کوردستان زێدی بەیەکەوەژیانە

وەیسی سەعیدوەیسی
یەکێک لە سیما گەشەکانی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی ومەزھەبە جیاوازەکانە. سەرەڕای بوونی جیاوازی له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌و مەزھەب، كه‌چی کوردستان بووە بە سەرزەمینی بەیەكەوەژیانی نێوان هەموو پێكهاتەكان،خوای گەورە دەیتوانی هەموو مرۆڤەکان بە یەک نەتەوە و یەک ئایین دروست بکات، بەڵام فرەیی کردە میکانیزمی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، گەرسەیری ھەر گوند و شارێکی کوردستان بکەین زۆر بە ڕوونی ئەم راستیەمان بۆ بەدیار دەکەوێت چۆن لەزۆربەی شوێنەکان مزگەوت وکڵێساکان بەتەنیشت یەکەوەن، باوەڕدارانی ئایینەجیاوازەکان دراوسێی یەکترن، لەخۆشی و ناخۆشی یەکتر بەشدارن، بەیەکەوەتاڵی و ناخۆشیان چەشتوە و قوربانییان داوه‌، خه‌باتیان كردووه‌ و ڕه‌نجیان كێشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئازادی‌ بژین، گەر لەنزیکەوە وردنەبیەوە نازانی کام چ ئایینێک یاخود چ نەتەوەیەکە، بۆیە گرنگە ئەم ڕاستیە بۆنەوەی ئێستا و داھاتوو بخرێتە ڕوو…

“بەیەكه‌وه‌ژیان، بڕوا و پره‌نسیپه‌”
بەیەکەوەژیان بەشێکی گرنگی کەلتوری ژیانە لە کوردستاندا، ئەمەش شتێکی تازە نییە، بەلکو بڕوا و پرەنسیپە، نە بەفشاری دەرەكیە نە بۆ ڕازیكردنی ئەم و ئەوە، بەڵكو ئەمە رەگ و ریشەی لەناخ و باوەر و قەناعەتی باوباپیرانمانداھاتووە، بەرلەچەندین سەدە، تا بەھیچ شێوەیەک نەتواندرێت کەلێن لەم رووەوە دروست بکرێت، بۆیە گرنگە بایەخی زیاتر بەم پرسە بدرێت تا ھیچ کەس و ئایدیا و تێروانینێک نەتوانن کەلێنێک لەم رووەوە دروست بکەن، لەگەڵ ئەوەی کوردستان بە چەندین قۆناغی سەخت و دژواردا گوزەری کردووە، بەڵام ھیچ کەلێنێک لەم ڕووەوە دروست نەبووە، ھەر ھەموویان بە بێ جیاوازی لە ژێر چەترە گەورەكەی كوردستان كۆبووینەوە، كە ئەمەش شانازیەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان و بەرھەمی لەم خاڵانەی خوارەوەیە…
‎یەکەم : بەیەکەوە ژیان بنەمایەکی قووڵی باوەری کوردستانییانە، لەحەقیقەتی ئیسلام و ئیرادەی خوای گەورە، ئەم تێگەیشتنە ھۆکارێکی گرنگ بوو تا ھەمیشە بە ڕێزەوە لەیەکتر بڕوانن، لەم ڕووەوە کەسایەتییە ئایینیەکان ڕۆلی دیار و پێشەنگیان بینیوە، نمونەی زیندوو گەلێک زۆرن کەئەمانە بەشێکی بچووکن لەخەرمانێک …
‎*کاک ئەحمەدی شێخ لە شاری سلێمانییەوە ئەچێتە شاری مەھابادی کوردستانی ڕۆژھەڵات بۆ ئاشتکردنەوەی دڵی جولەکەیەک کە لەلایەن موریدێکی شێخەوە ئازار درابوو.
‎*لەشاری هەڵەبجەکاتی خۆی فەقێیەکان ئەچونە ماڵی مەسیحیەکان بۆھێنانی خواردنی رۆژانەیان.
