بوونی ئیرادە بەدەستهێنانی ئامانجە

بەكر كەریم حەسەن
(بوبلیلیۆس سیرۆس) فەیلەسووف و نووسەر و شاعیری ئەوسای ئیتالیا دەڵێ: “ئەوەی ئیرادەی هەبێت هێزی دەبێت.
بێگومان هەر مرۆڤێك لەسەر گۆی زەوی چەندین خەون و مەبەست و ئامانجی هەیە لە ژیانی خۆیدا ئارەزوویەتی بۆی جێبەجێ ببێت و بە هەموو هێز و بیركردنەوەی جۆراوجۆر هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات. بەڵام لەوانەیە ئامانجەكەی بەدی نەیەت و زۆر جاریشە خەونەكانی دەبنە ڕاستی و ئامانجەكانی بەدی دێت تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە هەردەم خاوەن ئیرادەیەكی بەهێزن، چونكە هەبوونی ئیرادە لە ناخی هەر كەسێك دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكان. لەبیرمان نەچێت هەموو ئەوانەی كە بە چاوی گەشبینی و ئەرێنی، سەیری ژیان دەكەن و ئەو كەسانەی كە لە دوورەوە هەست بە تارمایی ئامانجەكانیان دەكەن، چونكە لە ناخیاندا ئیرادەیەكی نەگۆڕ و بەهێز هەیە و هەمیشە سوورن لەسەر هەوڵەكانیان و هەرگیز خۆیان بەدەستەوە نادەن و بەردەوامن لەسەر تێكۆشان و هەوڵەكانیان بەبەردەوامی تەنگژە و بەربەستەكانی كە دێنە پێشیان دەیكەن بە دەرفەت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان. لێرەدا ڕۆڵی مامۆستایان گرنگە كە هەمیشە قوتابیەكانیان ڕابهێنن لەسەر ئەوەی بەردەوام ئیرادەیان هەبێت و نەترسن و خۆیان بەدەستەوە نەدەن، بابەتەكانیان بە قورس و سەخت نەبینن و قوتابخانە و پۆل و بابەت بە هۆكاری دڵخۆشی و گەیشتن بۆ ئامانجەكانیان تەماشا بكەن و بتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بابەت و وانەكان و ساڵەكان بە سەركەوتوویی تێپەرێنن.
مامۆستایەك گێڕایەوە كە مامۆستای زمانی عەرەبی بوو گوتی: “ساڵێكیان وانەی زمانی عەرەبیم بە قوتابیان دەگوتەوە لە قوتابخانە كە دوو سەپەرشتیار لە وەزارەت هاتبوون بۆ سەردانی هەڵسەنگاندنی من كاتەكەش چەند هەفتەیەك پێش كۆتایی ساڵی خوێندن بوو، كە من خەریكی باسكردنی بابەتەكە بووم لە ناكاو قوتابییەك قسەی پێم بڕی و گوتی مامۆستا بابەتی زمانی (عەرەبی) زۆر قورسە و لێی تێناگەین و هێشتا ئەو قوتابیە قسەكانی تەواو نەكردبوو هەموو قوتابیەكانی تریش هەمان قسەیان كرد و، هەموویان بوونە ئۆپۆزسیۆن و دژی بابەتەكە و دەنگەدەنگ بەرز بووەوە و، هەریەكە و لە شوێنی خۆی قسەی دەكرد و دەیانویست ژاوەژاو دروست بكەن و كات بەفیڕۆ بدەن و، ئەو بەزمەیان دروست كرد لە پێش ئەو دوو سەرپەرشتیارەی وەزارەت كە بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی من هاتبوون، دەڵێ منیش كەمێك بێدەنگ بووم و، دواتر گوتم زۆر باشە ئەوڕۆ وانە ناخوێنین دەیگۆڕینەوە بە یارییەك. قوتابیەكان دڵیان خۆش بوو، دوو سەرپەرشتیارەكە حەپەسان و ڕوویان گرژ و تووڕە بوون، مامۆستاكە لەسەر تەختە ڕەشەكە وێنەی كەموڵەیەكی كرد شووشەیەكی ملباریك و ژێرەوەی فراوان بوو، وێنەی مریشكێكی لەناو شووشەكە كێشا، دواتر گوتی كێ دەتوانی ئەو مریشكە لە ناو ئەو شووشەبە دەربكات؟ بە مەرجێك نە شووشەكە بشكێ نە مریشكەكەش بمرێ، قوتابیەكان زۆر هەوڵیاندا هەموو هەوڵەكانیان شكستی هێنا و هەروەها دوو سەرپەرشتیارەكەش قوول بوونەوە لەگەڵ ئەو مەتەڵە و هەوڵەكانی ئەوانیش سەركەوتوو نەبوو، لە دواوە قوتابییەك بە نائومێدی گوتی مامۆستا ئەو مریشكە دەرناكرێ لەو شووشەیە یان شووشەكە بشكێنین یان مریشكەكە بكوژین. مامۆستا كە گوتی نابێ لە مەرجەكە سەرپێچی بكرێ، دواتر قوتابییەك بە شەكەتی گوتی مامۆستا بەو كەسە بڵێ كە مریشكەكەی لە ناو شووشەكە داناوە، چۆن دایناوە با هەر ئەو دەری بكات. قوتابیەكان هەموو پێكەنین دەنگی مامۆستاكە پێكەنینی قوتابیەكانی بڕی و گوتی ڕاستە زۆر ڕاستە ئەوە وەڵامەكەیە، ئەو كەسەی مریشكەكەی لەناو شووشەكە داناوە هەر ئەو دەتوانی دەریبكات وەكو ئێوە چۆن ئەو تێگەیشتنەتان خستۆتە ناو بیروهۆشتان كەوا بابەتی (زمانی عەرەبی) قورسە. هەرچەندە باسی بكەم بۆ ئێوە و هەوڵ بدەم ئاسانی بكەم بێسوودە و ئەنجامی نابێت، تەنها ئەگەر ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان لەبیری خۆتان دەركرد بێ یارمەتی هەروەكچۆن خستووتانە بیر و هزرتان بێ یارمەتی.
مامۆستا گوتی وانەكە كۆتایی هات و دوو سەرپەرشتیارەكە بە من زۆر سەرسام بوون، منیش سەرم سوڕما لە قوتابییەكان دوای ئەو وانەیە چوونە پێشی زۆریان لێ بەدی كرا و بابەتی (زمانی عەرەبی) یان بە ئاسان و سادەیی وەرگرت.
لێرەوە ئەو تێگەیشتنە دەردەكەوێ لە بیر و هزری هەرکامێكمان كەوا قورسە ئەگەر بە خۆمان بە ئیرادەی خۆمان قورسمان كردبێت، هەروەها بە ئیرادەی خۆمان دەتوانین ئاسانی بكەین و بەدەستی بهێنین بەبێ هیچ گرفت و ئاستەنگێك.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی