غەفوور مەخمووری
هێرش و ڕەفتاری سوپای عێراق چ لە ساڵانی رابردوو و چ لە ئێستادا لە دژی جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان و شەناغە و سنووری پارێزگای کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان، ئەو راستییە بەبیر هەموو لایەک دێنێتەوە، کە عەقڵییەتی سوپای ئێستای عێراق هەمان عەقڵیەتی سوپای سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسە، کە سوپای عێراق سوپایەکی ڕەفتار فاشی و دژە کوردە.
ئەزموونی زیاتر لە سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبی عێراقدا ؛ ئەزموونێکی تاڵە، لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا تەواوی سوپا و دەسەڵاتەکانی عێراق دژی کورد بوون و هەوڵی لەناوبردنی کوردستانیانداوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامی عەرەبی عێراق هاوڕا و هاوکاربوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوی دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، دەسەڵاتی ئێستاش لە هەموویان خراپتر و زاڵمتر، ئەوەتا دەبینین سوپا چۆن ڕەفتار دەکات و، دەسەڵاتی عێراقیش چۆن درێژە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەدات.
بەداخەوە سوپای داگیرکەری عێراق؛ وەک هەمیشە و جارێکی دیکە دژایەتی خۆیان بەرامبەر گەلی کوردستان نوێکردەوە و، ڕۆژی دووشەممە، رێکەوتی 17 / 2 / 2025، هێرشیانکردە سەر جووتیارانی سەرگەڕان و شەناغە، ئەم ڕەفتارەی سوپای داگیرکەری عێراق هەمان رەفتاری سوپای رژێمی رووخاوی بەعسە، درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردن و ئەنفالکردنی کوردستانە، ئەم ڕەفتارەی سوپای داگیرگەری عێراق ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کەوا دەسەڵاتدارانی عێراق وەک هەمیشە دژە کوردن و یەک لە یەک زالمترن بۆ گەلی کوردستان، لە مێژووی بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانی عێراق زاڵمتر و بێنمەکتر نەبووە و نیە، پێویستە هەموو لایەکمان دژی ئەو ڕەفتارە و تەواوی ڕەفتارەکانی سوپای داگیرکەری عێراق دژ بە گەلی کوردستان بوەستینەوە و زۆر بەتوندی ئیدانە و شەرمەزاریان بکەین و ڕەتیانبکەینەوە، لەهەمان کاتدا پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ جووتیارانی سەرگەڕان و شەناغە و تەواوی جوتیارانی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان رابگەیەنین و، ئامادەبین بۆ بەرگریکردن لێیان و بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر موڵکی خۆیان.
وەک لای هەموو لایەکمان ڕوونە دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق بە سووننە و شیعەوە زۆربەی هەرەزۆریان لە دژی کورد یەکهەڵوێست و یەکدەنگن، مێژووی سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبی عێراق دەیسەلمێنێت کە هیچ کات دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق دۆستی کورد نەبوونە و دۆستی کوردیش نابن، ئیدی بەسە با فێڵ لەخۆمان نەکەین و کات بەفیڕۆ نەدەین، با لە جیاتی خەریک بوون لەگەڵ بەغدا بەیەکگرتووی بەگژ ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی عەرەبی عێراق دابچینەوە، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی کاربکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەی .
لە ڕەوشێکی وادا ؛ لێرەوە بانگ لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەین کەوا بڕیاری یەکلاییکەرەوەی خۆی بدات و چیتر ئەو ناعەدالەتی و بەسووکسەیرکردنەی عێراق قبوڵ نەکات و تەواوی کارمەندو بەرپرسە بێدەسەڵاتەکانی کوردستان لە بەغدای عەرەبی بکێشێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە کوردستان، لەهەمان کاتدا پێویستە بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین ناوەندی پەرش و بڵاوی سیاسیی کوردستان رێکبخەینەوە و چەترێکی هاوبەش بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەژێر ئەو چەترەدا کۆببنەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی بکەین، بێگومان هێزی ئێمە لە یەکڕیزی و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیز و یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین ناحەزان سوودیان لەو پەرش و بڵاوییەمان وەرگرتووە، وەک ئەوەی لە ئێستادا روودەدات، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانی یەکدی بین و جلی تەنگی حزبایەتی فڕێبدەین و جلی کوردایەتی لەبەرخۆ بکەین، هەروەها پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانی رابردوومان وەربگرین.
جارێکی دیکە لێرەوە داوا دەکەین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ :
١- رێکختستنەوەی ناوەندی سیاسی کوردستان و پێکهێنانی چەترێکی هاوبەش، کە تەواوی لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ.
٢- داهاتی کوردستان رێکبخەینەوە و، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکی نیشتمانی بەناوی (سندوقی داهاتی کوردستان) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی چیتر چاومان لە دەستی بەغدا نەبێت و، بەپێی داهاتی مانگانەی کوردستان مووچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و پێویستییەکانی کوردستان دابین بکرێت.
٣- لێژنەیەکی باڵای دیبلۆماسی لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکبهێنرێت بۆئەوەی پەیوەندی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زولمەکانی عێراق بەرامبەر گەلی کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکومەتی کوردستان.
٤- پێکهێنانی بۆردێک بەناوی (بۆردی سەربەخۆیی کوردستان)، بۆئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری بۆ بکات.
*سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK