چەند بیرهێنانەوەیەكی پێویست لەسەر مانگی ڕەمەزان

عومەر چنگیانی
(2-3)
جۆرەكانی ڕۆژووشكان لە ڕەمەزاندا
یەكەم/ ئەو خانمانەی لە كاتی رۆژی ڕەمەزاندا دەكەونە سووڕی مانگانەوە، یان خوێنی دوای منداڵبوون و زەیسانی، لەو كاتەدا نابێت بەڕۆژووو ببن و دواتر دەیگێڕنەوە لە دوای ڕەمەزان.
دووەم/ نەخۆش لەكاتی نەخۆشیەكەیدا بۆی هەیە بەڕۆژوو نەبێت و دواتر بیگرێتەوە، بەڵام ئەگەر نەخۆشیەكە لەو جۆرانە بوو، كە چاكبوونەوەی زەحمەتە و درێژخایەنە، ڕۆژوو ناگرێت و دواتریش نایگرێتەوە، بە تەنها هەر “فیدیە” ئەدات و بۆ هەر رۆژێك هەژارێك تێر دەكات لە مامناوەندی ترین خواردنی ماڵ و منداڵی خۆی. هەروەها ئەو كەسەی دەكەوێتە نێو سەفەرەوە، بۆی هەیە لە كاتی سەفەرەكەیدا بەڕۆژوو نەبێت و دواتر بیگرێتەوە، بەڵام، دەبێ ئەو ماوەی سەفەرە ئەوەندە بێت، كە نوێژی تێدا كورت دەكرێتەوە و بەر لە نوێژی بەیانی دەرچێت لە ماڵ، بەڵام ئەو ئافرەتەی كە سكی هەیە، یان منداڵەبەرە، بەڵای عەبدوڵڵای كوڕی عومەرەوە، خوایان لێ ڕازی بێت، بۆیان هەیە، كە بە تەنها “كەفارەت” بدەن و بەڕۆژوو نەبنەوە، ئەمەش جێگەی ڕاوبۆچوونی لێك جودای زانایانە، بەڵام ئەم بۆچوونە زۆرتر لەگەڵ بەزەیی ئیسڵامدا دەگونجێت.
سێیەم/ وەك پێشتر باسمان كرد، دروستە بۆ و نەخۆشێك، كە هیوای چاكبوونەوەیان نیە، بەڕۆژوو نەبن و دواتر بەتەنها هەر قەرەبوو بدەنەوە.
چوارەم/ ئەو كەسەی بەدەستی ئەنقەست ئاڵۆشی خۆی دامرکێنێتەوە، یان خۆی بڕشێنێتەوە، كە ئەم دەستی ئەنقەست شكاندنە، هەم ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە و هەم گوناهی گەورەیشە، جگە لەوەی، كە دواتر دەبێت بیگرنەوە، دەبێ تەوبەیش لەو گوناهە بكەن.
پێنجەم/ جووتبوونی ژنو مێرد لە ڕۆژی ڕەمەزان.
شەشەم/ منداڵ و شێت لە كاتی شێتییەكەیدا هیچکامێکیان ڕۆژوویان لەسەر نیە .(1)
لەگەڵ ئەوەی كە وەك بنەمایەكی نەگۆڕ و چەسپیو لە شەرعی ئیسلامدا، هیچ “حوكم”ێك لەسەر “حیكمەت” دانامەزرێت، بەڵكو هەر حوكمێك وابەستەیە بە “عیللەت”ـەوە، وەلێ ئەوە نەبێ كە مرۆڤ هەوڵی زانینی حیكمەتی پەرستشەكان نەدات، هەربۆیە هەمیشە زانایان بە پێی توانست ویستوویانە لەوبوارەدا خزمەت بكەن، لێرەدا منیش بە ئەركی دەزانم لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئانەوە، ڕۆژوو بە نموونە بێنمەوە: ـ ئەگەر بەم گوڵخەرمانەیەش تەواوم نەكرد پشتیوان بە خوا حەفتەی دابێتەوەیشی بۆ تەرخان دەكەم ـ بەر لە هەموو خاڵێكیش با ئەوە ئەوە بڵێم كە ڕەوشتبەرزی بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە، حیكمەتێکی گەورە و بەدیكراوە كە خوای گەورە لە سەدوهەشتاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی “بەقەرە”دا پێمان دەفەرمێت:
“ئەی گرۆی بڕواداران! خوای گەورە، ڕۆژووی لەسەرتان پێویست كردووە، هەروەك چۆن لەسەربڕوادارانی بەر لە ئێوەیشی پێویست كردووە، بۆ ئەوەی خۆتان لە هەڵە بپارێزن”.
كەوابوو ئارمانجی هەرە گەورەی ڕۆژوو، بەرزكردنەوەی لایەنی ڕەوشت و سلوكی ڕۆژووگەوانە، زیاتر لەوەی كە هەر خۆگرتنەوە بێت لە خواردن و خواردنەوە و حەزەكانی دی، لێرەوە دەچمە نێو باسكردنی هەندێك لە لایەنە سلوكییەكانی ڕۆژوو:
یەكەم/ پەیوەستبوون بە سووڕی گەردوونەوە:
ئەو كاتەی كە مانگی ڕەمەزان دێتە پێشەوە، هەربڕوادارێك بە دڵ وابەستە و چاوەچاوی ئەوە دەبێت، داخۆ كەی مانگی یەكشەوەی ڕەمەزان هەڵدێت و ئەمان دەیكەنە دی، بۆ ئەوەی سبەینێ دەست كەن بە ڕۆژووگرتن، بۆ شەوانیش دەكەونە چاوەچاوی كاتی پارشێو و هەڵهاتنی بەیان بۆ خۆگرتنەوە لە ڕۆژاندا لە خواردن و خوارنەوە و هەركەس دووركەوتنەوەی لە حەڵاڵی خۆی، تا دەكەوێتە كۆتایی مانگ و سەر لە نوێ گەڕان بە شوێن مانگی یەكشەوەی شەواڵ و دەستكردن بە جەژن، كە ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە پەرستنەكانی بڕوادار وابەستەن بە ژماردنی مانگی ئاسمانەوە، بەتایبەتی وەك هەمووان دەزانین، ئەو مانگە بە ویستی خوا گەڕوخولی خۆی هەیە، جارێك دەكەوێتە زستان و جارێك هاوین و جارێك پاییز و جارێك بەهار، كاتێك رۆژگار كورتە و كاتێك رۆژگار درێژە، بەم شێوە، دەبینین بڕوادار لەم پەرستنەدا، زۆر وابەستە دەبێتەوە بە خولەكانی گەردوونەوە، لەسەرو هەموو ئەمانەیشەوە، هەر كە چاوی بە هەڵهاتنی مانگ دەكەوێت، بە خۆشیەوە لێی دەڕوانێت زیاتر لەو ئایەتانە دەگات كە خوای گەورە تێیاندا باسی گەردوون دەكات وەك چلوچوارەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا” كە دەفەرمێت:
“هەر حەوت ئاسمانەكان و زەوی و چیشیان تێدا هەیە، بە سپاسەوە تەسبیحاتی خوا دەكەن، بەڵام ئێوە لەو تەسبیحاتانەی ئەوان تێناگەن”.
ماویەتی.