لە گفتوگۆیەکی ئەدەبی لەگەڵ شاعیری ناودار لەتیف هەڵمەت

خالید کۆچەر
وا رێک کەوت لەم ڕۆژانەدا یادەوەرییەکی جوان منی گەڕاندەوە 47 ساڵ لەمەوبەر، ئەو ڕۆژانەی ئەدەب و کولتوور و هونەر خۆشەویستی خۆی هەبوو، شیعر لە هەمووی زیاتر دڵخوازی خۆی هەبوو، کتێب و گۆڤار و رۆژنامە پیرۆزی خۆی هەبوو، خوێنەری بێژماری هەبوو وەک ئێستا نەبوو، کتێب ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد، پڕفرۆش بوو وەک ئێستا زەلیڵ نەبوو، خوێنەری خۆی هەبوو، بیرمە ساڵی 1978 وا بڕیار بوو شاعیری خۆشەویست لەتیف هەڵمەت کۆڕێکی شیعری لە شاری هەولێر بگێرێت لە هۆڵی گەل (قاعەی شەعب) ڕۆژو مانگەکەم بیر نەماوە، ئەو کات و ئێستاش لەتیف هەڵمەت بە شاعیری خاک و نیشتیمان و داکۆکی لە مافی نەتەوایەتی کورد دەناسرا و خوێنەرێکی یەکجار بێژماری هەبوو، خۆشەویست بوو، شیعرەکانی لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەو کات بڵاودەکردەوە خوێنەر بە گڕو تینەوە دەیانخوێندەوە، ئەو کات لەتیف هەڵمەت چەند دیوانەشیعرێکی بڵاو کردبۆوە (خوا و شارە بچکۆلەکەمان -1970) (ئامادەبوون بۆ لەدایکبوونێکی تر – 1973) (پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە – 1977) (گەردەلوولی سپی – 1978) کۆشیعری گەردەلوولی سپی، من بە جوانترین کۆشیعری لەتیف هەڵمەت دەزانم، پتر لە دەیان جار ئەم دیوانەم خوێندۆتەوە ساڵی هەشتایەکان، دیوانە شیعر نەبوو، دیوانە نارنجۆک بوو بە رووی دژمندا، با بگەرێینەوە کۆڕە شیعرییەکەی لەتیف هەڵمەت هەر لەم ساڵەدا بوو وا بڕیار بوو لە هۆڵی گەل کۆڕێکی شیعری لە هەولێر پێشکێش بکات، نەوەی ئەو کات، ئەوانەی ئامادەی ئەو کۆڕە شیعرییەی لەتیف هەڵمەت بوون، لە یادیانە، هیچ کورسییەک بە بەتاڵی نەمابوو، دۆستانی هەڵمەت ئەوانەی بە پێوە ڕاوەستابوون لە هۆڵەدا، ئەوەندەش زیاتر لە دەرەوەی هۆڵەکە بوون، هەر هەمووان چاوەڕێی کاتژمێر چوارمان دەکرد، هەر دەنگ نەبوو، دواتر برادەرێک هاتە سەر سێج، وتی: ئامادەبووانی بەرێزو خۆشەویست، هەوادارانی شیعرەکانی کاک لەتیف هەڵمەت، داوای لێبووردنتان لێ دەکەین تەندروستی کاک لەتیف باش نەبوو، ئەمڕۆ نەیتوانی ئامادە بێت لەم هۆڵەدا، کوڕان و کچانی ئەو کات، تێنووی شیعرەکانی هەڵمەت بەوپەڕی جەربەزەوە دەستیان بە جنێودان و تووڕەیی کرد، هەمووان دەمانزانی ڕێگا نەدرا بەم کۆڕە شیعرییەدا، لەم ڕۆژانەدا لە گفتوگۆیەکی ئەدەبی من و کاک لەتیف هەڵمەت باسیی ڕۆژە جوانەکانی شیعرمان کرد و لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا شیعر زۆرتریان جەماوەری هەبوو، هیچ دیوانە شیعرێک لەسەر ڕەفەی هیچ کتێبخانەیەک نەدەمایەوە، ساڵانی هەشتایەکان بە سەردەمی زێڕینی خوێندنەوە ناو دەبردرا، لە پرسیارێکمدا لەگەڵ لەتیف هەڵمەتدا چیرۆکی ئەم کۆڕە شیعرییەت بدرکێنیت، بۆچی ڕێگایان نەدا ئەم کۆڕە لە هەولێر لە هۆڵی گەل بگێرییت، بۆی گێڕامەوە وتی: ساڵی 1978 بوو، 47 ساڵ لەمەوبەر، فەرید زامداری شاعیر، ئەو کات سەرۆکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بوو، لقی هەولێر، داوای لێ کردم کۆڕێک بگێڕم، منیش بە داوایەکەی ڕازی بووم و خۆم ئامادە کرد هاتمە هەولێر، ئێستاش من سوپاسی ئەو جمهورە جوانەی ئەو کات دەکەم لە دەمەوعەسرەدا ئامادە بوون، من لەوان شەیداتر بووم، دەسەڵاتداری ئەو کات ترسان لەم کۆڕە شیعرییەمدا نەبا هەرایەک بنێمەوە، ڕێگایان لێگرتم و نەیانهێشت کۆڕە شیعرییەکە پێشکێش بکەم بە ئەمری (فڵانە کەس) ئای چەندە خەمباری دایگرتم، تووڕەیی لە ناو دڵخوازەکانی شیعرەکانم سەری هەڵدا، جمهوورەکە بە دڵساردی هۆڵەکەیان جێ هێشت، ئێستاش خۆم بە قەرزاریان دەزانم، منیش لە دوورەوە تەماشام دەکردن و فرمێسکم دەباراند، دواتر دوای دەمەوعەسرەکە چووینە ماڵی کاک فەرید زامداری شاعیر رۆحی شاد بێت لەگەڵ چەند برادەرێکی تر، یەک لەمانە کاک ئازاد جوندیانی حزووری هەبوو لەم دانیشتنەدا چەند شیعرێکم بۆیان خوێندەوە، دواتر هەولێرم جێ هشت و گەڕامەوە، ئەم یادەوەرییە یەکێ بوو لە یادەوەرییە جوانەکان هەرگیز بیرم ناچێتەوە، لێتانی ناشارمەوە کۆتا ساڵی حەفتایەکان لە دوورەوە لە ڕێگای شیعرەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکان ئەو شاعیرە نازدارەم ناسی؛ هەر شیعرێک ناوی (لەتیف هەڵمەت)ـی لەسەر نووسرابا دەمخوێندەوە، دیوانەکانی ئەو کاتی کاک (لەتیف هەڵمەت)ـم بە ئەشقەوە دەمخوێندەوە، ئێستاش و دوو برا و دوو هاوڕێی نزیکین و زۆریشم خۆش دەوێت.
بتانەوێ و نەتانەوێ ڕۆژێ لە ڕۆژان نالی هەر بۆ شارەزوور دەگەڕێتەوە.
(نالی دەڕوا و ئەم گوزەرە بەجێ دێلێ و/ حەبیبەی خۆی هەرگیز لەبیر ناچێتەوە/ نالی دەڕوا و مانگەشەوی شارەزووری خۆی جێ دێڵێ/ بەڵام دڵی برینێکە بۆ شارەزوور دەکولێتەوە و دەکولێتەوە/ وەکچۆن زەوی دەخولێتەوە/ رۆژێ نالی بۆ شارەزوور هەر دێتەوە/ رۆژێ نالی گشت وڵات و سنوورەکان ڕادەمالێ و لە گوندێکی کوردستاندا/ بێل هەڵدەگرێ و گۆرانی بۆ حەبیبەکەی دەڵێتەوە/ ئەی شاعیری دوورەوڵات/ تۆ دەزانی دوای تۆ دەشتی شارەزوور چی بەسەر هات؟/ ئێستا هەموو شارەزوورەکەی جاران ئەگری بە گوڵ/ بۆ یەک دڵۆپە باران/ شارەزوورەکەی جاران کە پایتەختی شادی بوو/ کەلاوەیەکە وێران/ شارەزوورەکەی جاران کە مەڵبەندی ئازادی بوو/ هەمووی بووە بە زیندان 1978)