ژن لە ژیانی ئیبن عەرەبیدا

فەرهاد شاكەلی
یەکێک لە بابەتە هەرە سەرنجڕاکێشەکان، کە ئیبن عەرەبی ژیانی خۆی وێنا دەکات، پێوەندیی وییە لەگەڵ ژندا، سۆفی، خوێندکار، دەستگیران، هاوسەر یا منداڵەکانی خۆی. لە نووسینەکانیدا ناوی گەلێک ژن تۆمار دەکات و زۆر لایەنی ژیان و کەسایەتییان وەسف دەکات. ئیبن عەرەبی، لە سەرەتای ئاشنابوونی لەگەڵ تەریقەتدا، ئیلهامی لە زۆر مامۆستا و ڕێبەر وەرگرتووە و لەناو ئەمانەدا سۆفیی ژنیش هەبوون. ئاوستین (1971: 25) ئاماژە دەکات “لەناو ئەو شێخ و مامۆستایانەدا کە دەرسیان بە ئیبن عەرەبی وتووە و کاریان تێ کردووە […] دوویان بە شێوەیەکی تایبەت سەرنج ڕادەکێشن، چونکە ژن بوون. هەردوویان لە تەمەنێکی گەورەدا بوون کە ئەو ناسینی.” یەکەمیان شەمسی دایکی هەژاران بوو (شمس ام الفقراء)، کە وەک یاسمینەیش دەناسرا، کە لە مەرچانەی زەیتوون، ساڵی ٥٨٦/١١٩٠، چاوی پێ کەوت لە ئەندەلوس. ئیبن عەرەبی دەیگێڕێتەوە، دەڵێ ئەو ژنە دەستەڵاتی ئەوەی هەبوو بیری کەسانی دیکە بێنێتە زمان (بخوێنێتەوە)، ئەو نهێنانەی ئاشکرای دەکردن ڕاست بوون و بە چاوی خۆی بینیویەتی زۆر شتی سەیری پێشان داوە.
ژنە سۆفییەکەی دیکە نوونە فاتیمەی کچی ئیبن ئەلموسەننا بوو. ئیبن عەرەبی ئەوی لە سێڤیل (ئیشبیلیە) بینی. ئەو نەک تەنیا باسی خۆتەرخانکردنی نوونە بۆ خودا و تایبەتمەندییە ڕۆحییەکانی دەکات، بەڵکە وەسفی ڕوواڵەتی فیزیکییشی دەکات، “کە من چاوم پێ کەوت، ئەو لە نەوەدەکانی تەمەنیدا بوو، تەنیا ئەو پرزۆڵانەی دەخواردن کە خەڵک لە بەردەرگاکانیاندا بە جێیان دەهێشتن. ئەگەرچی ئەوەندە پیر بوو، ئەوەندەیش کەمی دەخوارد، من شەرمم دەکرد تەماشای ڕوومەتی بکەم کاتێک لە تەکیدا دادەنیشتم؛ هێندە گوڵڕەنگ و گەشاوە بوو” (سپ).
ئیبن عەرەبی دوو ساڵ خزمەتی ئەم ژنەی کرد (جهانگیری، ١٩٩٧: ٣٦) و “لە لق و چڵی دارخورما زنجێکی بۆی دروست کرد، تا خواپەرستیی خۆی تێدا ئەنجام بدات.” (Austin، 1971: 145). ئیبن عەرەبی ئاماژە بەوەیش دەکات کە بە چاوی خۆی بینیویەتی کە پەرجوو (معجزە)ی جۆراوجۆری نیشان داوە.
لەوەیش زیاتر، ئیبن عەرەبی لەبارەی دوو ژنی دیکەی سۆفییەوە نووسیویەتی؛ کچێکی کەنیزەک (کارەکەر)ی قاسم ئەلدەولە، کە لە نزیکی مەککە دەژیا و “خۆی تەرخان کردبوو بۆ بیرکردنەوە و وردبوونەوە لە گەورەیی و شکۆی خودا، هیچ نرخێکی بۆ خۆی دانەدەنا.” (ibid: 154). ئەوی دیکەیان زەینەب ئەلقەلعییە [زینب القلعیە] بوو، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی سێڤیللەی ئەندەلوس بوو. ئیبن عەرەبی دەڵێ، “ئەگەرچی ئەو هەم زۆر جوان بوو، هەمیش دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بوو، بەڵام بە ئارەزووی خۆی دنیای واز لێ هێنا و ڕۆیشت و لە ناوچەی مەککە ژیا، ژنێک بوو خوا گەورەییی پێ بەخشیبوو.” (سپ).
لەناو شاگردە خوێندکارەکانی ئیبن عەرەبیدا زۆر ژن هەبوون کە پێبەستی ڕێ و شوێنی تەسەووف بوون و زانستە ئایینییەکان فێر دەبوون و هەر ئیبن عەرەبی خۆی پۆشاک [خرقە]ی پێ بەخشیبوون، وەک نیشانەی تەواوکردنی خوێندنەکەیان. ئەو ناوانەی لە نووسینەکانیدا تۆمار کراون ئوم موحەممەد، دونیا، بینت (کچی) زەکەرییا ئەلدین، زەینەب، زوموڕڕود، سیت ئەلعابیدین، سیت ئەلعەیش، سوفرا، شەرەف، سەفییە، فاتیمە، بەدر و جەمیلە بەرچاو دەکەون. دوو لەم شاگردە ژنانە، دونیا و سوفرا، کچی خۆی بوون (Al-Ġurāb، 1983: 26-28; Jahangiri، 1997: 76).
لە بەشێکی زۆری نووسینەکانیدا، ئیبن عەرەبی جێگەیەکی فراوان تەرخان دەکات بۆ بابەتی ژن و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە کاری لەسەر دەکات، ئەگەرچی وەک ئاکارێک پێی باشە بیرەکانی خۆی بە ڕووبەندی زاراوە و چەمکی فەلسەفی دابپۆشێت. لە دوایین پاژی [فصوص الحکم]دا ئاماژە بە موحەممەدی پەیامبەر دەکات کە بۆچی ژنی خۆش ویستووە (Ibn al-Arabī، 1980: 272-275; Affīfī، n.d.: 214-217)،:
لەبارەی خۆشەویستییەوە، کە سەرچاوەی هەموو هەبوویەکە، فەرموویەتی، ‘سێ شت لەم دنیایەی ئێوەدا لای من خۆشەویست کراون،’ بە هۆی ئەو سێ لایەنییەی کە تێیدایە. ئەوجا ناوی ژن و عەتری هێنا و ئەوەیشی خستە سەر کە دڵارامیی خۆی لە نوێژدا دەبینێتەوە.
[…] ئەوجا خودا هەبوویەکی لە ئەوەوە دەرهێنا کە هەر لە شێوەی خۆی بوو، پێی گوترا ژن، لەبەر ئەوەی ژن، شێوەی هەر لە پیاو دەچێت، پیاو هەست بە تاسەیەکی قووڵ دەکات بۆ ژن، وەک چۆن شتێک تاسەی خۆی دەکات، بەڵام ژن هەست بە تاسەیەک دەکات بۆ پیاو، وەک چۆن کەسێک تاسەی ئەو شوێنە دەکات کە خۆی سەر بە ئەوێیە. ئا بەو جۆرە ژنی لا خۆشەویست کراوە، چونکە خودا ئەوەی خۆش دەوێت کە لەسەر شێوەی خۆی دروستی کردووە و کارێکی وای کرد فریشتەکانی کڕنووشی بۆ ببەن، ئەگەرچی ئەوان هێز و دەستەڵاتێکی زۆر و پلە و پایە و سروشتێکی بەرزیان هەبوو. لەوەیشەوە ئەو نزیکییە [لەنێوان خودا و مرۆڤدا] دروست بوو، شێوەی [یەزدانییش] مەزنترین، باڵاترین و تەواوترین [نموونەی] نزیکییە. هۆی ئەمەیش ئەوەیە کە پێکەوە بەستراون. بەو جۆرە ئێمە سێیینەی خودا، پیاو و ژنمان هەیە، پیاو تاسەی خوداوەندی خۆی دەکات دەکات کە سەرچاوەی وییە، هەروەک ژنیش تاسەی پیاو دەکات. خوداوەندی ئەو ژنی لای وی خۆشەویست کرد، ڕێک وەک چۆن خودا ئەوەی خۆش دەوێت کە شێوەی لەو دەچێت. خۆشەویستی تەنیا بۆ ئەوە پەیدا دەبێت کە هەبوونی کەسەکە لەودایە، بۆیە مرۆڤ ئەوەی خۆش دەوێت کە هەبوونی خۆی لەوە وەرگرتووە، کە ڕاستییە، هەر لەبەر ئەوەیشە کە دەڵێ، ‘لام خۆشەویست کراون،’ و ڕاستەوخۆ ناڵێ ‘خۆشم دەوێ’. خۆشەویستیی ئەم بۆ خوداوەندەکەیەتی کە ئەم لەسەر شیوەی ئەوە، ئەمە بۆ خۆشەویستیی ئەمیش بۆ ژنی خۆی هەر وایە، چونکە ئەم ئەوی لە ڕێگەی خۆشەویستیی خوداوە بۆ خۆی خۆش دەوێت، کە بە شێوەی یەزدانییە.
[…] کاتێک پیاو بیر لە ڕاستەقانی لە ژندا دەکاتەوە وای دەبینێت کە لایەنێکی ناکارایە، بەڵام کاتێک لە خۆیدا بیری لێ دەکاتەوە، وەک ئەوەی کە ژن لەوەوە ئاشکرا بووە (دەرکەوتووە)، وەک لایەنێکی کارا دەیبینێت. هەرچۆنێک بێت، کاتێک بیر لە ڕاستەقانی لەناو خۆیدا دەکاتەوە، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات چی لەوەوە دەرکەوتووە و ئاشکرا بووە، وای دەبینێت کە ڕاستەوخۆ بۆ خۆی ناکارایە. هەرچۆنێک بێت، وردبوونەوە و بیرکردنەوەی لە ڕاستەقانی لە ژندا هەرە تەواو و ڕێکوپێکترینە، چونکە بەم شێوەیە ئەو بیر لە ڕاستەقانی/ڕاستەقینە دەکاتەوە لە هەردوو دۆخی کارا و ناکارادا.
ئیبن عەرەبی (سپ) بۆ ئەنجامگریی ئەم دەمەتەقێ و بابەتە، دەڵێ ”لەبەر ئەمەیە کە پەیامبەر ژنی خۆش ویست، بەو هۆیەوە کە [شیاوە و دەکرێ] لەواندا بیر و وردبوونەوەیەکی تەواو لە ڕاستەقانی بکرێتەوە.
ژنی ڕۆحانی دەتوانێت ببێتە ئەو نێوانگرەی بە هۆیەوە لە دوو سیفەتی یەزدانی، بەزەیی و جوانی، تێبگەین، چونکە لە ڕێگەی ئەم سیفەتانەوە مرۆڤ دەتوانێت سیفەتەکانی دیکەیش تێبگات و هەروەهایش ئەوەی کە لایەنێکی مێیانە لە خودادا هەیە. ئەلیاس (1988: 2016) نووسیویە:
بۆ ئیبن عەرەبی ژنی ڕۆحانی بە تەواوی و ڕێک بەرجەستەکردنی ئەو نێوانگرەیە کە بە هۆیەوە مرۆڤ دەتوانێت بگاتە تێگەیشتن و یەکگرتن لەتەک خۆشەویستی یەزدانیدا. بە بیرکردنەوە لە گەوهەری ئەو، کە لە ئامادەبوونی لەشولاری (جەستەیی)دا داپۆشراوە، ڕێبواری هەواڵپرس لە سیفەتی یەزدانیی بەزەیی (ڕەحم: رحم) دەگات و لە پەنجەرەی دلۆڤانی و بەزەوییەوە، لە سیفەتە یەزدانییەکانی دیکەیش دەگات. سیفەتەکان لە لایەن خوداوە بە هۆی بەزەیی و دلۆڤانییەوە ئاشکرا دەبن، هەروەهایش لەبەر ئەوەی پێویستی بەوەیە خۆی بداتە ناساندن لای ئەوانەی بۆی دەگەڕێن و خۆشیان دەوێت. سیفەتەکانی خودا دەکرێن بە دوو بەشەوە، ئەوانەی پێوەستن بە جوانیی ئەوەوە (جمال) و ئەوانەی پێوەستن بە شکۆی ئەوەوە (جلال). سیفەتەکانی جوانی (الصفات الجمالیە) پێوەستن بە سیفەتەکانی شکۆوە (الصفات الجلالیە) بەو جۆرەی کە ژن پێوەستن بە پیاوەوە. کە وایە، ژمارەیەک لە سیفەتەکانی خودا (کە ڕەحم و بەزەیی تەنیا یەکێکیانە) مێیانەن، لەبەر ئەوەیش کە سیفەتەکانی بۆ هەبوونی ئەو گەوهەرین، لە خودادا سروشتێکی مێیانە هەیە.