی ڕادەی جیدیەتی گۆڕانكارییەكان ئەم نمونەیە بەپێویست دەزانم: شیعەكان عێراق لەدوای نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە، بەردەوام دەستوریان پێشێلكردووەو، هەمیشە لەهەوڵدابوون بۆ دروستكردنی عێراقێكی مەركەزی. ئەوە ستراتیژی شیعەكانی عێراقە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامییە لەدوای ڕووخانی ئەسەد و بەتایبەتی لەگەڕی دووەمی هێرشەكانی سەر غەزەدا، وا خەریكە دروستكردنی هەرێمی شیعە لەباشوری عێراق دەكەنە ڕاستی و، تەنانەت ئاڵا و لۆگۆی هەرێمەكەیشیان بڵاوكردەوە.
ئەم نمونەیە زۆر بەڕوونی پێمان دەلێن: شیعەكان تێگەیشتوون نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت و، دەیانەوێت بەقەوارەی سەربەخۆی خۆیان بەناوی شیعەوە، جێگەی خۆیان دیاری بكەن. تەنانەت ئەگەر بێ ئاویش بن، وەك ئەوەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش هەڕەشەی لێكردن و گوتی: هەرێمی شیعە بێ ئاوی خواردنەوە دەبێت، چونكە ئاوی دیجلە و فورات لەلای ئێمەوە دەچێتە ناوچە شیعییەكان! مەشهەدانی ئەوەی لەبیری خۆی بردەوە، كە ئاوی دیجلەو فورات لەكوردستانەوە هەلدەقوڵێت و، ئەگەر هەرێمی شیعە بێ ئاوی خواردنەوە بێت و لەبەر ئەوەی دیجلە و فورات بە ناوچە سونییەكاندا تێدەپەڕن، هەڕەشەی ئاو بكات لە هەرێمی شیعە. ئەوا دەبێ ئەوەی لەبیر بێت، كە چارەنوسی هەرێمی سوننەش لەدەستی مەرحەمەتی كورددایە، چونكە سەرچاوەكانی دیجلە و فورات، لەكوردستاندان. بەم پێیە كارتی هەرە بەهێز و كاریگەر لەدەستی كورددایە نەك سوننە.
جدیەتی گۆڕینی نەخشەكە بەڕادەیەكە، شیعە مەركەزیخوازەكانیش، لەخەمی عێراقێكی مەركەزییەوە، دابەزیون بۆ هەرێمێكی شیعە لەباشوری ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە.
ئەم دەرفەت زێڕینە و هەرە كاریگەر و ڕاستەقینەی ماوەی سەد ساڵی ڕابردووە. نابێ هیچ چركەیەكی ئەم ماوەیە بەفیڕۆ بدەین. پێویستە سەرجەم هێز و توانا و پەیوەندی و لینكەكانمان بەكاربهێنین بۆ ئەوەی دەرفەتی سەربەخۆیی كوردستان ئەمجارە لەدەست نەچێت و، بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكەینەوە، كە ناوچەكە بەبێ دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كورد، بەهیچ شێوەیەك ئۆقرەیی نابینێت و بەرژەوەندییە گەورەكانی زلهێزەكان مسۆگەر نابێت.