دیدگایێکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان: بنیاتنانەوەی متمانە و گەڕانەوەی هەیبەت

مەرد عەلی خاڵە
پەرلەمانی کوردستان، وەک باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و نوێنەرایەتیی گەل، لە چوار ساڵی ڕابردوو بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕی. لە خولی پێنجەمدا، ئەم دامەزراوە گرنگە تووشی چەندین گرفتی بنەڕەتی بوو کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی گشتی و کاراییەكەی دروست کرد. ئێستا، لە بەرەبەری خولێکی نوێدا، پێویستە بە شێوەیەکی ورد و زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو بکەین و نەخشە ڕێگەیەکی ڕوون بۆ ئایندە دابڕێژین.
پەرلەمان، کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک ڕۆحی بەبەردا کراوە، ناکرێت چیتر خۆی لە بەرپرسیاریەتیی ڕاستەقینە بدزێتەوە. ئەو دابڕانەی لە نێوان پەرلەمانتاران و دەنگدەران دروست بووە، دەرەنجامی سیستەمێکی ناتەندروستە و پێویستە بڕیاری پەرلەمانتار لە هەناوی خواست و پێداویستییەكانی خەڵکەوە بێتە دەرەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ڕابردوو كەمتر وابووە. بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە.
لە چوار ساڵی ئایندە، پێویستە پەرلەمان ببێتە ناوەندی ڕاستەقینەی بڕیاردان و چاودێریکردن، ئەمەش لە ڕێگەی چەند ڕێکارێکی گرنگەوە دەکرێت:
یەکەم: پێویستە پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیستەمی کارکردنی پەرلەمان بکرێت. دەبێت پەرلەمانتاران سەربەخۆیی زیاتریان لە بڕیاردان و دەنگدان هەبێت، بە تایبەت لەو پرسانەی پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە. گرنگە كە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان، ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕن لە چاودێریکردنیی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان.
دووەم: پێگەی پەرلەمان لە سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە پێناسەیەکی نوێ هەیە. ناکرێت چیتر پەرلەمان تەنیا شوێنی ململانێی حزبی بێت یان ببێتە گۆڕەپانی پۆپۆلیزم و درووشمی بێ ناوەڕۆک. پێویستە ببێتە ناوەندی گفتوگۆی جددی و دروستکردنی سیاسەتی گشتی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی دەکات. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی کولتوری سیاسی و پەرلەمانی هەیە.
ئەزموونی خولی پێنجەم دەریخست، هێزە سیاسییەکان لە پەرلەماندا تووشی دۆخێکی ناڕوون و دژوار بوون لە پێناسەکردنی پێگەی خۆیان. دابەشبوونی توند لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارایی پەرلەمان هەبووە. لەکاتێکدا چەمکی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە سیستەمی دیموکراسیدا پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراوی هەیە، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستاندا ئەم سنوورە ڕوونانە تێکەڵ و ناڕوون بوون. هەندێک لە هێزەکان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن پێناسە دەکرد، لە هەمان کاتدا بەشێک بوون لە پڕۆسەی بڕیاردان و شەریك و هاوبەشی حکومەت. هێزی تریش هەبوون کە لە جیاتی ئەوەی ببنە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات، ببوونە ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و زۆربەی کات، وزەی خۆیان بۆ ڕەخنەگرتن لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر تەرخان دەکرد.
لەگەڵ ئەمانەشدا، دیاردەیەکی سەیرتریش سەریهەڵدا کە دەکرێت ناوی بنێین “دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن”، واتە ئەو هێزانەی لە ڕووکەشدا خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدا بەڵام لە ناوەڕۆکدا بەشێک بوون لە دەسەڵات و سوودمەند بوون لە دەستکەوتەکانی. ئەم دۆخە سەرلێشێواوە بووە هۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی، چونکە هاونیشتمانییان نەیاندەزانی کێ بەرپرسیارە لە کەموکوڕییەکان و کێ دەتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکی (بەدیل) ڕاستەقینە.
سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان لە ڕووی یاساییەوە خاوەن دەسەڵاتێكی فراوانە، بەڵام لە کرداردا نەیتوانیوە ئەم دەسەڵاتانە بە شێوەیەکی کارا بەکار بهێنێت. لەم خولە نوێیە، پێویستە میکانیزمی نوێ دابنرێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا. دەبێت پەرلەمانتاران دەستیان بگاتە زانیاری و داتای پێویست، توانای لێپرسینەوەی ڕاستەقینەیان هەبێت، و ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتە گشتییەکان دیار بێت. گرنگە لە ئایندەدا، پەرلەمان خۆی لە کاریگەریی دەرەکی و فشاری نادروست بپارێزێت. عورف و کەلتووری کۆمەڵگەی کوردستان، سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، و ئیرادەی گەل دەبێت سەرچاوەی سەرەکی بڕیاردان بن لە پەرلەماندا. پێویستە پەرلەمانتاران خۆیان لە کاریگەریی ئەو هێزانە بپارێزن کە هەوڵی لاوازکردنی سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان دەدەن.
لە کۆتاییدا، گەڕانەوەی متمانە بۆ پەرلەمان پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە. پێویستە هەموو لایەک هەر لە پەرلەمانتارانەوە بگرە بۆ سەرکردایەتی حزبەکانیان و خودی هاونیشتمانیان، بەشدار بن لە پڕۆسەكە. چونكە تەنیا بە دروستکردنی پەرلەمانێکی بەهێز و کارا دەتوانین پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببەین و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکان دابین بکەین.
پەرلەمانتارانی ئەم خوولە نوێیە، دەبێت تێبگەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی گەلن و ئەرکی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندیی گشتییە. ئەمەش پێویستی بە ئازایەتی، لێهاتوویی و پابەندبوون بە بەها دیموکراتییەکان هەیە. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین پەرلەمانێک دروست بکەین کە شایەنی متمانەی خەڵک بێت و بتوانێت ئەرکە چەسپاو و دیموكراسیانەكەی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.

*پەرلەمانتار بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان