هەموو هەڵەیەك فێربوونە

بەكر كەریم حەسەن
(ئەلبەرت ئەنشتاین) زانای بەناوبانگی ئەڵمانی، دەڵێ “تاكە كەس كە هەڵە ناكات، ئەو كەسەیە كە هیچ كارێك ناکات”.
لە ژیانی هەر تاكێكدا كەم تا زۆر هەڵە دووبارە دەبێتەوە بە پێی بیركردنەوە و زانین و تێگەیشتنی كەسەكە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەمان هەڵە دووبارە نەكەینەوە وە هەڵەكانیش پێویستە ببن بە وانە لێیانەوە فێر بین، چونكە هەر هەڵەیەك دەبێتە بەشێك لە فێربوون و هەوڵدان بۆ سەركەوتن. هەروەها فێربوون لە هەڵە و سوودوەرگرتن لەم هەڵانە كارامەییە پێویستە لە مرۆڤدا بوونی هەبێت، پێویستە هەر لە زووەوە خۆمان ڕابهێنین ئەو تێگەیشتنە لە ناخمان بوونی هەبێت و پەرەی پێ بدەین و منداڵەكانمان، قوتابیەكانمان فێر بكەین و ڕایان بهێنین كەوا ئەنجامدانی هەر هەڵەیەك كۆتایی ژیان و كۆتایی دنیا نییە، بەڵكو وانەیەكە فێر دەبین و دۆزینەوەی ئەزموون و شارەزایی ترە لەسەر شتەكان و لێرەوە گرنگە قوتابیان و منداڵەكان هان بدەین لەسەر دۆزینەوە و گەڕان و هەوڵدان بەبێ ترس و دوودڵی و پاڵپشتییان لێ بكەین، هەمیشە هەوڵ بدەن، با هەڵەیش بكەن، گرنگ ئەوەیە حەزی فێربوون و ئازایەتی و نەترسان و بوێری لە ناخیان بچێنین و بەردەوام پەرەیان پێ بدەین و خۆیان بتوانن پەرە بە توانستەکەیان بدەن و نەترسن لە کردنی كارەکەیان، بەڵكو وشیار بكرێنەوە تێبگەندرێن و ئەو تێگەیشتنە لە ناخیان هەبێت هەموو هەڵەیەك فێربوونە، هەموو فێربوونێك نزیكبوونەوەیە لە سەركەوتن؛ هەر هەڵەیەكمان کردبێ، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خۆمان و بڕیارەكانمان و ئەنجامەكانەوە هەیە. بۆیە زانینی ئەوەی كەوا دەوروبەر و خەڵكەكانی تر چۆن دەتبینن و هەڵەكان چۆن لێك دەدەنەوە و یانیش چی لە تۆ چاوەڕێ دەكەن ئەوە هیچ شتێك لەسەر تۆ ناگۆرێت.
زۆرجار وابووە كەسانێك بە بچووكترین هەڵەت خۆشی لێ دەبینن و دەیكەنە هەڵڵا و بگرە هەڵەت بۆ دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بوەستی بچەقی و نەجووڵێیت و لە كۆمەڵگە و لە خۆیشت داببڕێیت. زۆر جار خەڵكانێك دەبینین ناخیان لە دڵۆپە شەونمی سەر گوڵێك پاكترە، بەڵام بە شك و گومانی خەڵكانی تر قێزەونی دەكەن و بێئومێدی دەكەن.
بۆیە گرنگە هەر كەسێك كە بیرۆكەیەكی هەیە كارێك ئەنجام دەدات و کە زیانی خەڵكی تری نەبێت و با خەڵكانی تر هەر پێبكەنن و بە چاوی سووك سەیری بیرۆكە و كارەكەی بكەن و هەتا ئەگەر سەركەوتووش نەبووی لە ئەنجامدان، بەڵام دەبێت ئەوپەڕی متمانەیان بە خودا هەبێت و دواترش متمانەت بە خۆیشت هەبێت؛ هەروەكو دەگێڕنەوە “جارێك (ئەلبەرت ئەنیشتاین) وانەی دەگوتەوە لە زانكۆ؛ لەسەر تەختە وای نووسی: (9×1=9) و (9×2=18) و (9×3=27).. بەردەوام بوو لە نووسینی تا گەیشتە ئەوەی (9×10=91) لەو كاتەدا هەموو قوتابیەكان دەستیان بە پێكەنین كرد و پۆڵەكە بووە هەرا و پێكەنین، چونكە وەڵامەكە ڕاست نەبوو، وەڵامە ڕاستەكە بریتیە لە (9×10=90) نەك (91) هەموو قوتابیەكان گاڵتەیان پێ كرد و. ئەنشتاین چاوەڕێی كرد تا پۆلەكە هێور بووەوە و قوتابیەكان لە پێكەنین و گاڵتە پێكردنەوە وەستان. ئینجا گوتی سەرەڕای ئەوەی من نۆ (9) هەنگاوم بە دروست نووسیوە، كەستان دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێم نەكرد، بەڵام بە تاکە هەڵەیەک، هەمووتان بەیەكەوە دەستان كرد بە پێكەنین و گاڵتەپێكردن و سووكایەتیكردن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ كەوا كۆمەڵگا زۆربەی جاران سەركەوتن و دەستكەوتەكان و ڕاستییەکان فەرامۆش دەكات و گرنگییان پێ نادات، بەڵام چاویان لەسەر یەك هەڵەی بچووكە. بۆیە لە ئەمڕۆەوە فێر بە و لەبیرت بێ كەوا هەر هەڵەیەك بەشێكە لە پرۆسەی هەنگاونانت بۆ سەركەوتن و هەرگیز مەهێڵە ڕەخنە، خەونەكانت وێران بكا و لەباری ببات.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی