‎ئایا پەیامەكەی ئۆجەلان دەرگەی شەڕ دادەخات؟

‎هاودەنگ فارووق
پەیامەكەی سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لافاوی لێكدانەوە و كاردانەوەی جۆراوجۆری میدیاكان و سۆسیالمیدیای تەنی. لەئاستی فەرمیدا، سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، هەروا بەشێكی وڵاتانی دنیا پشتیوانی پەیامەكەیان كرد، ئەو پەیامەبە دەرفەتێكی زێڕین دەبینن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بەوەشی لە قەڵەم دەدەن، كە هەلێكی گرنگە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی كورد لە باكووری كوردستان.
ئەگەرچی لە كاردانەوەی ڕۆشنبیران و كەسایەتییەكان و ڕای گشتیشدا، دابەشبوونێكی قووڵی دروستكرد و، هەمووان بەیەك ئاراستە لەو پەیامە نەچوونە پێشەوە.
بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە بە ڕاشكاوی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە، كە ئایە بۆچی زەروورە هەموو كورد و ئێمەیش وەكو قەوارەی هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی لەو پەیامە بكەین و، ئەوەندەی پێمان دەكرێت زەمینەی سەرخستنی بۆ بڕەخسێنین؟
ڕاستییەكەی ئەو بڕیارە دەرئەنجامی ئەزموونی دەیان ساڵە، بەرهەمی ساڵەهای هەوڵی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانییە، كە بەردەوام تەكەز لەسەر ئەوە كراوەتەوە، بەشەڕ و وێرانكاری، هیچ بۆ كورد مسۆگەر ناكرێت، هەروەك دوژمنەكانیشی بەشەڕ ناتوانن كورد بنەبڕ بكەن. واتە شەڕ درگایەكی داخراوە، زمانی چەك بەهیچ شێوەیەك نەیتوانی كێشەی كورد بگەیەنێتە چارەسەر.
ئەو بڕیارە هەروا بە ئاسانی و لەگۆترە گەڵاڵە نەكراوە و لەدوای تاوتووێكردنی چەندین ساڵ و، بەشداری چەندین هێز و وڵاتی كاریگەر و كەسایەتیی گرنگ، بەوپەڕی هۆشیاریی و ژیرییەوە، بڕیاری لێدراوە، ئەڵبەت زەمانە و هەلومەرجیشی بەشێوەی ئۆتۆماتیكی بۆ دەسازێنرێت.
ئێستا ناوچەكە بەدۆخێكی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. لەم دۆخەدا گەلی كورد لە ڕۆژئاڤا، هەنگاوی باشی بڕیوە، هەنگاوەكانی تاڕادەیەكی باش لەلای زۆرێك لەوڵاتان قبووڵكراون. بەڵام بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتانە لەدەستنەچن و پێشبخرێن، هەروەها بۆ ئەوەی توركیا وەك زلهێزی سەر سنوور، ڕازی بێت بە مانەوەی ئەو قەوارە كوردییە لەسەر سنوورەكانی، پێویستە كورد دانوستاندنی لەگەڵ بكات، وەك چۆن هەرێمی كوردستان لەساڵی ١٩٩١ وڵاتانی ناوچەكەی دڵنیاكردەوە كە نابێتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لەمەشیاندا سەركەوت و بووە جێی ئیتمینانی هەمووان.
لە ڕۆژئاوای كوردستانیش دەبێ توركیا و وڵاتانی دیكەی نزیك دڵنیا بكرێتەوە لەوەی هەبوونی قەوارەیەكی كوردستانی لەڕۆژئاڤا، هیچ هەڕەشەیەك لەسەر سنوورەكان و ناوخۆی توركیا دانانێت. بۆیە لەم ئانوساتەدا، باشترین داشێك كورد بیدات، ئەوەیە پەیامەكەی ئۆچ ئالان سەر بخرێت.
پێویستە هەمووان لەو ڕاستییە تێبگەن، كە توركیا دەوڵەتێكی گرنگە لەناوچەكەدا، بۆ ئەوەی شتێكی لێوەربگریت، پێویستە شتێكی پێ بدەیت، مەنتقی سیاسەتی ڕاست، هونەری دانوستان و مومكیناتە، لێرەدا بۆ ئەوەی ددان بەمافەكانی كورددا بنێت، پێویستە كوردی ڕۆژئاڤا نیگەرانییەكانی توركیا بڕەوێنێتەوە. هێوركردنەوەی هەستەوەریی ئەمنی و وجوودی دەوڵەتی توركیا بەرانبەر دۆزی كورد، تەنها لەڕێی سەرخستنی ئەم وەرزەی پڕۆسەی ئاشتی و پەیامەكەی ئۆچ ئالانەوە دەبێت. لەو ڕێگەیەوە دەبێ كورد و تورك ئەو هەستە پڕمتمانەیان بۆ درووست بێت، كە هیچ مەترسییەكی وجوودی لەسەردەوڵەتەكەیان نییە.