هاودەنگ فارووق
مستەفا بارزانیی نەمر، ڕەمزی كوردناسی و هاوارێکی ژانگرتووی لەناخ هەڵقوڵاوی ڕاستەقینەی گەلەكەی خۆی بوو، جوانترین پێناسی كوردبوون و بەجیهانیكردنی دۆزی میللەتەکەی بوو.
شۆڕشەكانی بارزانی لە ناو هزرو سایکۆلۆژیای تاکی کورددا،گەشەیان بە فکری ناسیۆنالیزمی کوردی دا، شكۆ و باوەڕبەخۆبوون و ناسنامەی كوردبوونی بۆ میللەتەکەی گێڕایەوە. مستەفا بارزانی، هاواری ڕابوون و هەستانەوە و كەوتنەوە سەرپێی میللەتەكەی و بێهیواكردنی دوژمنانی ئەو میللەتە بوو.
چەخماخەیەك لە قووڵایی ئەنگوستەچاودا، ڕێژنەی بارانی هیوا لە هەڕەتی بێهیواییدا، لەدایكبوونەوەیەكی نوێ و تینوگوڕێكی بێ بڕانەوە و تاهەتایی.
شۆڕشەکانی بارزانی نیگابەخشی خاوەندارێتی کورد بوون لە خاکی میدیا. بارزانی گوتی: نابێ کورد ژێردەستەبێت. نابێ نەتەوەیەک شانوباهوی لە ئارارات و سەفین چەقی بێت، شانەخواری نەتەوەکانی دەوروبەر بێت. نەتەوەیەک هەیاهوی شێرەکانی مادو ئیمپراتۆریای کەیخوسرەوی لەپشتەوە بێت، هەڵەی مێژووە بکرێتە پلە دوو، بارزانی بە جەبەروتی مێژووی گوت: بوەستە! کوا کورد بە ژێردەستەیی ڕازی دەبێت. کورد یان خاوەن بڕیاری خۆی دەبێت، یان ئاوی ئاراس شەق دەکات و پڕ پڕ باوەش بە ئازادیدا دەکات، بارزانی نەیهێشت هەڵە گەورەکەی مێژوو بەبێ باج تێپەڕێت. بارزانی، مێژووی مرۆڤایەتی لە میزۆپۆتامیا راست کردەوە.