هاودەنگ فارووق
ماوەی دەساڵی تەواوە مووچەی خەڵكی كوردستان بە پیلانێكی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان بڕاوە. خەڵكی كوردستان لەناو بارودۆخێكی ئەوپەڕی ناهەموار و ناخۆشدا دەژین و، مووچەخۆرانی
كوردستان تەنگیان پێ هەڵچنراوە.
لەماوەی ئەم دەساڵەدا، حكوومەتی كوردستان، هەموو ڕێكارە یاسایی و دیپلۆماتی و كارگێڕییەكانی پێرەوكردووە، تاكو مووچە و شایستە داراییەكانی كوردستان مسۆگەر بكرێت. چەندین ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق كراوە. بەڵام عێراق بەردەوام خۆی لەسەرجەم ڕێككەوتنەكان دزیوەتەوە، تاكو پەیتا پەیتا خەڵك گەیشتە ئەو بڕوایەی، كە ئامانجی عێراق لەبڕینی مووچە، برسیكردنی خەڵكی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
بێگومان ئامانجێكی لەو شێوەیە، دەیان و بگرە سەدان میكانیزمی جۆراوجۆری دەوێت. ئەوان درێغییان نەكردووە لەوەی چۆن قەوارەی كوردستان لاواز بكەن و، چی بكەن بۆ ئەوەی ناكۆكی و لێكترازان بكەوێتە ناوخۆی كوردستان و خەڵكی ئێمە لەدژی یەكتر بووەستنەوە، حزب و كۆمەڵەو چالاكوان و كەسایەتییەكانیش بەرببنە گیانی یەكتر ، ئیتر مەشهەدێكی لێڵ دروست ببێت و، دوژمنانی كوردستان بەئارەزووی خۆیان ڕاوی تێدا بكات.
لێرەدا فێڵێكی دیكەی دەستەڵاتدارانی بەغدا ڕونتر دەكەینەوە، ئەویش ; بەكارهێنانی خودی قوربانییەكانە لەدژی خۆیان.. چۆن؟ لەوەختێكدا نەیاران و شۆڤێنییەكان خۆیان مووچەیان بڕیوە، ئەوانەیش بونەتە قوربانی ئەو ستەمكارییە، كە مووچەخۆرانی كوردستانن. كەچی وەختێك مووچەخۆران دەگاتە تینیان و بڕستیان لێدەبڕێت، هانیان دەدەن لەدژی قەوارەكەی خۆیان بوەستنەوە. هەروەك بینیمان لەم ڕۆژانەدا چەند نوێنەرێكی دژە كوردیان ناردە نێو خێمەی مانگرتووانی خاوەن ماف، پێیان گوتن: بەبرسێتی بمێننەوەو، لەقەوارەكەی خۆتان هەڵگەڕێنەو ڕاپەڕن.
ئەمە ڕوونە و چەندین جاری دی ئاماژەی پێدراوەو، بەڵگە و سەرەداوی گرنگ هەیە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی لەئێستادا ئەو داشە دەجوڵێنرێت؟
بێگومان شۆڤێنییەكان، لەو گەمەیە تێگەیشتوون كە چۆن، لەكوێ و كەی داشەكانی خۆیان دەجوڵێنن.
بەدانانی گوشار لەسەر هەولێر، دەیانەوێت، دوو پاساری بەیەك بەرد بكوژێت، لەلایەكەوە تائەوپەڕی گوشار بخاتە سەر خەڵكی كوردستان. بەئامانجی زیاتر لاوازكردنی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی كۆمەڵگەی كوردی و قەوارەی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە، هەولێر دەخاتە ناو چوارچێوەی سەودا و مامەڵەیەكی ئیقلیمی.
ئەوەی لە لوبنان و سوریا لەدەست دراوە، پاشماوەكانیان گەرەكیانە بە هەڵزنان بە شكۆی هەولێری پایتەختی كوردستان قەرەبووی بكەنەوە، هەولێر كۆنترۆڵ بكەن. واتە سیاقێكی ئیقلیمی نوێ دروست بكەن كەلەسەر بنەمای موقایەزەیەكی نالۆژیكی بنیاتنراوە، كورد دەڵێت: لە ئاش دواكەوتووەو، لە ڕێگە پەلەپەل دەكات!.
ئەو یارییە نالایەقە لەكاتێكدایە، ئەنجامەكەی سفربەدەستە، چونكە هێزەكانی دیكەی ناوچەكە، ئیرادەی خەڵكەكە ڕێگە لە سەرلەنوێ خۆڕێكخستنەوەی گرووپە تەقلیدییەكانی ناوچەكە دەگرێت. بۆیە هەر جوڵەیەك بەو ئاراستەیەدا، ئەنجامەكەی لە سفر سفرتر دەبێت.
لەلایەكی دیكەیشەوە، دروستكردنی زۆنگاوی گرژی لەم ناوچەیەدا، بەئامانجی ڕاكێشانی سەرنجی لایەنە سەرەكییەكان بۆ بابەتێكی لاوەكی، یارییەكی گەمژانەیە، چونكە هێزە خاوەن بڕیارەكان، دیدگا و بەرنامەی تۆكمەی خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاییندە داڕشتووە.
بەهەرچی پێوەرێك و لەهەر گۆشەیەكەوە سەرنج دەدەین، تێدەگەین، كیلابی و شۆڤێنییەكانی دیكە كاتێ دەیانەوێت بەئامانجی فشاردانان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، داخوازی ڕەوا و مافی ڕەهای مووچەخۆران و مانگرتووان بەناڕەوا بەكاربهێنن، ئەنجامەكەی بێهودەیە، بەڵام پرسیارێكی دی كە ویژدانی هەموو خاوەن ویژدانێك دەهەژێنێت، ئەمەیە: چۆن كیلابی و شۆڤێنییەكانی دی گوێنادەن بەژیان و ماندووبوون و تەندروستیی مانگرتووان و مووچەخۆران، بۆچی لەكایەیەك بەكاریان دێنن، كە زۆرباش دەزانن بەهایەكی هیچ و پوچی هەیە، ئاخر ئیرادەی لەوان گەورەتر ڕێگرە لەبەدیهاتنی ئەو ئامانجە ؟
ڕاستییەكەی مامۆستایانی پێشەنگی كۆمەڵگە، دەبێ هاوكار و یارمەرتیدەری حكوومەتی خۆیان بن بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكانی مسۆگەركردنی مووچە لەمساڵدا سەربكەون، بیانویەك نەمێنێت بەدەستی ئەوانەی لە بەغدا ئۆباڵی بڕینی قووتی فەرمانبەرانی ئێمەن . بۆیە زۆر گرنگە ئاستی هۆشیاریی سیاسی و دنیابینی هەمووان ئەوەندە مەزن و فراوان بێت، ڕێگە بگرێت لەوەی شۆڤێنییەكان و دەستیارەكانیان، هەم بۆ برسیمان بكەن، هەمیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و هێزە ئیقلیمییەكان، لە دژی یەكتر بەكارمان بهێنێت.
ئەوەش لەیەك پرنسیپی سادەدا ڕەنگ دەداتەوە، كە هەموو گەلی كوردستان مەزنتر بیربكەنەوە، بە یەك دەنگ بڵێین: هەولێر بۆ بۆ موقایەزە نییە، هەولێر نابێتە جێگەگرەوەی پایتەختە لەدەستچووەكانیان، هێزی هەولێر بۆ هیچ لایەنێكی براوەو دۆڕاوی جەنگ، پارووێكی هێندە ئاسان نییە، ئاخر شكۆمەندی پایتەختی كوردستان نابێتە سەرمایە بۆ بژاردنەوەی ئەو قەرزەی لەسەر مێزی حساباتی ستراتیژی و سەربازی دۆڕاندووتانە.