گڵۆپی سەوزی بارزانی بۆ ئاشتەوایی

‎هاودەنگ فارووق
دواجار شاندی ئیمرالی بۆ تاوتوێكردنی دۆخی كورد لەناوچەكە و، پرسی ئاشتەوایی لەباكووری كوردستان گەیشتە سەری بڵند و، هەموو پریاسكەی خەم و ئامانج و بەرنامە و پلانیان لەبەردەمی ڕابەری كورد سەرۆك بارزانیدا كردەوە.
ئەم بابەتە هەروا ڕووداوێكی ئاسایی نییە، بەڵكوو ڕەنگدانەوەی دوو ڕاستی جەوهەرییە لەناو ماڵی كورد خۆیدا، دوو ڕاستییەكەش ئەمانەن:
یەكەم: ئەگەرچی لەسەرەتای دروستبوونی پەكەكەوە، هەوڵێكی زۆر گەورە دەدرێت بۆ دژایەتیكردنی پارتی و بارزانی، سەدان دەزگای میدیایی ڕۆژانە بۆ ئەو ئامانجە ناڕەوایە ژەهر دەڕێژن بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن كە لەهەرێمی كوردستانەوە دژیایەتی مافەكانی كوردە لەباكووری دەكرێت.
بەڵام ئەو سەردانە و پەیامی ئۆج ئالان بۆ ڕابەری كوردان. ئەوەی سەلماند كە نەیارانی كورد هەرچۆن ژەهر بڕێژن، بارزانی بەیەك جام شیری مەرحەمەتی كوردانە دەیانگرێتەوە.
دووەم: پێگەی سەرۆك بارزانی میحوەری دۆزی كوردە لەهەرچوار بەشی كوردستان، بەجۆرێك هیچ پلان و خەیاڵ و بەرنامەیەك لەهەرچوار بەشەكە، بەبێ گوزەركردن بە ڕێگەو ڕێنوێنی بارزانیدا، بەهیچ شێوەیەك گوزەر ناكات، هیچ پرۆژەیەك لەبارەی كوردستانەوە، بەبێ گڵۆپی سەوزی سەرۆك بارزانی نەڕووناكی دەبینێت و نەدەرفەتی ئەوەیشی هەیە بە مردووییش لەدایك ببێت.
خودی كورد و، دەوڵەتانی چواردەوری كوردستانیش لەوڕاستییە تێگەیشتوون، بۆیە لایەنی توركی و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتەوایی لەباكووری كوردستان، ئۆكەی دەداتە شاندی ئیمرالی، تاكو سەردانی ڕابەری كوردان بكەن و، لێرەوە دوگمەی ستارت بۆ پرۆسەكە دابگرن.
ئاشكرایە سەرۆك بارزانی لە سەرەتای ساڵانی دووهەزارەوە تاكو ئێستا، بێ پسانەوە كار دەكات بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی لەباكووری كوردستان بكەوێتە سەرپێ. بارزانی لەدوای مێژوویەكی زۆر لەشۆڕش و بەرخۆدانی چەكداری و پێشكەشكردنی هەزاران شەهید لەگەلەكەی و سەدان شەهید لە كەسوكار و خزم و نزیكی خۆی و بنەماڵەكەی، دێت و بەهەموو جیهان و بەداگیركەرانی كوردستان و بە نەتەوەی كوردیش دەڵێت: پێویستە مافەكانی كورد بەڕێگای ئاشتی و دیالۆگ دەستەبەر بكرێن. هەروەك دەڵێ: نەداگیركەران توانییان بەچەك كۆتایی بە گەلی كورد بهێنن، نە گەلی كوردیش توانی بە چەك داگیركەران لەكوردستان بكاتە دەرەوە.
بارزانی ئەو بانگەوازانەی ئاشتی تەبەنی دەكات كە ئامانج لێیان كۆتاییهاتنی نەهامەتییەكانی نەتەوەی كورد بێت. بۆ ئەوەش هەرگیز كەمتەرخەمی نەكردووە. لەئێستاشدا سەركردە هۆشمەند و ژیرەكانی كوردانی هەرێمی كوردستان و شەخسی ئۆج ئالانیش، ئەو بڕوایەیان تۆخكردەوە كە بارزانی پێشتر كاری بۆ كردووەو، دەوڵەتانی ناوچەكەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەوە ڕێگە ڕاستەكەیە.
لەدوای ساڵانێك لەململانێی خوێناوی، هەردوو گەلی تورك و كورد پەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوەو، مافەكانی كورد بەڕێگای ئاشتی مسۆگەر بكرێت. ئەمە ئەو سەرەداوەی گۆڕینی مێژووە كە بارزانی چەندین ساڵە بەئەنگوستەكانی ئاماژەی بۆ دەكات. ناوچەكەش بەو میكانیزمە لەسیراعێك دەپارێزرێت كە ڕەنگە تەڕو وشك پێكەوە بسووتێنێت.