‎* کاتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ھەوڵی تێکدانی شارۆچکەی عەنکاوە و لەناوبردنی کریستیانەکان درا، مەلافەندی فەتوای دا دروست نییە ھێرش بکرێتە سەریان ئەمەش بووە مایەی پاراستنیان،گەلێ نموونەی تریش ھەیەکەلێرەدەرفەت نابێت بخرێنەڕوو…
‎دووەم : رێبەرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان رۆڵی گرنگیان ھەبووە، لە داكۆكی کردن لە مافی پێكهاتەكان، ئەمەش فاكتەرێکی تر بووە بۆ چەسپاندن و بڵاوكردنەوەی بنەماكانی پێكەوە ژیان، شێخ (عەبدولسەلام بارزانی) دیارترین ئەو ڕێبەرانەیە کاری کردووە لەپێناو یەکترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە، بۆ ئاوەدانكردنی كۆمەڵگایەكی مرۆڤ دۆستانە، كە تێیدا كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بیت، گەر تەنها گوندی(بارزان) بە نموونە وەربگرین ئەم ڕاستیەمان بۆ بەدیار دەكەوێت كە جگە لە وەی (بارزان) لانكەی شۆڕش و كوردایەتیە، لە هەمان كاتیشدا تاکە شوێن بووە لە کوردستان، شوێنی خواپەرستی باوەڕدارانی چەندین ئایین بەبێ جیاوازی لەتەک یەکەوەبوون و لە ئەرك وماف دا یەكسان بووینە و هەستیان بە هیچ جیاوازیەك نەدەكرد،بۆیەش كاتێك قەشەی بەناوبانگ (وێگرام) دێتە دەڤەری بارزان دەبینی شێخ عبدالسلام بارزانی زیاتر لەوان لە خەمی باوەردارانی ئایینەکان دایە بێ جیاوازی خۆشحال و سەرسام دەبێت بەشێخ دەڵێت؛ ئەوەی تۆ دە یكەی بۆ پێكەوەبوون بە ئێمە ناكرێت بۆیە دەگەڕێتەوە.
‎ لەدوای ئەوەی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) لە لایەن عوسمانییەكانەوە بە بیانووی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە سێدارە درا، (شێخ ئەحمەدبارزانی )ئەم بنەما ھزرییانەی بە شێوەیەك كردە کردار تا بووە بەشێكی گرنگ لە فەرھەنگ و كلتوری خەڵكی بارزان.

“ئەم فەلێت بارزانین و ئێمەش بارزانین”
پاراستنی کلتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستاندا تەنها لە قۆناغێكی دیاریکراو نەبووە، بەڵكو ئەوەندە قووڵ وبەھێزە ڕەگوڕیشەی خۆی داکوتاوە، تەنانەت لەشۆڕشەکانی ڕزگاریخوازیشدا ڕەنگی داوەتەوە .
