عەمەر ئەرگوشی
جوتیارەکانی کەرکوک نە دەستبەرداری خاکەکەیان دەبن نە کوردستانی بوونی خویان’ بەردەوام وا باو بووە کە دەستیان بە خاکەکەیانەوە و پشتیان بە شۆڕش و پێشمەرگە بەستووە و ناوی خوایان لێهێناوە.
تا ئێستا بەرگەی هەموو زۆرداری و ماڵوێرانیەکیان گرتووە و دەستیان لەو گوڵە گەنمەی بەر نەبووە کە لە خاکی کەرکووکی باوباپیرانیان دەڕوێت و زکی برسیان پێ تێر دەکەن، حەزی نەتەوایەتیشیان پڕە لە هەیەجان و نایانەوێت بڕیاری زۆردارەکان چیتر لە شارەکەی دلی کوردستان باڵا دەست بێت، ئەم مێوانە ڕەزا گرانانە چیتر نەک هەر زەوی جووتیاران داگیر نەکەن بەلکو چیتر هەوای ئەم شارە هەڵنەمژن کە لە مێژوویاندا تەنیا خەریکی لە ناوبردنی خەڵکە ڕەسەنەکەین و شەرم ناکەن بە ڕۆژی ڕووناک کوڕانی گەلەکەمان دەربەدەر دەکەن و زیندانەکانیان پر دەکەن و ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی شەهید دەکەن، شەرم ناکە دەستی پیسیان لە بەر چاوی کامێراکان بو گەردەنی جووتیارێک دەبەن و دەیانەوێت ملپێچی ملی لەمل بکەنەوە و لە خاک دایبڕێنن دەیانەوێت دەسەڵاتی چەپەڵی خۆیان لە سەر جووتیارێ تاقی بکەنەوە کە خزمەتی خاکی خۆی و کەرکووکیەکان دەکات و دەیەوێت بە ئارەقی نێوچاوانی پاروە نانەکی حەڵاڵ بۆ ماڵ و منداڵەکانی پەیدا بکات، جووتیارەکەش مەرد مێرانە دەستی بە خاک و تەرەکتەرکەیەوە گرت و پێی وتن ئەمە جاری جاران نییە بمانکوژن و ڕامان گوێزنەوە و ماڵوێرانمان بکەن و کەس بەدنگمانەوە نەهێت لە سایەی خەباتی پێشمەرگە و شۆرشە ڕاستەقینەکەی کوردستان ئێوە ئەو پیاوە نین خومان بۆ ئێوە بچەمێنین و ئێوە دەبێ بارکەن بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون خاکی کەرکووک چیتر بەرگەی داگیرکاری ناگرێت و ئەم کەرکووکە و ئەم وڵاتەی کوردان چیتر بۆ داگیر کردن ناشێت، عەرەبە هاوردەکان دەبێ تێبگەن بەرد لە شوێنی خۆی سەنگینە و ئەگەر سەنگ و نرخی خۆیان بوێت پێویستە بۆ ئەو شوێنە بگەڕێنەوە کە لێوەی هاتوون ئەگینا شۆرشی کوردان و پارتی دوودڵ نابێت لە ڕزگار کردنەوەی کەرکووک و گەڕاندنەوەی دڵەکەی بۆ ئەو کوردستانە کە بە بێ ئەو ناژیت.
کاتی خۆی دوژمنانی خاکەکەمان لە بارزان شوانێکیان بەو جەمانە سوورەی لەسەری بوو خنکاندیان، چونکە ئامادە نەبوو خۆی بۆ خواستەکانی ئەوان بچەمێنێت بۆیە تا ئێستا جامانەی سوور لە سەر ئاستی کوردستان بووەتە ڕەمزی بەرخودان و سەرهەڵدان و شۆڕش و خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو کورد و کوردستان و دادپەروەریدا گیانیان لە دەست دا. بە دڵەوە دەڵێم ئەم وێنەیەی ئەم جووتیارەی سەر تەراکتورەکە بیپارێزن چونکە ڕەنگە رۆژێک بێت ئەم وێنەیە وەک ڕەمزی بەرهەڵستکاری و بەرخودان لە سەر پارەی داهاتوی کوردستانی سەربەخۆ وێنابکرێت.