سەدیق سەعید ڕواندزی
پرسی سەرسامبوون تا ڕادەی خۆ بچووككردنەوە و شەرمكردن لە ئەدەبی نەتەوەیی خۆت، دیاردەیەكە و لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا هەیە و دەشبێت. ئەمە، دوو دیوی هەیە، دیوێكی بەراوردكردنانەی ئەدەبییە، كە نییە یان دەگمەنە و دەبێ بابەتییانە و بەراوردكاریانە شڕۆڤە بكرێت، دیوێكیشی سایكۆلۆژییە كە ڕەنگدانەوەی ئەو داگیركارییە فەرهەنگی و كەسی و كولتووریەیە، كە دوژمنانی كورد بە درێژایی مێژوو، پەنایان وەبەر بردووە و هەوڵی ئەوەیان داوە، ڕەگی بچووكی و خۆ بەكەمزانی، لە ئاست ئەویتری نەیاردا، لە ناخ و هزری مرۆڤی كورد بچەقێنن. سەرنج بدەن، خانی دوو سەد ساڵ بەر لە ئەوروپییەكان، باسی ناسیونالیزم و بناغەی نەتەوە لە مەم و زیندا دەكات (خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر كتێبە گرنگ و نایابەكەی نووسەر و ئەكادیمی دیاری كورد، فەرهاد شاكەلی بە ناوی ناسیۆنالیزمی كوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا) كە هێشتا ناسیۆنالیزم وەك فیكر هەر بوونیشی نەبووە. فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی، نەك هیچی لە ئەدەبیاتی جیهانی كەمترنییە، بەڵكوو هونەریتر و پڕ ماناتریشە. خوێنەران دەتوانن بچن بەرهەمی ئەو نووسەرانە بخوێننەوە، كە نۆبڵی ئەدەبییان وەرگرتووە. گرفتەكە ئەمە نییە، گرفتەكە خۆ بە كەمزانی و بچووكی هەندێك لە بەناو سیاسی و نووسەرانی كوردە. لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، چوونكە بزاوتێكی پێچەوانە نییە كە بەرهەمە كوردییەكان وەربگێڕێتە سەر زمانە بیانییەكان، ئیدی ئەو بۆشایە دروست بووە. ئالان پەری، چەند شیعرێكی شاعیرێكی پەراوێز و نەناسراوی دانیماركی وەرگێڕاوە، لە پێشەكیدا بە شێوەیەك پەسنی ئەو شاعیرە دەدات، وەك ئەوەی گەورەترین داهێنەری دنیا بێت، كە چی كە شیعرەكانی دەخوێنینەوە، هەست دەكەین شیعرەكانی، بێ ماناترین و نا هونەریترین و سادەترین شیعرن، كە ناگەنە دامێنی قەسیدەیەكی شیعری شاعیرێكی كورد. ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە كە شیعری كوردی لاوازە لە بەرانبەر شیعری بیانیدا، بە پێچەوانەوە، پەیوەندەی بە نەبوونی وەرگێڕان و ئەو سەرسامییە هەیە بە خۆرئاوا، كە وەرگێڕی ئەو كۆمەڵە شیعرە و هاوتێگەیشتنەكانی ئەویش هەیانە. ئێمە نەمانتوانیوە وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبیاتی خۆمان بە دنیا بناسێنین. ئەگەر وەرگێڕە زۆرو زەبەندەكانی كورد، زۆرینەی هەرە زۆریان، كەمێك لە دەرەوەی ڕوانگەی بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیانەوە، ئەدەبی كوردی و بەرهەمی نووسەرانی كوردییان وەربگێڕایەتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، ئیدی ئێمە دەمانتوانی وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبی كوردی وەك ئەوەی كە هەیە نەك وەك ئەوەی نەیارانمان دەیبینین، بە هەموو دنیا بناسێنین. بەرهەمی نووسەرانی كورد لە ڕووی ڕۆمان، شیعر، چیڕۆك و ژانڕەكانی دیكەش، نەك هیچی كەمتر نییە، بەڵكوو ئەگەر زیاتریش نەبێت، لە نووسەرانی دنیا. باسكردن لەوەی ئەدەبی كوردی بەرهەمی وای تێدا نییە و ڕووی ئەوەی هەبێت وەربگێردرێتە سەر زمانەكانی دیكەی جیهانی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایی و خۆ بە كەمزانییەكی گەورەیە لە ئاستی نەتەوەكانی سەردەست، كە ئەركی ڕۆشنبیری كوردە، شەڕی ئەو كولتوورە و گرێ سایكۆلۆژییە بكات نەك نەزانانە و ترسنۆكانە گەورەتری بكات. تۆ بڵێی لەو هەموو شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانەدا، بەرهەمێكی شایستەمان نەبێت؟ سەرنج بدەن، چ بزاوتێكی گەورەی وەرگێڕان لە زمانەكانی دیكەی بیانی بۆ سەر زمانی كوردی هەیە! بەڵام بە پێچەوانەوە، زۆر بە دەگمەن بەرهەمی نووسەرانی كورد وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، ئیدی چۆن نووسەرەكانمان و شاكارەكانیشیان، لە سەر ئاستی دنیا دەناسرێن؟ ڕۆمانی كوردی، هیچی كەمتر نییە لە ڕۆمانە جیهانییەكان و دەكرێ بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەی من، خوێنەران بگەڕێنەوە سەر ئەو رڕۆمانە بیانییانەی كراونەتە كوردی، ئەو كات دەردەكەوێت كە ڕایەكەی ئێمە لۆژیكییە یاخود نا؟ بڕۆن بەراوردی شیعرە لیریكییەكانی ( نزار قەببانی ) و ( ئەحمەد محمەد ) و (ئیسماعیل خورماڵی ) بكەن . بەراوردی شیعرەكانی (محمود دەروێش ) و (شێركۆ بێكەس ) بكەن، بەراوردی شیعرەكانی ژنانی جیهانی بە شیعرەكانی ( نەزەند بەگی خانی و دڵسۆز حەمەو كەژاڵ ئەحمەد و نەشمیل بەرزنجی ) و دەیان ژنە شاعیری دیكەی كورد بكەن. بڕۆن بەراوردی ڕۆمانەكانی (بەختیارعەلی) بە ڕۆمانی نووسەرە فارس و عەرەب و بیانییەكان لە ڕووی تێما، ڕووداو، گێڕانەوە بكەن. بڕۆن شیعری ئەو شاعیرانە بخوێننەوە كە براوەی خەڵاتی نۆبلن و دواتر شیعری شاعیرە كوردەكانیش بخوێننەوە، ئەو كات بۆتان دەردەكەوێت كە ئایا شیعری كوردی لە شیعری شاعیرەكانی براوەی خەڵاتی نۆبل كەمترە؟! ئەو نووسەرەی دەڵێت كورد داهێنانی نییە و نووسەر و ئەدیبی گەورە و داهێنەری لێ هەڵنەكەوتووە، لە ڕاستیدا نووسەرێكە گیرۆدەی ئەو گرێ خۆ بە كەمزانیەیە كە دەیان ساڵە دوژمنان هەوڵی داكوتانی لە ناخ و بیر و كولتووری ئێمە دەدەن. ئەدەبی كوردی نەك هەر داهێنەر و داهێنانی وای تێدایە شیاوی ئەوە بێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، بەڵكو لە ڕووی بیر و هزرەوە لە ئەدەبی جیهانیش هزردارترە. لە سەرەتاكانی سەدەی بیست، بێكەس و شێخ نووری، دژی ئەقڵی كۆنەخوازی و پیاوسالارین، قانح هەوڵی یەكسانی و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەدات، كامەران موكری و زێوەر و ئەحمەد موحتارجاف باس لە نیشتمان پەروەری و گرنگی پەروەردە و خوێندەواری دەكەن.برایم ئەحمەد باس لە ڕاپەڕین و ئازادی و سەربەستی مرۆڤەكان لە ژانی گەل دەكات. ئێمە باجی بێ دەوڵەتی و سەربەخۆیی دەدەین، كە نیشتمانێكیش هەمیشە ژێر دەستە و چەوساوە بێت، بێگومان زمان وكولتوور و فەرهەنگیشی ژێر دەستە دەبێت. لێرەوەش ئەركی ڕاستەقینە و نیشتمانییانەی نووسەران و ڕۆشنبیران دەست پێ دەكات، كە ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەكەیان بە دنیا بناسێنن، نەك بڕوایان وابێت ئەدەبی كوردی و بەرهەمی نووسەرانی كورد بێ داهێنەر و ڕووی ئەوەیان نییە بە دنیا بناسێنرێن، چونكە ئەوە ئاوكردنە ئاشی دوژمنانە، كە ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت . وەك ئەو پەندە كوردییەی كە دەڵێت:_( بەدەستی من نییە بەڵام بە دڵی منە).