شێوان رۆسته‌م
لە سەردەمی هاوچەرخ و مۆدێرنه‌دا، ئافرەتان ڕووبەڕووی چەندین ڕێگری دەبنەوەو لێكه‌وته‌كانی مۆدێرنه رەوشی ژیانی بە گشتی گۆڕیوە، ئەزموون و شوناسی (ئافرەتبوون) لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ئەزموونێکی سەیر و سەرسوڕهێنەرە، چونكه لەدونیای مۆدێرندا ئافرەتان لەنێوان هەزاران هەڵوێستی دژبەیەک و سپه‌یسی دیاریكراو به‌گشتی و له‌نێوان كلتورونەریت و مۆدێرنەدا دا به‌تایبه‌تی دێن و ده‌چن، پێیه‌كیان له‌مۆدێرنه‌دایه‌و پێه‌یه‌كی تریشیان هێشتا له‌سێبه‌ری نه‌ریت و كلتوری باووی كۆمه‌ڵگه‌دایه. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئافره‌تان بە ناچاری بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن تا زیاتر خۆیان لەگەڵ دۆخەکەو لێكه‌وته‌كانیدا بگونجێنن.
سەختییەکانی ئافرەتبوون لە کۆمەڵگەی مۆدێرنسەختیی (ئافرەتبوون) لە کۆمەڵگادا لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کەده‌یه‌وێت ده‌ست بخاته سەر بیرکردنەوەو نەریتە چەقبەستووەکان، به‌نیه‌تی گۆڕنیان و تێپه‌ڕاندیان به‌ره‌و داهاتوو، ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە ئافرەت بڕیاریداوە لە یەک کاتدا دایک و هاوسەر و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و بەڕێوەبەر بێت، وابیر دەکاتەوە هەم خوێندەوار و ڕۆشنبیر بێت هەم تەندروست و جوانیش، ئەمە تەنها شتێكه لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا ئافره‌تان له‌پێناویدا خه‌بات ده‌كه‌ن و ده‌جه‌نگن، هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنانی لێهاتوویی پێویستدایە، تا هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت لەدۆخی نایەکسانی کۆمەڵگای ئەمڕۆدا هەمیشە ئامادە بێت و هه‌ست به‌بوونی شوناس و پێگه‌ی خۆی بكات.
ئافرەتان دەبێت بەردەوام خۆیان و تواناکانی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی خێزان و كۆمه‌ڵگه بسه‌لمێنن، تا هه‌مووان هه‌ست به‌بوون و كاریگه‌رییه‌كه‌ی بكه‌ن، لەگه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ده‌بێت ئافره‌تان هه‌وڵی پاراستنی مێینه‌بوون و ئافره‌ت بوونی خۆیان بده‌ن و جوانی و ناسكی و خانومانێتییان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، وه‌ك چۆن ده‌بێت هه‌میشه بیسه‌لمێنن له‌یه‌ك كاتدا هاوسه‌رو دایك و خوشكێكی باش و نمونه‌یین.بە شێوەیەکی سەرەکی، له‌سه‌ره‌تاوه تائێستا، ئه‌و رۆلانه‌ی ئافره‌تان بۆیان هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا پیاده‌ی بكه‌ن، سنوردار‌و دیاریكراون، ئه‌وانیش(هاوسەر، دایک، كابانی ماڵ)، بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەش، بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوون لای ئافرەتان یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی سەرکەوتن و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئه‌نجامه.
ئەگەر ئافرەتان گەیشتبێنە ئاسته‌به‌رزه‌كان و پلەی زانستی و خەڵاتە گەورەکانی جیهانیان وەک (خەڵاتی فیڵدز)بەدەست هێنابێت، ئیتر دەبێت بیسەلمێنن وەک پیاوان زیرەک و تێگەیشتوون.تەنانەت ئەگەر ئافرەتان بگەنە باڵاترین و باشترین پۆستی بەڕێوەبردنی ئه‌ركه گشتییه‌كان، وەک جێگری سەرۆکی وڵات،سەرۆکی باڵاترین دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كان، كه‌سی یه‌كه‌می رێكخراو‌و ئاژانسه سیاسی و مرۆیی و ئابوورییه نێو ده‌وڵەتییه‌كان، هێشتا بە پێی ڕەگەز دادگایی دەکرێن، ئەمەش تەنها بەشێکە لەكۆی ئه‌و سه‌ختی و دژاواری و قورسییانه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن و سه‌رده‌می هاوچه‌رخ و نوێخوازدا رووبه‌روی ئافره‌تان ده‌بنه‌وه‌و باری سه‌رشانیان هێنده‌ی تر قورس ده‌كات.
ئافرەتان؛ سەرەڕای هەموو ئەو سەختییەی کە لە کۆمەڵگای مۆدێرنی ئەمڕۆدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە؛ به‌ڵام توانیویانە ئەو سەختییانە تێبپەڕێنن و لە ئێستادا زۆرینه‌ی بیرمەند و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و تیۆریست و سه‌ركرده‌كان، ئافرەتن و هیچ ڕێگایەکیش نیه بۆ پاشه‌كشه‌و رازی بوون به‌كه‌متر له‌وه‌ی ئێستا خودی ئافره‌تان بۆخۆیانیان به‌ده‌ست هێناوه، ئافرەتان توانیویانە ئەو دۆخانە بە باشی کۆنتڕۆڵ بکەن و هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ( هاوسەربون، دایکبوون، چالاکوانی مەدەنی، ئابووریی، سیاسی بوون) به‌ته‌واوی شیكار بکەن.
پێگەی ئافرەتان لە ئێستا‌و رابردوودائافرەتان لە کۆمەڵگاکانی پێشتردا، ڕۆڵی دایک و هاوسەریکی باشیان بە باشی گێڕاوە، بەڵام له‌ئەمڕۆی هاوچه‌رخ و ئه‌مڕۆی مۆدێرندا، ئافرەتان دەتوانن ئاسۆی نوێ و ڕێگایەکی نوێ و جیاواز، لەنەریتی کۆن و ڕابردووی خۆیان بدۆزنه‌وه، لە کۆمەڵگای مۆدێرنی ئەمڕۆدا، ئافره‌تان بەو هەموو سەختی و فشاره‌ی بەسەریاندا سەپێندراوە، خەونی نوێیان هه‌یه‌و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ بەدیهێنانی.
تەنانەت ئەگەر چاوپۆشی لە ئافرەتانی ئەوروپی و ئەمریکاش بکەین و بێینه سه‌ر دۆحی ژیانی ئافره‌تان له‌وڵاتانی دراوسێ، ئه‌وا ده‌بینین بەهۆی هەوڵە به‌رده‌وام و هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه سەرکەوتنی گەورەو سەرنجڕاکێشیان بەدەستهێناوە، بۆیه گەیشتن بەم پێگەیە بۆ ئافرەتانی كوردیش ئه‌سته‌م و مه‌حاڵ نیه.کەم کەس هەیە ئاگای له دەستکەوتەکانی ئافرەتانی کوردستان نه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، ناوچه‌یی و جیهانی، لەبوارەکانی زمان، زانست، سیاسەت، هونەر و هتد.
ئەم نموونانە بەسن بۆ ئه‌وه‌ی به‌بیری هه‌مووان بهێنینه‌وه، ئافرەتان بەو هەموو ئاستەنگ و سانسۆرانه‌ی رۆژانه رووبەڕوویان بووەتەوە، توانیویانە ركابه‌رییه‌كی توند بكه‌ن لەسه‌ر بەرزترین ئاستەکانی سەرکەوتن.
ئافرەتێکی مۆدێرنئافرەتانی کوردیش وەک ته‌واوی ئافرەتانی جیهان، هەوڵی بێ‌کۆتایی و بێ سنوور دەدەن و چاونه‌ترسانه لە دژی ئاستەنگەکانی بەردەمیان دەجەنگن، له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ده‌رچوون لەو چوارچێوه کۆنزه‌رڤاتیڤ و چه‌ق به‌ستووه‌ی بەسەریدا سه‌پێندراوه، بۆ گه‌یشتن به‌ئامانج و ستراتیژه‌كه‌یان، پێویستە ئافرەتان باوەڕیان بەوە هەبێت کە چاوەڕوانییەکانی ئەو لە کۆمەڵگەی مۆدێرن، زۆر زۆر زیاترە لە چاوەڕوانییەکانی دایکی و داپیرەی لە کۆمەڵگا نه‌ریتییه‌كان، لە ڕاستییدا ئافرەتان بۆ پەرەپێدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان، پێویستیان بە بەدەستهێنانی باوەڕێکی ناوەکی هەیە بۆ هەوڵدان بۆ شکاندنی بەربەستەکانی بەردەمیان.
پێگه‌ی ئافرەت لەکۆمەڵگای مۆدێرندا
ئەوە لەبیر مەکەن؛ لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا ئافرەتان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕێکخراوو گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا هەیە، جگە لە گرنگیدان بە ئەرکە کەسی و خێزانییەکانیان، دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریش ببینن لە گەشەکردن و گەشەسەندنی کۆمەڵگادا، ئەمڕۆ کە خوێندەواری ژنان و کچان له‌ئاستێكی زۆر به‌رزدایه‌و به‌رده‌وامه له‌فراوانبوون، گرنگیی ئامادەبوون و بەشداری ئافرەتان لەكۆی پرۆسه‌و چالاكییه‌كانی کۆمەڵگەی مۆدێرندا بە باشی هه‌ستی پێ ده‌كرێت، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئافرەتان لاواز نین و هاوڵاتی پلە دووی کۆمەڵگا نین، ڕۆڵیان وەک چالاکوانی ئابووری حاشا هەڵنەگرە و لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، بۆیە گەشەسەندنی بەردەوامی کۆمەڵگای مۆدێرن بەبێ بەشداری چالاکانەی ئافرەتان مەحاڵە.