بەرپرسیاریەتی بریتییە لە ڕاستگۆیی لە کردار و گوفتاردا

بەكر كەریم حەسەن
یۆنانییەكان دەڵێن: بەرپرسیاریەتی، بنچینەی پێگەیشتنی مرۆڤە؛ گومانی تێدا نییە مرۆڤ لە هەر وێستگەیەك لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی ژیان پێویستە بەرگەی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكان هەڵبگرێ چ لە قۆناغی قوتابی و خوێندن و دواتریش قۆناغەكانی تری ژیان كە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی وا لەبیرو هزری مرۆڤ دەكات كەوا هەمیشە ویژدانی ئاسودە و بیرو هزری هیور بێت و جوانتر و باشتر دەوروبەری خۆی ببینێ و، هەمیشە ئەو كەسانە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن و لێی ڕاناكەن. كەسانی ئەرێنی و بیر و بیركردنەوەیان ئەرێنی و هێور و لەسەرخۆیە. دەتوانن بە ئاسوودەیی بیر بكەنەوە و بڕیار بدەن و لە هەمان كاتدا ویژدانیان ئاسودەیە و پانتایەكی زۆری ئازادی و دەسەڵات لەژێر دەستی خۆیاندایە دوور لە ترس و ڕاڕایی و گومان.
لەبیرمان نەچێت كەسە ئازا و بوێر و متمانە بە خۆ بووەكان هەمیشە بەرگەی كردار و ڕەفتار و گوفتاری خۆیان دەگرن و هەست بە بەپرسیارییەتی تەواو دەكەن، ئەوەش نیشانەی كەسانی سەركردە و ئازا و بوێر و پێگەیشتووە، هەمیشە كەسانی بەرپرسیار لە ڕەفتار و كردار كەسانێكن ئازا و بوێر دەتوانن بڕیار بدەن و متمانەیان بە خۆیان و متمانەی دەوروبەریشیان بەدەست دەهێنن و كەسانێكن بەرگەی ئامانج و ئەنجامەكان دەگرن.
هەردەم بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان لە هەوڵ كۆششی بەردەوامدان و كەسانی ئەرێنی و گەشبین و كەمتر تووشی تەنگ و چەڵەمە و تەنگەژە و گرفتی سەخت دەبن. دەگێڕنەوە جارێكیان” چوار قوتابیی زانكۆ بیریان كردەوە چۆن هۆكارێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لە تاقیكردنەوەیەك كە بەیانی هەیانبوو. ئەوە بوو پەیوەندییان بە مامۆستاكەیان كرد كەوا تایەی ئۆتۆمبێلەكەیان تەقیوە و دۆخیان سەختە و لە ڕێگەدا ماونەتەوە لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ ئۆتۆمبێلەکەیان پەكی كەوتووە كە (خۆیان شەوەكەی تا درەنگ لە ئاهەنگێك بەشداریان كردبوو ئەو فێڵەیان دۆزییەوە تا تاقیكردنەوەكەیان دوابخەن). مامۆستاكەشیان ڕازی بوو تاقیكردنەوەكەیان بۆ دوابخات بۆ ڕۆژێكی تر، ئەوانیش زۆر دڵخۆش بوون بە وەڵامی مامۆستاكەیان كە ڕازی ببوو لەسەر دواخستنی تاقیكردنەوەكە لە كەیف و ئاهەنگی خۆیان بەردەوام بوون و دڵخۆش بوون كەوا بیرۆكەكەیان سەری گرتووە.
قوتابیەكان لە ڕۆژێكی دیاری كراو لە تاقیكردنەوەكە ئامادەبوون لە زانكۆ مامۆستاكەیان داوای لێ كردن هەر یەكێكیان لە سووچێكی دوور لە یەكتر لە هۆڵی تاقیكردنەوە دابنشین تاوەكو گزی نەكەن و سەیری یەكتر نەكەن، مامۆستاكە پەڕاوی تاقیكردنەوەی بە سەردا دابەش كردن، ئەوانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پرسیارەكان بوون تا بزانن ئەوەیان بۆ هاتۆتەوە كە خوێندوویانە یان نا؟
پرسیارەكان بریتی بوون لە:
1. كام تایەی ئۆتۆمبێلەکەتان تەقیبوو؟
2. كاتژمێر چەند بوو ڕووداوەكە ڕووی دا؟
3. كامتان ئۆتۆمبێلەکەی لێ دەخوڕی؟
4. هەرکامەتان لەسەر کامە كورسی دانیشتبوون؟
لە كۆتاییدا نووسیبووی ئەگەر هەمووتان یەک وەڵامتان هەبوو، ئەوا هەمووتان دەرچوونە بە نمرەی تەواو، بەڵام ئەگەر پێچەوانەكەی ڕووی دا ئەوا ئێوە درۆ دەكەن و چارەنووستان دەرنەچوونە.
لەو چیرۆكە پێمان دەڵێت لە ڕاستی و دروستی ڕا مەكە؛ لەوانەیە ڕاستییەكەی نەڵێ ڕا بكەی، ڕەنگە رووبەڕووی سەختتر و قورستر ببیتەوە چەند جاری تریش درۆ بكەیتەوە. بەڵام ئەگەر ڕاستییەكەت دركاند بارودۆخ یەك جارە و ئاسانتر دەبێت و پێویست ناكات پەنا بۆ درۆ و ناڕاستی ببەیت و هەمیشە ڕاستگۆیی و رووبەڕووبوونەوە ڕاستی و دروستی بارودۆخەكان یەك جارە و یەك ئەنجامە.
لەبیرمان نەچێت هەر یەكەوە و بەرگەی بەرپرسیاریەتیی كردار و ڕەفتاری خۆی دەگرێت و ئەگەرنا وانەیەكی سەخت و قورس فێر دەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی