بڕیاردان شتێکە و جێبەجێکردن شتێکیترە

بەكر كەریم حەسەن*
(جۆرج ئەویر ) بازرگانی ئەمریكی دەڵێ “پێویستە دەستبەرداری ترسەكانت بی بۆ بەدەست هێنانی هەر شتێك “.
گومانی تێدانییە لە ژیانی هەر مرۆڤێك كۆمەڵێ ئاوات و خۆزگە هەن هیوایان بۆ دەخوازێی بەدەستیان بهێنێت، زۆر جاران بۆ بەدەستهێنان و گەیشتن بە ئاوات و خۆزگەكان پلان و بڕیاردان و بوێری و ماندووبوون و ئازایەتی و جێبەجێ كردنی پێویستە، نەك هەر تەنها بیركردنەوە و دەستەوەستان و دانیشتن كەچی چاوت لە سەر ئاواتەكان بێت تەنها بۆی خەیاڵ بكەی، پێویستە هەوڵ بدەی بڕیار بدەی و لە هەمان كاتدا ئیرادەی گەیشتن و هەوڵدانت هەبێ. بۆیە لە بیرمان نەچێ لەو ڕۆژەی مرۆڤ بوونی هەیە و قۆناغەكانی ژیانی بڕیوە لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكان پێویستی و پێداویستی ژیانكردن بە سەر بەرزی و ئازایەتی و مانەوە و خۆ بەدەستەوە نەدان و دەستبەردارنەبوون لە خەون و خۆزگەكان مرۆڤی ئازا و پشوو درێژ و خاوەن بڕیار و چاونەترسی دەوێ كە گوفتار و كرداری یەك بێت كە قسەی كرد بزانن كرداری لە دوایە، هەمیشە پاشەڕۆژ ڕوون و دیار بۆ ئەوانەیە كە دوایی هەر خۆزگە و خەونێكیان بڕیاردان هەیە و هەر بڕیاردانێكیش هەوڵ و ماندوو بوون و ئیرادەی پێویستە لە دوای ئەوانەش كرداری سەر زەوی پێویستە. بێگومان ئەنجام ئەوەیە كە كرایە، نەك بڕیار بدرێ بۆ كردن، بەڵكو كارەكە كرا جێبەجێ كرا. هەمیشە كەسانی خاوەن كردار جێگای متمانە و دڵنیایی و كۆمەڵگان بە گشتی.
دەگێڕنەوە” لە یەكێك لە زانكۆكان جارێكیان دکتۆرێك پرسیاری لە قوتابیەكانی كرد، ئەگەر هاتوو چوار چۆلەكە لە سەر دارێك بوون (3)چۆلەكەیان بڕیاریاندا بفڕن ئایا چەند چۆلەكە لە سەر دارەكە دەمێننەوە؟ هەموویان گووتیان بێگومان (1) چۆلەكە دەمێنێتەوە. لە ناكاو قوتابیەك ڕای جیاواز بوو لە نێوانیان و گوتی نەخێر مامۆستا(4)چوار چۆلەكە دەمێننەوە لە سەر دارەكە. قوتابیەكانی تر سەریان سورما لەو كاتەدا دکتۆرەکە گوتی چۆن؟ قوتابیەكە گوتی دكتۆر جەنابت گوتت (بڕیاریاندا) نەتگوت(فڕین) لێرەدا بڕیاریاندا و بەڵام جێبەجێیان نەكردیە واتە گوتت(بڕیاریاندا) واتە هێشتا نەفڕیون،بۆیە هەر (4) چۆلەكەكە هێشتا لە سەر دارەكەماون، دکتۆرەکە گوتی” ئافەرین وەڵامەكەت دروستە. جیاوازی هەیە لە نێوان بڕیاردان و جێبەجێ كردن، هەموو بڕیاردانێك جێبەجێ كردن نییە. ئەو چیرۆكە كورتكراوە ونموونەی چەندەها كەسمان نیشان دەدات كە لە ژیانی ڕۆژانەیان لە دانیشتن و كۆڕ و مەجیلس و كۆبوونەوەكان قسەی باق و بریق و ڕەونەقدار و كۆمەڵێ بەڵێن و دروشمی زرینگدار دەڵێنەوە خۆیان كردۆتە ئەستێرەی دانیشتنەكان لە نێوان دۆست و هاوڕێیەكانیان، بەڵام لە ژیانی ڕاستی ڕۆژانەیان وانین و، بەڵكو پێچەوانەنن زۆر قسە دەكەن كەم جێبەجێ دەكەن، یانیش دەبینن قسەكەر زۆرن كردار جێبەجێكەر كەمن. لە بیرمان نەچێت(بڕیار)شتێكە و (جێبەجێكردن) شتێكی ترە.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی