عومەر چنگیانی
بەشی سێیەم و كۆتایی:
هەروەها لە هەژدەهەمین ئایەتی سوورەتی “حەج”دا دەفەرمێت:
“ئایا ئێوە ئەوە دەبینن، كە ئاسمانەكان و چیش لە زەویدا هەیە، كڕنۆش دەبەن بۆ خوای گەورە و هەروەها خۆر و مانگ و ئەستێرە و كەژ و دارودرەخت و ئاژەڵ و گیانلەبەرەكانیش، هەروەها زۆرێكیش لە مرۆڤەكان، بەڵام زۆرێكی وا هەن، كە سزای خوایان پێ شایانە و هەست بە خۆیان ناكەن، كەسێكیش، كە خوای گەورە بێبەهای بكات، كەس ناتوانێت رێزی بۆ دابنێت، خوای گەورە ویستیاری چی بێت ویستی خۆی جێبەجێ دەكات”.
ئیتر لەم تێڕوانین و چاوەڕوانیكردنەی هەڵاتنی مانگە، لە ئاسمان و ئەم چەرخ و گەڕ و سووڕانە، مسوڵمانان هەرهەموویان تیایدا، یەكسانن و جیاوازیەك نییە لە نێوان عەرەب و كەسانی دی و زەنگین و هەژار و بەدەسەڵات و بێدەسەڵاتدا، كێ زۆر گەورەیە و كێش زۆر بچووكە هەر وەك یەك، ئەگەر لە یەك شوێندا بن كاتی بەربانگیان دێت و وەك یەك كاتی پارشێو و بانگی بەیانییشیان لێ دێت.
دووەم/ پارێزران لە تاوان و گوناه:
وەك دەزانین خوای گەورە ئەم مانگەی تایبەت كردووە بە ڕۆژگەوە و ڕۆژوویش مەتاڵ و قەڵغانی بڕوادارە و دەیپارێزێت لە نزیكبوونەوە لە تاوان و، بێجگە لە ڕۆژوو نەبێت، هەرهەموو ئاكار و كردەوەیەكی بڕوادار بۆ خۆیەتی.
سێهەم/ هەڵسەنگاندن و خۆڕاستكردنەوە: وەك دەقەكان باسمان بۆ دەكەن لەم مانگەدا، خوای گەورە لایەنەكانی لە ئێمە نادیار، كە پێیان دەڵێین: (شەیاتینی) جڵەو دەكرێن و بڕوادار دەدرێتە دەست خۆی، داخۆ تا چەند ئەو دەتوانێت بەسەرخۆیدا زاڵ ببێت و سەرپشك دەكرێت و فریودانی لاوەكی كەم دەبێتەوە بۆ خراپەكردن؛ قورئان لە پەنجاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی “یوسف”دا دەفەرمێت: “بە راستی دەروون و نەفسی مرۆڤ زۆر فەرمانی پێ دەدات بە خراپەكردن، مەگەر كەسێك نەبێت، كە خوای گەورە وەبەر میهرەبانی خۆیی خستبێت، بە راستی خوای ئێمە زۆر لێخۆشبووگ و بەبەزەیی و میهرەبانە”. كە لێرەوە مرۆڤی بڕوادار بۆی دەردەكەوێت، مادام شەیاتینیەكان جڵەو كرابێتن و لەغاوکرابێتە دەمیان، تێدەگات ئەوان چییان لێی ویستووە و ئارەزوویشی، چی دەوێت لێی، بۆی روون دەبێتەوە، كە (دەردەكە) لە كوێدایە و هەرخۆی لە خۆیدا زانینی دەرد، رێگەیەكە بۆ دۆزینەوەی دەرمان.
چوارەم/ پاسەوانیكردنی لاشە، لە تێهاتن و لێچوونەدەر:
لە ئەنجامی وابەستەبوونی بڕوادار، بەڕۆژووگرتنەوە، وای لێ دێت، زۆر بە وردی چاوەدێری ئەو شتانە بێت، كە دەچنە نێو لاشەی و ئەو شتانەیش، كە لێی دێتە دەر، تەنانەت بە شێوەیەكی وای لێ دێت، ئەگەر بە لەبیرچوونیش هەڵەی وا بكات، سەرباری ئەوەی لە ناخەوە پێی ناخۆش دەبێ، دەكەوێتە پرسیاركردن، داخۆ ڕۆژووەكەی چی لێ بەسەر هاتووە و دەبێ لە ڕووی شەرعەوە حوكمی ئەو كارەی چۆن بێت؟.
پێنجەم/ بەهێزكردنی رەوشتی چاوەدێری:
چاوەدێریكردن، كە قۆناغێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بڕوادری، بەهۆی ڕۆژووەوە زۆر پتەو دەبێت، چونكە ئەوە بوو كە پەروەردگار لە حەوتەم ئایەتی سوورەتی “موجادیلە”دا دەفەرمێت:
“ئەرێ تۆ نابینی، كە خوای گەورە لە هەمووشت شارەزایە و ئاگای لەوە هەیە، كە لە ئاسمانەكاندا هەیە و ئەوەیش كە لە زەویدایە، نازانی كە خوای گەورە ئاگاداری ئەوە هەیە، هیچ سێ كەسێك نین، كە لەگەڵ یەكدیدا پسكەپسك و چرپەیان بێت، كە خوای گەورە، چوارەمیان نەبێت؟ هیچ پێنج كەسێك نین، كە پێكەوە قسە بكەن و خوای گەورە شەشەمیان نەبێت؟ لەو ژمارانەیش خوارتر، یان زۆرتر نییە، كە خوایان لەگەڵ نەبێت، لە دواییدا خوای گەورە هەموو ئاكارێكیانیان بە روودا دەداتەوە، چونكە خوای گەورە ئاگادارە لە هەموو كردەوەیەكتان”.
شەشەم/ ڕۆژوو قوتابخانەی بەهێزكردنی ڕەوشتی ئارامییە.
حەفتەم/ بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.
هەشتەم/ گەشەكردنی رێزگرتن لە كات لە نێوناخی بڕواداردا.
نۆیەم/ كۆبوونەوە لە دەوری قورئان.
دەیەم/ كاتی گیرابوونی پاڕانەوە.
یازدەهەم/ زیندووكردنەوەی سوننەتی “ئیعتیكاف”.
دوازدەهەم/ خۆڕاهێنان لەسەر بەخشش.
سێزەدەهەم/ دەربڕینی خۆشیی كۆتایی.