مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەماوەكانی ڕابردوودا، هەركات دۆخێكی هەستیار بۆ كورد هاتبێتە پێشەوە، گوێ بیستی چەند دەنگێك بووین كە، ڕەنگە بۆ یەكەمجار بەو ڕاشكاوی و بێ سڵەمینەوە لە مێژووی خۆیان و نەتەوەكەیان، داوای ڕادەستكردن و خۆڕادەستكردن و هەموو شتێك ڕادەستكردن دەكەن. تەنانەت، لەوانەیە هەڵەنەبم ئەگەر بڵێم: وشەی ڕادەستكردن، بۆ یەكەمجار بەو چڕی و بێپەردەییە، لەم ماوەیەدا بوو.
بێگومان تیۆریزەكردن بۆ خۆڕادەستكردن، لەسەرەتاوە ئامانجە ستراتیژییەكانی نەپێكا. چونكە ئەگەرچی دەنگێكی زۆر هەبوون بۆ ئەوەی لەژێر فشارە جۆراوجۆرەكاندا، داوای خۆڕادەستكردنیان دەكرد. هەروەها داوای ئەوەیان دەكرد هەموو شتێك ڕادەست بكرێت. بەڵام لەبەرانبەریشدا كۆمەڵێك دەنگی جیدی هەبوون” بەخۆشحاڵییەوە ئێمە لەم بەرەیە بووین” كە بەهەموو شێوەیەك ڕێگربوون لەوەی ئەو پیلانە سەر بگرێت و، لانی كەم لەڕووی میدیایی و پروپاگەندەییەوە توانرا بەرهەڵستییەكی وشیارانەی ئەو گوتارە بهێنرێتە كایەوە.
ڕەنگە هۆكاری دروستبوونی ئەو بەرهەڵستكارییەش، ئەوەندەی پەیوەندی بە گەمژەیی خاوەنەكانی گوتاری ڕادەستكردنەوە هەبووبێت، نیو هێندە پەیوەندی بەزیرەكی و بیرتیژی ئێمەوە نەبووبێت. چونكە زۆرجار پیلانی لەوە گڵاوتر و ژەهراوی تر بەسەرماندا تێپەڕیوون و، چەپلەشیان بۆ لێدراوە.
نەبوونی هیچ زەمینە سازییەكی زیهنی بۆ گوتاری ڕادەستكردن، ئەو هەڵە كوشندەیە بوو كە خاوەنەكانی ئەو گوتارە مەترسیدارە پیایدا تێپەڕین، لەئەنجامیشدا خۆیان لەبەردەم بەرهەڵستكارییەكی گەورەدا دیتەوە.
ئەوەی تێبینی دەكرێت، لەم بابەتەدا، گوتاری ڕادەستكردن یان خۆڕادەستكردن، ئەپدەیت كراوەتەوە، لەئێستادا كەلێن و ناتەواوییەكانی تەواو دەكرێن و، پێشەكییەكی لۆژیكی بۆ دەدۆزرێتەوە، تاكو قەناعەت بەكورد بكرێت خۆی ڕادەست بكات.
لەقۆناغی یەكەمدا، گوتاری خۆڕادەستكردن، پێشەكی و باكگراندی لۆژیكی نەبوو. ڕاستەوخۆ داوایان دەكرد كورد هەموو شتێك ڕادەست بكات. دەی بێگومان، ئەو گوتارە ئەبستراكتە، دووچاری بەرهەڵستی توند دەبێتەوە، تەنانەت لەلایەن ئەو كەسانەشەوە كە بایەخێكی ئەوتۆ بە پرسە نەتەوەییەكان نادەن. چونكە ئەو گوتارە، لەبەرئەوەی پێشەكی و زەمینەی لۆژیكی نەبوو، ڕاستەوخۆ دەیدا لە ژێیە هەستیارەكانی مرۆڤی كورد.ئیدی بەرهەڵستیكردنی دەبێتە بابەتێكی ڕۆتینی و سروشتی هەستی ناسیۆنالیزمی سادە.
لەئێستادا پێداچوونەوەیەك هەیە بەگوتاری خۆڕادەستكردندا، زیهنیەتی كورد ئامادە دەكرێت بۆ قبوڵكردنی خۆڕادەستكردن. بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە باسوخواسێكی گەرم هەیە لەسەر گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەكی تریشەوە باسێكی گەرم هەیە لەسەر بابەتی ئاشتی لەباكوری كوردستان.
بۆ نمونە: هێنانە پێشەوەی چەند گرێیەكی زانستی مێژووی، وەك ئەوەی یەكێك لە پادشا سەلجوقییەكانی بۆ یەكەمجار ناوی كوردستانی ناوە، ئەگینا پێشتر كورد خۆی ئەقڵی ئەوەی نەبووە ناوی خاكی خۆی بنێت. یاخود ئەوەی كە داخوازی ڕادەستكردنەكە پەیوەست دەكەن بە دۆخی داراییەوە…هتد.
ئەوانە ئەو پێشەكییە لۆژیكیانەن كە هەڵگرانی تێزی خۆڕادەستكردن بۆ ئامادەكردنی زیهنیەتی كورد بۆ خۆڕادەستكردن بەكاریان دێنن. بۆیە پێویستە، لەبەرانبەر ئەو هەوڵەدا بۆ پێشكەشكردنەوەی گوتاری خۆڕادەستكردن بەكۆمەڵێك باكگراوند و بەڵگەی لۆژیكییەوە، ئێمە لەكامپی بەرانبەر، خۆمان ساز و ئامادە بكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پێشەكییە لۆژیكییەكانی ئەو گوتارە مەترسیدارەی كە دەیەوێت كورد بەناوی ئاشتی و بابەتی ترەوە، سەرجەم بەهاكان و دەستكەوتەكانی ڕادەستی داگیركەر بكات. چونكە بەڕاستی قۆناغەكە زۆر هەستیارە و، بواری ئەوەی تێدانیە چاوەڕوان بكەین یاخود دەرفەت بدەینە ئەوانی تر.