عەمەر ئەرگوشی
بێگومان پەیامەکەی بۆ خەلکانی ئاشتی و دیموکراتخواز مژدەیەکی خۆشە و هەنگاوێکی مرۆڤانەیە لە خزمەت کوتاییهێنان بە مەینەتیەکانی گەلی کوردستان و پێکەوەژیانی نەتەوەکان بە تایبەت کورد و تورک، لەبەر ئەمەشە کە ئەوروپا و ئەمریکا و هێزە دیموکراتەکانی ناوچەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و پیرۆزیان لە قەڵەم دا؛ لەسەر ئاستی کوردستانیشدا هەموو لایەنەکان پشتیوانییان لێ کرد بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و، هاوکاری تەواویان دەربری بۆ پشتیوانیکردنی پەیامەکە، بە شایەتی و ئاگاداریی هەموو خەڵکی کوردستانیش، ئەو هێزەی بە ئاشکرا و بەبێ دوودڵی کاری کردبێت بۆ ئازادکردنی عەبدولا ئۆجەلان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور، پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی بووە؛ هەموو دەزانن پارتی لەمێژە کار لەسەر ئەو کەیسە دەکات و هەمیشە داوای ئازادکردنی بەڕێز ئۆجەلانی کردووە کە بتوانێت رۆڵێکی گەورەی هەبێت لە کوتاییهێنان بەو شەڕەی نێوان هێزەکانی پەکەکە و دوەڵەتی تورک کە زیانی زۆری بۆ دەوڵەتی تورک و هاونیشتمانیانی کوردستان هەبووە و، ناوچەکەیشی کاول و وێران کردووە و هەرێمی کوردستانیش باجی قورسی ئەم شەڕەی داوە؛ نەک پریشکی بەر کەوتووە، بەڵکو زورجار و هەتا ئێستاش ئەو هەرێمە بەخوێنئازادکراوە بووە بە مەیدانی شەڕە نەخوازراوەکە و بە سەدان گوند، وێران کەوتوونە و چۆڵ کراون.
ئەم هەنگاوە پیرۆزەی بەڕێز ئۆجەلان گەلی کوردستانی دڵخوش کرد و ئومێدێکی گەورەی بەخشیە هاووڵاتیان کە ئیتر ئاشتی جێگای شەڕ دەگرێتەوە و زەردەخەنەش جێگای فرمێسک و خوێن.
گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ئاشقی ئاشتی و تەبایینە و، لە دڵەوە تەمەنا دەکەن ئەم پەیامەی ئۆجەلان سەر بگرێت و لە هەموو لایەکیشەوە هاوکاری و پالپشتی دەکەن.
هەموو دەزانین کە بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانەوە ناتوانێت رۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان و ئاشتی و، ئەوەی لە دەرەوەوی زیندان و ئازادیدا بۆی دەکرێت، لە زینداندا بۆی مەحاڵە؛ ئازادکردنی ئۆجەلان تەکانێکی گەورەیە بۆ خزمەتی کێشەی رەوای گەلەکەمان و ئاوێکە بە ئاگرێکدا دەکرێت کە بەبێ بەرێز ئۆجەلان کۆژانەوەکەی مەحاڵە.
پێویستە لە دەروونی دایکەکانی گەریلا شەهیدەکان و هەموو هەوادارانی عەبدولا ئۆجەلان تێبگەین، کە بە بیستنی پەیامەکەی ئۆجەلان زەردەخەنە گەڕایەوە سەر لێویان و، ئومێدی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە باکوور زیاتر گەشایەوە، کە ئەمەش هەندە دێنی بە یەک دەست و بازوو ببینە پشت و پەنایان.