ئاوڕدانەوەیەك لە سوورەتی “والمرسلات عرفا”

عومەر چنگیانی
بەشی شەشەم و كۆتایی:
باشە كە ناتوانن قسە بكەن، چۆن لە ئایەتی حەفتاوحەفتی سوورەتی”زوخروف”دا دەفەرمێت:
“هاوار دەكەن لە “مالیك” و دەڵێن: دەی با پەروەرێنەكەت دەست بکات بە دادگاییەكەی نێوانمان.”
باشە ئەمە چۆنە؟ ئەوە كاتێكە یان قسە ناكەن، یان قسەیەكیان نییە بیڵێن، ئەمە ئەو كاتەیە كە پێیان دەگوترێت:
“ئەمڕۆ بێدەنگ بن تیایدا و قسە نەكەن”.
پاشان وەك لە ئایەتی سێانزەی سوورەتەكەدا ئاماژەی پێ كرد، دیسان دەفەرمێت:
“ئەمڕۆ ڕۆژی جیاكەرەوەیە، كە ئێوە و ئەوانەی پێشتر لە ئێوەیشمان هەموو كۆ كردۆتەوە.”
دوای ئەم هەموو بیرهێنانەوانە، بە تەوس و گاڵتەپێكردنەوە پێیان دەڵێت:
“دەی ئەگەر ئەمڕۆ فێڵێكتان هەیە لێمانی بکەن؛ ئەگەر شتێكتان پێ دەكرێت فەرموو بیهێننەوە جێ!”
لێرەیشدا پێیان دەڵێتەوە:
“ئاخرشەڕ خۆیان، ئەوانەی ئەم ڕاستیانە بە درۆ دەزانن”!
باسكردنی قورئان لە پاداشتی چاكە‌كاران لە ڕۆژی دواییدا فرەجۆر و فرەلایەنەیە و ناتوانین لە جۆرێكدا نە كۆی بكەینەوە و نە بچووكی بكەینەوە، لێرەیشدا دوای تێپەڕبوونی چل ئایەت و بە چڕی باسكردن لە دۆزەخ و سەرپێچیكاران و بگرەوبەردەیان، لە ئایەتی چلەوە بە چوار ئایەت پەردە لە ڕووی هەندێك لە خۆشییە چاوەڕوانكراوەكانی بەهەشتییەكان هەڵدەداتەوە و دە‌فەرمێت:
“بە ڕاستی ئەوانەی كە لە دنیادا خۆپارێز بوون لە تاوان و لە خوا دەترسان، لە ڕۆژی دوایی لە ژێر سێبەر و سایە و بگرە لە ناو سێبەر و سایە و چەندین جۆگا و باردا دەگوزەرێنن * وێڕای ئەوەی میوەگەلێكی وایان بۆ دەستەبەر دەبێت، كە خۆیان حەزیان بۆی دەچێت و دەیخوازن”.
داخۆ لەوڕۆژەدا كە خۆر نزیك دەكرێتەوە لە زەوی و هەموان بە ڕووتی دێنرێینە ئەو گۆڕەپانە، خوا پێداوانیش ئازاد دەكرێن و حەزەكانیان بۆ تێر دەكرێت، دەبێ چی بخوازن؟ ئەی كە دەخوازن و پێیان دەدرێت، تا چەند نازیان بەسەردا دەكرێ و دەدرێتەوە بە چاویاندا؟! وەك بڵێی با مرۆڤ كە ئەو دوو ئایەتەی پێشووی خوێندەوە لەو جۆرە پرسیارانەدا نەتلێتەوە، باسمان لەوە بۆ دەكات كە بەو بڕوادارە لە خوا ترسانە دەگوترێت:
“فەرموون بخۆن و بخۆنەوە، بەڵام خواردن و خواردنەوەیەكی بێ ئازار و بێ نەخۆشی، ئەمەیش كە پێتان دەدرێت، ناز ناكرێت بەسەرتانا بەڵكو لە دەرەنجامی كردەوە جوانەكانی خۆتانە”.
كە قورئان پڕیەتی لە ڕەوانبێژی و وردەكاری زمانەوانی، نەوەك لای خەڵك پرسیاری تر دروست ببێت، داخۆ ئەو جۆرە پاداشتانە بۆ قۆناغێك و بۆ خەڵكانێكی سەردەمێكی دیاریكراو هەیە و ئامادەكراوە؟
پێمان ڕادەگات و دە‌فەرمێت:
“بەڕاستی ئێوە و تۆیش لەوە ئاگاداربن كە ئێمە ئاوەها پاداشتی ئەوانە دەدەینەوە كە چاكە خواز و چاكەكار و عەوداڵی چاك گفتاری و چاك ڕەفتارین * دەی وەیل بۆ ئەوكەسە بێت كە ئەم ڕاستیانە بە درۆ بزانێت”.
جارێتر ڕووی گوتار دەكاتەوە بێبڕوایان كە گاڵتەیان لە هەمووشتێك دێت و لەم دنیادا وا دەزانن هەر ئەو چێژ و حەز و نەوس تێر كردنەیە و بەس، پێیان دەڵێ:
“بخۆن و كەمێك چێژ وەربگرن بەڕاستی ئێوە تاوانكارن * دەی وەیل بۆ ئەوانە بێت كە ئەم ڕاستییانە بە درۆ دەزانن”.
پاشان پێمان دە‌فەرمێت:
“ئەمانە بوون كە لە دنیادا داوای چەمینەوە و خۆ بەدەستەوەدان بۆخوایان لێ دەكرا، ئەنجامیان نەدەدا و نە دەچەمینەوە * وەیل بۆ ئەو كەسە بێت كە ئەم ڕاستییانە بە درۆ دەزانن.”
لە دوای ئەم ڕاستیانە و ئەم هەموو بیرهێنانەوە كۆتا ئایەتی سورەتەكە بەوە دێنێت كە دە‌فەرمێت:
“ئەرێ بە چ گوتارێك لە دوای ئەم ڕاستییانەی قورئان باوەڕ دەكەن”.
لە كۆتایی هێنان بە لێكدانەوەی سورەتی “و المرسلات عرفا”دا بە ئەركی دەزانم وەك ئەركێك ئەوە بهێنمەوە بیری هەموولایەك كە لەگەڵ ئەو هەموو سەركەشییانەیشدا وای بۆ دەچم هێشتا جاهیلەكانی مەككە باشتر لە “لااله الاالله” تێگەیشتن!
چونكە ئەوكاتەی كە پێغەمبەری ئیسلام محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – بانگی قوڕەیشی كرد بۆ یەك خواناسی ئەوان تێیگەیشتن ئیتر دەبێ هەموو بتەكان وەلا بنرێن و تەنها خوایەكی ڕاستەقینە كە “الله”یە بپەرستن، بۆیە قورئان لە ئایەتی پێنجی سوورەتی “ص” دا باسیان دەكات كە بەسەر سوڕمانەوە گوتیان:
“ئەی لەوە! هەمووخواكان دەكاتە خوایەكی تەنها و بەس ؟ بەڕاستی ئەمە كارێكی سەرسوڕ هێنە”.
ئەوەی ئێستا لە نێو مسڵماناندا دەگوزەرێ، ئەو هەموو كێل و گۆڕ و شەخس پەرستییە، زۆر دوورە لە و بانگە پیرۆزەی ئیسلام بۆ یەكخواناسی!
باشە بڵێی ئیسلام بۆ ئەو دیمەنە قێزەونە ناشیرینانە هاتبێت كە ڕۆژانە كەناڵەكان دەیگوێزنەوە و خەڵك لە خۆیان دەدەن؟
ئاخر هەموو ئەو شتانە كە دوورن لە دینەكەی خوا و دوورن لە پەیامەكەی محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – بۆ نیشان دەدرێن، بۆ ئەوەی نەیارانی ئیسلام بڵێن: ئەوە دینەكەیە و بۆ خۆتان سەرپشك بن!
هەر لەمیانەی پەروەردەی ناوازی قورئانە بۆ تاكەكان لەسەر حەز كردن بە ئایینی یەكخوا ناسی، كە لە میانەی پەروەردە پڕ لە ڕەوان بێژییەكانی قورئان لە ئایەتی “130”ی سورەتی “البقرە”دا دە‌فەرمێت:
“ئەوە كێیە كە هێند خۆی لە گێلی دەدات، یاخود بەدەر لەوانەنییە كە خۆیان دەگەوجێنن كەسێك كە خۆشیی لە ئایینی ئیبراهیم نەیەت و ڕێگای یەكخواناسی بەربدات”.
فیعلی “رغب” لە هەر بەكارهێنانێكیدا بە پێی دوای خۆی ماناكەی دەگۆڕدرێت، ئەگەر پیتی “عن” لە پیتەكانی “جر”ی بەدواوە بوو ئەوە بۆ ڕقلێبوونەوەیە و ئەگەر “فی” بوو بۆ حەزپێكردنە.
دەرەنجام كەسێك خۆشی لە یەكخواناسی نایەت كە خۆگەوجێن و خۆگێلكار بێت.
لە وردەكاری ئایەتەكە ئەوەیە كە خەڵك دەگێڕێتەوە بۆ ئیبراهیمی باوكی پێغەمبەران – سڵاوی خوای گەورەیان لێ بێت – كە وا چاوەڕوان دەكرێ لە مرۆڤەكان بە گشتی لەسەر ئەو یەك ڕا بن.