کوردستان زێدی بەیەکەوەژیانە

وەیسی سەعید وەیسی
بەشی دووەم
“سەرۆک مسعود بارزانی قەڵغانی پاراستنی بەیەکەوەژیان”
سەرۆك مسعود بارزانی، وەک هێمای لێبورده‌یی و بەیەکەوەژیان لەکوردستاندا بەردەوامی بەم بنەمایانە دەدات، ھەمیشە ڕێزگرتن لە فرە ئایینی و فرەنەتەوەیی ستراتیژیەتی کارکردنی بووە، بۆیەش لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی بەرێزیان ‎سەرەڕای بوونی جیاوازی له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌، كه‌چی کوردستان بووە بە لانەی‌ بەیەكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌ و ئاینزاكان، ئەمەش جوانییەکی تری بەخشیوەتە کوردستان و بووە بە فاکتەری سەرەکی بەردەوامی ژیان لەنێوان پێکھاتەکان، تەنانەت ھەر بەھەوڵەكانی جەنابیان مافی پێكھاتەکان لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدادەستەبەرکرا، وێڕای ئەوەی بڕیاریدا له‌ بری چه‌مكی (کەمینە)، له‌ داموده‌زگا کان چه‌مكی (پێکهاتە) به‌كاربێت.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەکاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر فەرماندەیی سەرۆک مسعود بارزانی شەڕێکی جیھانی کرد دژی تیرۆر و ئەفسانەی داعشی تێکشکاند،بەمەش پێشمەرگە بووە پارێزەری پاراستنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، ئەوەی داعش تێکیدا جارێکی تر لەسەردەستی پێشمەرگە بنیاتنرایەوە.
جگە لەوەی بەردەوام لەسەر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی باوەشی كوردستان كراوە بووە بێ جیاوازی بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتیانەی بەهۆی هێرشی تیرورستانی داعش ماڵ وحاڵی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لەهەرێمی کوردستان کرد، تەواوی مافەكانیان لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دابینكراوە و سەر و ماڵیان پارێزراو بوو، وێڕای ئەوەی سەرۆک بارزانی پشتیوانێکی بەھێزی مافی پێکھاتەکان بووە و دژی ھەر ھەوڵێکی نەزۆک وەستاوەتەوە کە ھەوڵی تێکدانی ڕەوشی بەیەکەوەژیان لەھەرێمی کوردستان بدات، کە دواھەمینیان پرسی نەمانی کۆتای پێھاتەکان بوو لەپەرلەمانی کوردستان، کاتێکش دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاری دژی کورسی کۆتاکان دەرکرد، سەرۆک مسعود بارزانی دژی وەستایەوە و ڕێگەی نەدا بەبێ نوێنەرایەتی پێھاتەکان ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەمە تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان، بێبەشكردنی پێكهاتەكان لەکایەی یاسایی لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان، بەمەش پێکھاتەکان ھەستیان بە دڵنیایی کرد و بۆیان دەرکەوت کە سەرۆک مسعود بارزانی قەڵغانی پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانە، ئەم پشتیوانییه‌ش بۆ ھیچ بەرژەوەندی و مەبەستێک نەبوو، بەلکو بڕوا و پرەنسیپە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوه‌ڕ و کولتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستاندا.

“پارتی پارێزەرێكی بەهێزی بەیەكەوەژیانە”
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بڕوای بە فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی ھەبووە، لەم پێناوەدا کاری کردووە و برەوی بە کولتوری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێھاتەکانی کوردستانی داوە، بۆیەش ھەر زوو ناوی خۆی لە (پارتی دیموکراتی کورد)کردە(پارتی دیموکراتی کوردستان ) تا حزبی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکی کوردستان بێت، هیچ كات له‌ سنوورێكی جوگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نه‌كرایه‌وه‌ بەڵکو توانی به‌ ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر لە کاتی دامەزراندنییەوە ھەموو سنوورێک تێپەرێنێت و ببێتە حزبی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان، پارێزەرێکی بەھێزی بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیان بێت، ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌ستكه‌وتێكی بێوێنه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بوو له‌ پێشكه‌وتنی هزری سیاسی له‌ كوردستاندا، کۆمەلێک سەرکردە و کادیری پێشکەوتوو لەنەتەوە و ئایین و مەزھەبی جیا لە ( -توركمان- ئاشووری -كلدان-سریان- ئەرمەن- کاکەیی-فەیلی ) لە نێوپارتیدا ھەبوون و تا ئێستاش ھەن و خاوەن پێگە و رۆڵی دیارن، تەنانەت لەگەڵ ھەڵگیرساندنی شۆرشی ئەیلوولدا بارزانیی نەمر لە پێناوی ئازادی کوردستان بەیەکەوە ژیانی لە دروشمەوە کردیە کردار، موسڵمانێک و کریستیانێک و ئێزدییەک لە یەک سەنگەردا کۆبکاتەوە و خوێنی شەھیدان (ھورمز ملک چەکو-حاجی خدرخرمە-محمود ئێزدی -ئادەم قەیسەر-مارگرێت -ئەلیاس یۆنان گلیانە-میخائیل بنیامین شاھین – جەمال فەتاح کاکەیی ) تێکەلاوی یەکتر بن .
ھەربە پێداگیری بارزانیی نەمر و پارتی حکوومەتی عێراق ناچارکرا دان بەمافی رۆشنبیری پێکھاتەی تورکمان بنێت، تەنانەت ئەوکات پۆستی بریکاری وەزارەتێک لەحکوومەتی عێراق بەرپشکی کورد کەوت کە لەلایەن تورکمانێک بەڕێوە دەبردرا، بارزانیی نەمر ڕەزامەندی نەدا کە تورکمانەکە لاببردرێت. لەڕووی مەزھەبیەوەش کوردانی فەیلی ھەمیشە ڕۆڵ و پێگەی دیاریان ھەبووە لە ڕیزی شۆرش، بەھاوکاری وکۆمەکی چەندین سەرمایەداری فەیلی کەلوپەل و ئامێر و کەرستەی ئێزگەی دەنگی کوردستان کڕدرا وە بۆ یەکەم جاریش بەدەنگی (تالیب جەبار داود) کەکوردی فەیلی بوو ئێزگەبەدروشمی (ئێرە دەنگی کوردستانە)دەستی بەکارکرد …
بۆ پشتیوانیی کردن لە ئێزدییەکان کە ڕووبەڕووی شاڵاوی سەربازی سوپای عێراق و بۆمبارانکردن وراگواستن وتەعریب دەبوونەوە، بەبریاری بارزانیی نەمر لە ٢٥ی ئابی ١٩٧٣ یەکەمین مانگرتنی گشتی لەسەرتاسەری کوردستان ڕاگەیاندرا، پارتی لەژیانی سیاسی خۆیدا ھەمیشە بەردەوامی داوە بەکولتووری بەیەکەوە ژیان و دژی ھەر ھەوڵێکی نەزۆک وەستاوەتەوە کە ھەوڵی تێکدانی ڕەوشی بەیەکەوەژیان لەھەرێمی کوردستان بدات.
ئێستاش پارتی لەسۆنگەی بڕوا بوون بە بەیەکەوەژیان و نەبوونی دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی ڕۆڵێکی پڕ ڕەنگ و یەکلاییکەرەوەی ھەیە بەردەوامیدان بە قووڵکردنەوەی بەھا بەرز و مرۆییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستان، بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە، لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ ڕۆلەکانمان کە کوردستان وەک ھەمیشە وڵاتی ھەمووان دەبێت .