8ی مارس ئەوانەی ترپەی دڵی كۆمەڵگەن

‎هاودەنگ فارووق
لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژنان وەک داینەمۆی ژیان و پشتیوانیی خەبات و شۆڕش بەردەوام بوون، بە لێزانی و زیرەکیی خۆیان تەختی ستەمیان لەناو بردووە. لە ڕۆژی جیهانیی ژنان، هەشتی مارسدا، دەمانەوێت هاوار بکەین: نە تەنها بۆ پیرۆزباییکردن، بەڵکو بۆ تێڕامانێکی قووڵ لە خەباتی بێوچانی ژنان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی ژنانی کورد.
ژنانی کوردستان، ئەو نموونە بێوێنانەی خۆڕاگری و هێز، لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ململانێ و جەنگدا، سەلماندوویانە کە ئیرادەی ژن بەهێزترە لە هەموو چەک و بۆمب و پیلانێك. ئەوان لەناو ماڵ یان لە كایەی سیاسی و چڤاكیدا، نەک تەنها وەک دایک و هاوسەر، بەڵکو وەک بنچینەی پەروەردەی نەتەوەیەک، بەردەوام بوون لە بنیاتنانی داهاتوویەكی ڕۆشن لە مەیدانی شەڕدا، شان بە شانی پیاوان جەنگاون.
لە زانکۆکان، لەگەڵ هەموو بەربەستەکاندا، بڕوانامەی باڵایان بەدەست هێناوە. لە پەرلەمان و حکوومەتدا، هەرچەند ڕێژەیان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام بە کاریگەرییەکی زۆرەوە ئامادەبوون. ئافرەتانی کورد، ئەوانەی لە تاریکترین ڕۆژەکانی تیرۆر و جینۆسایددا، وەک چرا سووتان بۆ ئەوەی ڕێگای ڕزگاری ڕووناک بکەنەوە.
دەبێت ڕاشکاوانە باسی ئەو تێگەیشتنە هەڵانە بکەین کە بەناوی کولتوور و نەریتەوە، ڕۆژانە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن:
کاتێک کچان فێر دەکرێن “نابێت دەنگت بەرز بێت”، “نابێت بۆچوونت هەبێت”، ئەمە نەریتی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو ترسە لە هێزی ڕاستەقینەی ئافرەت کە دەتوانێت گۆڕانکاری بهێنێت. ئەو تێگەیشتنەی کە جەستەی ژن و هەستەکانی سەرچاوەی شەرم و عەیبەن، نەک بەشێکی سروشتی لە مرۆڤبوون. ئەم کولتوورە، ژنان لە ناسنامەی سروشتیی خۆیان دادەڕنن: لە هەڵبژاردنی جلوبەرگەوە تا هەڵبژاردنی ژیان و هاوسەر، ڕێگریکردن لە ژن بۆ ئەوەی خۆی بڕیار نەدات، دیارترین شێوەی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤە.
دروستکردنی دوژمنایەتی لەنێوان ژناندا و هاندانیان بۆ ڕکابەری نەرێنی، یەکێکە لە ئامرازە کاریگەرەکان بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی هێزی ژنان.نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین ژنان هەم لە دەرەوە کار بکەن، هەم بەرپرسیارێتی تەواوی ماڵ و منداڵ لە ئەستۆ بگرن، بێ ئەوەی ئێمەی پیاوان هاوبەشی هاوشێوە پێشکەش بکەن. زۆرجار ئایین وەک ئامرازێک بۆ کۆتکردنی ژنان بەکار دەهێنرێت، بەڵام بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر، پێویستە:
پێداچوونەوەیەکی تەواو بۆ سیستەمی پەروەردە بکرێت، کە تێیدا کچان و کوڕان فێری یەکسانی، ڕێز، هاوکاری و پشتیوانیکردنی یەکتر بن، نەک ڕکابەری. پێویستە یاساکان نەک تەنها لەسەر کاغەز، بەڵکو لە پراکتیکدا پارێزەری مافی ژنان بن. سزای توندی یاسایی بۆ هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان.دەبێت میدیاکان وێنەیەکی هاوسەنگ و ڕاستەقینە لە ژنان پێشکەش بکەن، نەک وەک کاڵا یان بوونەوەری لاواز.دابینکردنی هەلی کار و پشتگیری پڕۆژەی ژنان، کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ئابووری بۆیان. دڵنیابوون لەوەی کە ژنان بە ڕێژەیەکی شیاو لە سەرجەم دامەزراوە بڕیاردەرەکاندا بەشدارن. پشتگیریکردنی ئەو دەنگە مێیینانەی کە لە هونەر، ئەدەب، زانست و هەموو بوارەکانی تردا، وێنەیەکی نوێی ژنی کورد پێکەش دەکەن.