کوردستان زێدی بەیەکەوەژیان

وەیسی سەعید وەیسی
“ڕۆڵی دامەزراوەکان لەبەرجەستەکردنی بەیەکەوەژیان”
‎پەرلەمانی کوردستان وەک بالاترین دامەزراوەی یاسادانان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بەفەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لەمافی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستان، کە گرنگترینیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لەڕێی سیستمی کۆتا مافی پێکهاتەکانی لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگه‌ر کردووە، جگە لەیاسای ژمارە٤٧ی سالی ١٩٩٢ی تایبەت بەپشووی فەرمی پێکھاتەئایینی و نەتەوەییەکان و یاسای گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف لەکاروباری ئیسلامیەوە بۆ کاروباری ئایینی و یاسای ژمارە٦ی سالی ٢٠١٤ ی تایبەت بە زمانە فەرمییەکان، هەروەها یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی 2015 کەمافی پێکهاتەکانی لەدەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکاندا مسۆگه‌ر کردووە. ھەروەھا لەلایەنی پەروەردەو خوێندنی باڵاش مافەکانیان فەراھەم کراوە.. لە کابینە یەك لەدوایەکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێکھاتەکان بوونیان ھەبوە لە کابینەی نۆیەمیش خودی سەرۆکی حکوومەت لەسۆنگەی بڕوابوون بە بەیەکەوەژیان و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئاینییەکان، یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی ئەم کابینەیە پاراستن و بەهێزکردنی پێکەوەژیانە، وە ھەنگاوی کرداری نران، جگە لەبوونی دوو وەزیر لەپێھاتەکان گرنگی زۆریش بە مافەکانیان دراوە، بۆ یەكەم جارە لەمێژووی حوكمڕانی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی پێکهاتەکان جێ بەجێ کرا،بەجیاکردنەوەی دۆسیەی پێکهاتەکان، بەجۆرێك لەم كابینەیەدا وەزیرێکی هەرێم تایبەت بە پێکهاتەکان بوونی هەیە، جگە لەبوونی ئافرەتێک لەپێکھاتەی تورکمان لەدەستەی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەک سکرتێری پەرلەمان. ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی ھەرێمی کوردستانە بە گشت پێکھاتەکان، وە لەپێناو ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکانی دەستی داعش ھەوڵی گرنگ دراون نووسینگەیێکی تایبەت دامەزرا بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزیدی بە پێی ئامارەکان ھەزاران ڕفێندراو ئازادکراون، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەمانە بوونە فاكتەری بەھێز لەسەرئاستی دەرەوە بۆپیشاندانی سیمای مرۆڤدۆستانەی خەڵکی كوردستان.
“بەیەکەوەژیانی كوردستان جێگه‌ی ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە”
بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لەھەرێمی کوردستان بووە بە سەرمایەیەکی گەورە بۆکوردستانیان، وە فاكتەری بەھێزە لەسەر ئاستی دەرەوە بۆپیشاندانی سیمای مرۆڤدۆستانەی خەلکی كوردستان، ئەمەش مایەی ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە، بۆیەش لە وتارەکەیدا باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا لەکاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا، گوتی(هەولێر هێڵی سوورە بۆ ئەمەریکا ”. یەکێک لەو هۆکارانەی کە باسی کرد بۆ پێویستیی پاراستنی هەولێر و هەرێمی کوردستان پرسی بەیەکەوەژیان بوو: گوتی لەو ناوچەیەدا پێکەوەژیانێکی زۆر سەرکەوتووانە و بەهێز دروست کراوە.
‎ھەروەھا ھۆکاری سەرەکی بوو تا دیارترین كەسایەتی ئایینی (پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان )لەمانگی ئاداری ٢٠٢١سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و جیاواز لەشوێنەكانی تری عیراق گەورەترین ڕێورەسمی ئایینی له‌گه‌ڵ ده‌ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ولێری پایتەخت سازبكات، ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕووداوێكی مێژوویی و دەسكەوتێكی گەورە بوو كاریگەریەكی گرنگی دەبێت لەسەرناو و پێگەی ھەرێمی كوردستان و پالپشتی نێودەولەتی چونكە ڤاتیكان ئەگەرچی وەك دەولەت بچوكە، بەڵام مەڵبەندێكی گەورەی ئایینیە كە سەرپەرشتی یەك ملیار و سێسەد ملیۆن مەسیحی دەكات وخاوەن ئاڵا و نوێنەرە لە نەتەوەیەكگرتووەكان.
ھەرچەندە بەردەوام ھەرێمی كوردستان پەیوەندێكی دۆستانەی لەگەل ڤاتیكان ھەبووە، بەڵام ھاتنی پاپا خۆی لەخۆیدا چەندین مانا و ڕەھەندی جیای لەدوایدا ھاتن بەتایبەت دوای سەرھەڵدانی كۆرۆنا بە یەكەم سەردان دادەندرێت بۆ دەرەوەی ڤاتیكان، وێرای ئەوەی دەركەوت ھەرێمی كوردستا نموونەێكی بەھێز و زیندووە لە ڕۆژھەلاتی ناوەراست و جیھاندا كە ھەمیشە پەناگەێكی ئارام بووە بۆھەموو پێكھاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بەتایبەت بۆكریستیانەكان كە بەھۆی ھێرشی تیرۆرستانی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و ڕوویان لەھەرێمی كوردستان كردووە.