چەند بیرهێنانەوەیەكی پێویست لەسەر مانگی ڕەمەزان

عومەر چنگیانی
(1-3)
پێناسەی ڕۆژوو/ ڕۆژوو، واتە/ خۆگرتنەوە لەو شتانەی كە دەبنە هۆی شكانی ڕۆژوو، لە بەیانیەوە تا ئێوارە. ڕۆژوو، لە دووهەم رۆژی مانگی شەعبانی ساڵی دووهەمی كۆچیدا، لەسەر بڕوادارانی شوێنكەوتەی محەمەد دروود و سڵاوی خوای لەسەر، پێویست كرا و لەپێشدا بە سێ قۆناغدا تێپەڕی.
یەكەم/ لەسەرەتادا ڕۆژوو بە پێی ویستی بڕوادار بوو، بە مانا، هەركەس سەرپشك بوو لەوەدا بیویستبا بەڕۆژوو ببێت یاخود قەرەبوو، بریتی – فیدیە – بدات، قورئان لە ئایەتی ١٨٤ـی سوورەتی “بەقەرە”دا دەفەرمێت: “ئەوانەی دەتوانن بەڕۆژوو ببن و پێنابن بۆیان هەیە بۆ هەر رۆژێك بۆ ژەمێك هەژارێك تێر بكەن”.
دووەم/ لە قۆناغی دووهەمدا بەپێویست گێڕرا لەسەر هەربڕوادارێك، كە توانای ڕۆژووگرتنی هەبێت، بەدەر لە نەخۆش و كەسێك كە لە سەفەردا بێت، كە بەڕۆژوو ببێت، بەڵام ئەو دووانە – نەخۆش و كەسێكی سەفەری – دوای ڕەمەزان دەبێ ڕۆژووەكەیان بگرنەوە قورئان لە ئایەتی ١٨٥ـی سوورەتی “بەقەرە”دا دەفەرمێت: “ئەو بڕوادارەی كەوتە نێو مانگی ڕەمەزان، دەبێ بەڕۆژوو ببێت، بەڵام گەرهاتو كەسێك نەخۆش بوو، یان لەسەفەردا بوو، ئەوا دوای ڕەمەزان لە كاتێكی دیكەدا دەیگرنەوە”.
سێیەم/ لە دوو قۆناغەكەی پێشوودا، هەر ڕۆژگەوانێك دوای بەربانگكردنەوە و خواردنی شیو (نانی ئێوارە) ئیتر كە دەخەوت، بۆی نەبوو بە شەودا هیچ بخوا و هیچ بخواتەوە و ژن ومێرد نەدەبوو نزیكی یەكتر ببنەوە و سەرجێیی بكەن، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەیش گۆڕرا و لە بانگی ئێوارەوە تا بانگی بەیانی، خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی ئازاد کرا و ئیتر ئەمە دوا قۆناغ بوو، قورئان لە ئایەتی ١٨٧ـی سوورەتی “بەقەرە”دا دەفەرمێت:
“لە شەوانی ڕەمەزاندا بۆ ئێوە حەڵاڵ كراوە و رێگەی ئەوەتان پێ دراوە، كە پیاو و ژنی پێكحەڵاڵ سەرجێیی بكەن، تا دەگاتە ئەوەی دەفەرمێت: “شەوان بخۆن و بخۆنەوە، تا دەگاتە بەیانی.” بەم شێوە تێدەگەین، كە گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ئەركێكی شەرعی و داوایەكی خواییە لە هەر بڕوادارێك و هەركەس بڕوای پێی نەبێت، پێی ناگوترێت بڕوادار.
مەرجی پێویستەتیی ڕۆژوو
١/ دەبێ ئەوكەسە مسوڵمان بێت و بڕوای بە ڕۆژوو هەبێت، كەوابوو ڕۆژوو پێویست نیە لەسەر كەسێك كە مسوڵمان نەبێت.
٢/ دەبێ ئەو كەسە لەوانە بێت كە تەكلیفی شەرعی لەسەر بێت و توانای گرتنی هەبێت، بە مانا پێویست ناكات لەسەر منداڵ و شێت. هەروەها بەساڵاچوو و نەخۆشی درێژخایەن، كە ئەمانە دەتوانن، بۆ هەر رۆژێك، فیدیە بدەن، ئەوەندەی تێركردنی هەژارێك بۆ یەك ژەم.
مەرجی جێبەجێكردن
دەبێ ئەو كەسەی بەڕۆژوو دەبێت، لەبەر بڕوابوون بەڕۆژوو بێت، هەروەها ئافرەت لەو كاتەدا دەبێ پاك بێت لە سووڕی مانگانە.
پێویستییەكانی ڕۆژوو
١/ پێویستە لەسەر ئەوكەسەی كە بەڕۆژوو دەبێت، لە دڵدا بڕیاری ئەوە بدات، كە سبەینێ بەڕۆژوو دەبێت.
٢/ دەبێ ئەو كەسە لە رۆژدا، خۆی بەدوور بگرێت لەو شتانەی كە دەبنە هۆكاری ڕۆژووشكان، كە ئەمانەیش چوار جۆرن:
• هەرشتێك لە ڕێگەی دەمەوە بچێتە نێو بۆشایی مرۆڤ و ببێتە هۆكاری پێ ژیانی لاشەی مرۆڤ.
• بەزۆرخۆڕشاندنەوە، ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە.
• بە زۆر و بە دەست دامرکاندنەوەی ئاڵۆش (خۆڕەحەتكردن)، ئافرەت بێ یان پیاو، دەبێتە هۆی شكانی ڕۆژوو، بەڵام ئەگەر هەربە تەماشاكردنی نامەحرەم، یان بەخەیاڵ‌لێدان، ئارەزوو شكا، ئەوە ڕۆژوووەكە ناشكێنێ و بەتاڵی ناكاتەوە، تەنها هەر خۆشۆردنی دەوێت و بەس.
• سەرجێییكردنی ژن و مێرد، لە كاتی ڕۆژوودا حەرامە و دەبێتە هۆی بەتاڵكردنەوەی ڕۆژووەكە و دەبێ هەریەك لەو دوانە، دوای ڕەمەزان، یان شەست رۆژ بەڕۆژوو ببێت زیاد لە ڕەمەزان، یان شەست هەژار بۆ ژەمێك تێر بكات، یان هەریەكەیان بەندەیەك لە كۆیلایەتی ڕزگار بكات.
ماویەتی.