کورد و سیستمی پەروەردە

عەمەر ئەرگوشی
هەندێک شت لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدەن، کە پێچەوانەی ئەو پەروەردە و دابونەریتانەن کە کۆمەڵگاکەمان لێی دەقی لەسەر گرتووە و پێیەوە پابەندە. ئەو ئیرهابە فکرییە و ئەو توندوتیژییەی خێزانی و هەموو ئەو چەقۆکێشی و چەک بەکارهێنانە لە دژی یەکتر، لە کولتووری نەتەوەیی کوردی دوورن و زادەی نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستن لەناو کۆمەڵگا. کوردستان کێشەی گەورەی هەیە لە ڕووی پەروەردەییەوە کە کۆپیکراوی هی عەرەبییە، سەرەڕای ئەوەش ئەوەی هەیە و بەسوودیشە بەس بەناو هەیە و گرنگی پێنادرێت. دەبێت پەروەردەی مرۆیی و نیشتمانی لە قوتابخانەکاندا زیاتر گرنگی پێبدرێت. پەروەردەی وەرزشی و پەروەردەی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن، گرنگی پێبدرێت، مخابن لە ناوەندەکانی چاکسازیشدا کەموکورتی یەکجار زۆرن. لە بەرامبەر ئەمەشدا هاووڵاتییان لەژێر گوشاری دەروونی بەهێزدان کە ئەنجامی ئەو هەموو شەڕ و ماڵوێرانیانەن کە بەسەر گەلەکەمان هاتوون، بۆیە پێویستە یان هەرچی نادادپەروەری و گەندەڵی و بێسەروبەرییەی کە کۆمەڵگا تێی کەوتووە بنەبڕبكرێت. هەموو دەزانین دۆخەکە گونجاو و لەبار نییە بۆ پێگەیاندنی تاکی تەندروست و دڵخواز بە کۆمەڵگا.
حەقە دەزگا پەیوەندارەكان ئەو خەمەی پاش ڕوودانی کارەساتەکان لە کێشەکەی دەخوات، ئەوا پێش سەرهەڵدان و ڕوودانی کارەساتەکان خەمێکی یەکجار لەو پاڵنەرانە بخوات کە ئەگەری زیادبوونی توندوتیژی و زەبر و زەنگ و جەستە وردکردنن.
ئەوەندە دەزانم لە سیستمی پەروەردەیی یابان بەرنامەیەکی پەروەردەییان هەیە پێی دەوترێت (پەروەردە پێش لەدایکبوون)، واتە پەروەردەکردنی کۆرپە لەناو زگی دایکی، ئەویش بەوەی کە ئەو مەرجانە دەبێت لە شوێنی ژیان و کارکردنیدا گونجاو و تەندروست بن کە بتوانن لە ڕێگەی دایکییەوە پەروەردەی تەندروست بۆ کۆرپەکەی دابین بکەن. لە هەمان ئەو یابانەدا هەموو بەیانییەک سەرتاسەری یابان بۆ ماوەی یەک سەعات لە ژێر پێی قوتابیانی یاباندا دەهەژێت لە کاتی پەروەردەی وەرزشی. ناڵێین جارێ با کوردستان وەک ئەوەی یابان پەروەردەی کۆرپە بکات هێشتا لە زگی دایکیدا، بەڵام بەڕاستی دەبێت خەمێکی گەورە لە سیستەمی پەروەردەیی بخۆین بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست بخەینە خزمەت کۆمەڵگا.
ئەو ڕووداوانەی کە لە ئەنجامی توندوتیژیدا لە کوردستان هەن بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕێکی سیستمی پەروەردە. بۆ نموونە ئەو پزیشکەی کە بەم دواییە خێزانێکی لەناو برد، خۆ ئەم دکتۆرە زۆر شت فێربووە، چونکە ئەگەر فێرەدەرس نەبووایە نمرەی پزیشکی نەدەهێنا، بەڵام فێرە پەروەردە نەبووە، بۆخۆی دڕندەیەکی بێ پەروەردەی زانا بووە. دەبێت ئەوەش بزانین کە لە هەموو نووسراوەکانی حکوومەت ناوی پەروەردە پێش فێربوون دەکەوێت، واتە پەروەردە لە خوێندەواری و فێربوون گرنگترە، تەنانەت ناوی وەزارەتەکەش (پەروەردە و فێرکردن) ـە، واتە ئێمە هەموومان دەبێت خەم لە پەروەردەکردنی خۆمان و دەوروبەرمان و کۆمەڵگای خۆمان بخۆین. پەروەردە وەک خۆراکە، بەڵام جیاوازییەکیان هەیە، بە خۆراک دەتوانی درێژە بە ژیان بدەی، بەڵام بە پەروەردە دەتوانی ئەو ژیانە بەختەوەر بکەیت کە درێژەی هەیە.