پیاو

حەمەسەعید حەسەن

ژن ژنی خۆیەتی
ڕۆژانە دەیداتە بەر شەق و
شەوانیش دەخزێتە ئامێزی
کەرەسەی ماڵ ئاسا ئەویشی کڕیوە
وەک پێڵاو سەرنجی ژنی خۆی دەدات و
دەبێتە پێڵاوی ژنانی لەشفرۆش
هەندێ جار گۆرەویی خۆی دەشوا
زەڵاتە چێ دەکا
کە تەواو مەست دەبێ
دۆ و دۆشاو تێکەڵاو دەکات و
گوڵدان و ئینجانە تووڕ دەدا و
بڵێسە لە چاوی دەبارێ
بەدگومان لە چرپەی منداڵ و
جریوەی چۆلەکە و بۆنی گوڵ
متمانەی بە برای خۆی نییە
بە هەڵەی منداڵیش هەڵدەچێ
هەمیشە بیری لای تۆڵەیە
کە دەستی لە پارە و دەسەڵات گیر دەبێ
ئافرەتیش وەک پێڵاو دەگۆڕێ
*
(*) بە کاریگەریی شیعرێکی سۆنیا ئۆکەسۆن نووسراوە.