فازڵ میرانی
زۆرن ئەو ڕووداوانەی بۆ سۆراخ و پشکنینیان مەرج نییە چاوەڕێی ساڵیادیان بکەین، لەوانە تەقینەوەکانی شوباتی 2004 لە ھەولێر، کە ئامانجیان بنکەی حیزبەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. دوو تەقینەوەی بەدوای یەکد،ا کە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێ کەوتەوە، ڕووداوەکان لە کاتێکدا ڕوویاندا کە ساڵێک تەواو نەبووبوو بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشووتردا و لە ناوچەیەکی زۆر ئارام و سەقامگیر، واتا کوردستانی عێراق، لە پایتەختی ھەولێر، لە ڕێوڕەسمێکی حیزبی کۆمەڵایەتی لە کاتی جەژندا، ڕوویان دا.
فکری کوشتن کۆنە و ئامرازەکانی جۆراوجۆرن و لە چۆنیەتیی گەیشتن بە ئامانج بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەسوڕێتەوە. زۆر لە دەسەڵاتداران و ڕێکخراوەکان و تاکەکەسانیش ڕێگەی کوشتن و تیرۆریان گرتووەتەبەر، بێ ئەوەی گرنگی بە بەربەستی ئەخلاقی بدەن کە ڕێگر بێت لە ناوچوونی لۆژیکی توندوتیژی، بەتایبەتی کاتێک تاوانەکە کەسانی بێتاوان دەگرێتەوە. لێرەدا ھەوڵدانی بەراوردکردن و پاساودان بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەک تاوانێکی مەحکوومکراوە، چونکە ڕێگەدانە بە قوربانیدانی کەسانی تر، چ بە تاک یان بە کۆمەڵ، شکاندنی بەندی شەرع و یاسایە، کە پارێزەری ئاسایشی مرۆڤن. تەنانەت ئامادەکردنی عەقڵی تاکێک بۆ دروستکردنی وەها کارێک تاوانێکی گەورەیە، تەنانەت ڕەخساندنی ژینگەیەکی وەهاش پرسێکە پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕێوشوێن گرتنەبەر و ھەنگاوەکانی وشککردنەوەی ئەم بوارە ھەیە.
دەقی شەرعی
تاوانێکی تر، لێکدانەوەی دەقێکی پیرۆزە و بەرزکردنەوەی بۆچوونێکی سیاسی و بزووتنەوەییە بۆ ئەوەی شوێنی دەقی شەرعی بگرێتەوە. دینی حەنیف و سوننەتی پاکی پێغەمبەر پایەیەکی بەرزتر و مانایەکی بەرزتریان ھەیە لەوەی بە ڕەوا بزانن خوێنی کەسێک بڕژێت، یان تۆقاندنی خەڵک به مەستی هیچوپووچ دەستی بۆ ببرێت. ئەو لایەنەی دەست و فکری بە تەقینەوەکانی ھەولێر پیس بوو، لایەنێک بوو کە بانگەشەی دامەزراوەی بنەمای ئیسلامی دەکرد و ئێستایش نەوەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن، بەڵام ئایەتی پیرۆزی خوای گەورەیان بیر چووەتەوە کە دەفەرمووێت: “ھەرکەسێک باوەڕدارێکی بە ئەنقەست بکوژێت، سزای ئەو دۆزەخە و ھەتاھەتایە تیایدا دەمێنێتەوە و خوای گەورە لێی توڕەی دەبێت و نەفرەتی لێ دەکات و سزایەکی گەورەی بۆ ئامادە کردووە”، و فەرمودەی پێغەمبەری خوا کە دەفەرموێت: “الایمان قید الفتك”.
ڕۆیشتن بە ڕێگای کوشتن، وەک پێشتر باسم کرد، تەنیا بە قوتابخانەیەکی عەقیدەیی، یان سیستەمێکی دیاریکراو و سنووردار نییه، بەڵکوو ئەو تاکەکەس و کۆمەڵ و سیستەمانەی کە بانگەشەی لەدایکبوونیان لە ڕەحمی پەیوەندیدار بە بیری ئاسمانی دەکەن، دەبێت پێش ھەموو کەسێک لە دادپەروەریی خالق و پاراستن و بەرگریکردنی مافی دروستکراوەکانی تێبگەن، نەک تەنیا بۆ مرۆڤ، بەڵکوو بۆ سروشت و دروستکراوەکانی.
لێکدانەوەی بیری توندڕەوی دەریدەخات کە خاوەنەکەی ئامادەیی ھەیە بۆ پاساودانی کردەوە دەستدرێژیکارەکانی، ئەمەیش تێکەڵ بە ئەنقەست یان بە نەزانی بێت لە نێوان باوەڕی دروست و تێڕوانینی بەتاڵ. مێژوو ئەوەی پێشی و دوایی تۆمارکرد لە نموونەی ئەو ڕووداوەی لە ھەولێر ڕووی دا، لەو دەستدرێژییەی کە گیانی کەسانێکی تێدا ڕۆیشت و چەندانی برینداری کرد و لەشی چەندانیشی شێواند، ئەمە لەلایەن ئەو لایەنانەوە پەسەند کرا کە لەگەڵ یەکتردا لە کردەوەدا بەشدار بوون، ھەندێکیان بانگەشەی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت دەکەن و ئەوانی تریان سیاسەت بە ئایین و پێچەوانەکەی دادەنێن، بەشدار بوون لە کوشتنی دەستەیەک لە گەلەکەمان، ھەروەک پێشتریش هەزارانیان بە ڕێگەی جۆراوجۆر شەهید کرد.