مستەفا بارزانیی نەمر، ڕابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان،
جگە لەوەی لە قۆناغێكی مێژوویی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی کوردستان دەستپێکرد و ھەموو ژیانی خۆی بۆ وەدیھێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان تەرخانكرد، میراتێكی گەورە و پڕ لە شانازی بۆجێھێشتین، لەپاڵ خەباتی نیشتیمانی بارزانیی نەمر، خەباتێکی مرۆیی و ئاشتیخوازانەشی ئەنجامدا، بێ جیاوازی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی کۆکردنەوە و پارێزگاری لێ دەکردن، لەپێناو یەکتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە، ئەزموونی ساڵانی تەمەنی پڕ شانازی بارزانیی نەمر سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یه‌كتر قبووڵکردن و لێبووردەیی لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی کولتووری ڕێبازی بارزان بووە، بەشێوازی کرداری ڕەنگ بداتەوە، بۆیە کاتێک ئەندرانیک پاشای ئەرمەنەکان نامەیەک بۆشێخ ئەحمەد بارزانی دەنێرێت و داوای بەھانا ھاتنی لێ دەکات چونکە ستەم لەئەرمەنەکان دەکرێت (بارزانیی نەمر )لەگەڵ چەند پێشمەرگە دەچن بۆ داکۆکیکردن لێیان سەرۆک مسعود بارزانی ئەم رووداوەی گێڕاوەتەوە کاتێک جەنابی بارزانیی نەمر لە ئەمەریکا دەبێت بۆ سەردانیکردنی پزیشک بۆ ھەندێک کاری تایبەتیان دەچنە سۆپەرماکێتێک پیاو و ئافرەتێک دەچنە لایان پرسیاری جەنابی بارزانیی نەمر دەکەن کاتێک دڵنیا دەبن ئەوە جەنابیانە ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەکەن و پێی دەڵێن ئێمە ئەرمەنین نەوەی (ئەندرانیکین )کاتی خۆی باپیرمان زۆرباسی پیاوچاکی و مەردایەتی ئێوەی بۆکردووینە کە چۆن بەرگریتان لە ئەرمەنەکان کردووە و ڕزگارتان کردوونە بۆیە ڕاستەوخۆ تۆمان ناسیەوە دەمانەوێت لەدڵەوە سوپاست بکەین، ھەروەھا لە سەردەمی شۆرشی ئەیلوولی مەزن بارزانیی نەمر بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایین و مەزھەب ھەرھەموویانی لەژێر یەک ئاڵا و یەک سەرکردایەتیدا بۆ یەک ئامانج و مەبەست کۆکردنەوە و بەرپەچی زوڵم و ستەمیان دەدایەوە، دوای ڕێکەوتنامەی (11)ی ئادار لەگەل ئەوەی بەپێی یاسای ئەوکاتی عیراق رێگاپێ نەدراوبوو جگە لە موسلمان ھیچ باوەڕدارێکی ترببێتە (قائیمقام) بەڵام پێ داگیری و سووربوونی بارزانیی نەمر وای کرد رەحمەتی(فرەنسۆھەریری )کە بە ئایین ئاشوری بووبکرێتە قائیمقامی قەزای چۆمان.
‎تەنانەت لە رۆژانی سەخت و دژواردا پێکھاتەکانیش بێ بەش نەبوون لە زولم و ستەمەکانی رژێمی بەعسی لەناوچوو، کەدەرحەق بەخەلکی کوردستان دەیانکرد کاتێکیش لەسالی (١٩٨٣) پرۆسەی ئەنفالی بارزانیەکانیان دەستپێکرد . کۆمەڵێک هاووڵاتی کریستانی گوندی بێدیال دەکەونە بن دەستی پیاوانی ڕژێم. لەکاتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەوانەی دەستیگریان کردوون بارزانینە یان نا؟ ئەفسەرەکە ناسنامە لەهەمووان وەردەگرێت . بەهۆی ناوەکانیان و دەستنیشانکردنی ئایین لەسەر ناسنامەکانیان دەناسرێنەوە . کە کریستانن : پێیان دەلێت ئێوە مەسیحین بەهەڵە دەستگیر کراون، دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانتان، ئێمە تەنها بارزانیەکان دەستگیردەکەین، لەوەڵامدا بەپیاوانی ڕژێم دەلێن : ڕاستە بەئایین مەسیحین، بەلام ئەم فەلێت بارزانین و ئێمەش بارزانینە. ئەفسەرەکە بەتوڕەییەوە وەڵامی دانەوە : کەواتە ئێوەش پێتان خوشە لەگەل ئەواندا بمرن ؟! لەوەڵامدا گوتیان : مردن لەگەل بارزانییەکان بۆ ئێمە سەربەرزیە . بۆ ژیانێکی ژێر دەستەیی ئامادەنین دەست لە ناسنامەی بارزانی بوون هەڵبگرین . بەم شێوەیە ژمارەیەک هاوولاتی کریستیانی گۆندی بێدیال لەگەل هەشت هەزار بارزانی بێ سەروشوێن کران.