د. کەیفی زیرەك کەمال *
لە مێژووی زانستی پزیشکیدا چەندین ڕوداو هەن کە کاریگەریان بەرچاویان هەبووە لەسەر زانستی پزشکیدا و وایکردووە زانستەکە ڕێڕەوێکی دیکە وەربگرێت، یەکێك لەو ڕووداوانەش توێژینەوەی تەسکیگی بوو.
ئەم توێژینەوەیە لە ساڵی ١٩٣٢ لە ئەمەریکا – زانکۆی تەسکیگی ئەلەباما لەژێر سەرپەرشتی کۆمەڵێك دکتۆر، بە چاودێری سیستەمی تەندروستی گشتی ئەمەریکا (PHS) دەستپێکرا. توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی ٤٠٠ ڕەشپێستی تووشبوو بە نەخۆشی سیفلیس – Syphilis ئەنجامدرا، کە یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسیە گوازراوەکان، ڕوودەدات لە ئەنجامی تووشبوون بە بەکتریایەك، کە لەو کاتەدا نەخۆشیەکی کوشندەی بێچارەسەر بوو، زۆرجاریش بە مەرگی کەسی تووشبوو کۆتایی دەهات.
ئامانجی توێژینەوەکە ئەوەبوو کە پزیشکان چاودێری دۆخی نەخۆشەکان بکەن بۆ ئەوەی لە سرووشتی ئەم نەخۆشییە تێبگەن و بزانن کە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە چیان بەسەردێت بە پێی تێپەڕبوونی کات، هەرچەندە لەو کاتەدا هیچ چارەسەرێك بۆ سیفلیس بەردەست نەبوو، بەڵام دکتۆرەکان بەڵینیان دابوو کە ئەوەی بتوانن بۆ نەخۆشەکان ئەنجامی بدەن.
توێژینەوەکە بەردەوامی هەبوو و دکتۆرەکانیش لە چاودێری نەخۆشەکانیان بەردەوام بوون، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٤٢ دەرمانە دژەبەکتریاکان دۆزرانەوە و لە ساڵی ١٩٤٧ لە سەرتاسەری ئەمەریکا بەردەست بوو، واتا ئەو نەخۆشییە کوشندەیەی سیفلیس کە هیچ چارەسەرێکی بەردەست نەبوو لە پێشوودا، وایلێهات بە یەك دەرزی پەنسلین نەخۆشەکان چاكدەبوونەوە! بێگومان ئێستا واگومان دەبەن کە دوای دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکە توێژینەوەکە کۆتایی هات و نەخۆشەکان چارەسەرکران بە دەرمانە دژەبەکتریاکان، بەڵام ڕێك پێچەوانەکەی ڕوویدا! دکتۆرەکان بە ئاگاداری سیستەمی تەندروستی گشتی ئەمەریکا هەستان ئەو ڕاستییەیان لە نەخۆشەکان شاردەوە و بڕیاریان دا بە بەردەوامی توێژینەوەکە لەسەریان، ئەو توێژینەوەیەی قەراربوو تەنها ٦ مانگ بخایەنێت، درێژکرایەوە بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ، تاکوو لە ساڵی ١٩٧٢ ئەم هەواڵە بڵاوبوەیەوە کە چارەسەری ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشەکان شاردراوەتەوە دەستبەجێ لەو ساڵەدا بڕیاردرا بە وەستاندنی ئەم توێژینەوەیە، ئەوەبوو تا ئەوکاتە زیاتر لە ١٠٠ کەس بەهۆی توێژەنەوەکە مردن، نزیکەی ٤٠ ئافرەتیش کە هاوسەری تووشبووانی ئەم نەخۆشیەبوون، تووشی نەخۆشیەکە بوون، هەروەها ٢٠ منداڵیش هەر لەگەڵ لەدایکبوونیان تووشی نەخۆشیەکە بوون!
ئەم توێژینەوەیە بووە پەڵەیەکی ڕەش بۆ سیستەمی تەندروستی گشتی ئەمەریکا و بۆ خۆپاراستن لە دووبارەبوونەی ڕووداوی لەم شێوەیە، لە ساڵی ١٩٧٩ بڕیاردرا بە دروستکردنی دەستەیەك بۆ پاراستنی بەشداربووان لە توێژینەوە مرۆییەکان. دوای ئەم ڕوداوە، مێژووی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی گۆڕانکاری بەسەرداهات و بڕیاردرا کە هەر توێژینەوەیەکی مرۆیی ئەنجامبدرێت، پێویستە پاراستنی تەندروستی کەسانی بەشداربوو یەکەم مەرجی توێژینەوەکە بێت.
لە ساڵی ١٩٩٧سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا بیڵ کلینتن، بە فەرمی داوای لێبورردنی لە قوربانیانی توێژینەوەی تەسکیگی کرد و گوتی: “ئەوەی ڕوویدا نکۆڵی لێناکرێت، چیتر ڕوومان وەرناگێڕین و سەیری نێوچاوتان دەکەین، بە ڕاشکاویی و بە ناوی گشت خەڵکی ئەمەریکا پێتان دەڵێم کە ئەو کارەی حکووومەتی ئەمریکا کردی جێگای شەرمەزاریبوو و داوای لێبوردنتان لێدەکەین.”
* پزیشکی گشتی