ئیرادەی میللەتی کورد لە پیلانەکانتان بەهێزترە

شێرکۆ حەبیب
هەر لەگەڵ لکاندنی کوردستان لە سەرەتای سەدەی رابردوو بە دەوڵەتی عێراقی نوێ بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکانی ئەو کات و لەگەڵ یەکەم دەست بەکار بوونی کەسێکی حجازی وەک پادشا و گرتنی دەسەڵات دژایەتی گەلی کورد و کوردستان تا ئەمرۆ بەردروامە و سەرجەم دژایەتیکردنەکان یەک ئامانجی هەیە تا ئەمرۆ ئەویش سڕینەوەی کوردستانە لەسەر نەخشە، ئەگەر چی تاوانەکان هەر کات و ساتێک بە شێوازێک بوو، بەڵام بە یەک مەبەست و ئامانج بووە.
ئەمرۆش دەبینین قوتبڕینی میللەت و تێگڵاوی بە گرفتەکانی سیاسی دەچێتە هەمان قاڵبی شۆڤێنی و ڕەگەز پەرستی دژی کوردستان، کە ساڵێنێکی زۆرە لەلایەن هەندێ دەسەڵاتدارانی بەغدا پیادە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی کورد قوربانی زۆری داوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی و فرەیی فیدرال، هەر لەو ساتەی جەنابی بارزانی مستەفای نەمر دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق بەرز کردوە و تەنانەت ئیستاشی لەگەڵ دابێت سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵەکانی چر کردەوە بۆ دەولەتێکی دیموکراسی و دابینکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق، بەڵام هزری شوڤێنی و نەتەوە پەرستی و مەزهەبی رێگرن لە بونیاتنانی دەوڵەتێکی سەردەمیانە و رێگرن لە مافی کورد بە بونیادنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە مافێکی یاسایی و دەستورییە، بەداخەوە ساڵی ٢٠١٧ ئەگەر خیانەت نەبووایە ئیستا بارودخەکە لە شوێنێکی دیکە دەبوو.
بڕینی قوت و مووچەی کوردستانیان بە بێ هیچ مهانەیەک ناخی دوژمنایەتی هەندێ لایانی دەسەڵات لە بەغدا نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێم پابەندی دەستور و رێککەوتنەکانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام پابەند نەبوونی بەغدا بەدەستوور گرفتەکان زیاتر ئاڵۆز دەکات سەڕەرای ئەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم هەموو ڕۆژ لە ڕێگای بەغدا دایە بەداخەوە بەغدا پابەند نابێت بە گفتوگۆکان هەر شاندی کوردستان گەیشتنە فرۆکەخانەی بەغدا لایەنی عێراقی پاشگەزە دەبنەوە لە سەرجەم گفتوگۆکان، ئەوەی بەغدا هەڵسوکەوتی پێدەکات روون و ئاشکرایە بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوورمانە هەندێ لایەنی کوردی زیاتر و بە پەرۆش ترن لە بەغدا وەک دەڵێن (ئاگردان لە ئاگر گەرمترە) بۆ دژایەتیکردنی حکوومەتی هەرێم کە ئەو بەناو بەرپرسانەی چ لە حکوومەت یا پەرلەمانی فیدراڵن دژی حکوومەتی هەرێم هەڵسوکەوت دەکەن، بەدەنگی هاووڵاتیانی هەرێم لەو پۆست و شوێنەن و ئیستا کەوتونەتە دژایەتی حکوومەتی هەرێم، بەڵکو تۆمەتە بێ بنەما ئاراستەی پارتی دەکەن چونکە پارتی پێگە و بوونی دژی دوژمنانی کوردستانە کە بەداخەوە ئەو کەسانەش چوونەتە بەری نەیاران، دەبێ پرسیاریان لە خۆیان نەکردبێ ئەگەر پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی نەما ئەوان چ بەها و نرخێکیان دەمێنێ، ئایا پرسیاریان لە خۆیان نەکردووە کەوا تۆمەتی نەدانی مووچە بە فەرمانبەرانی دەخەنە ئەستۆی پارتی لە ساتێک پارتی بەتەنها حکوومەت پێک ناهێنێ و وەزیری دارایی سەر بە بزوتنەوەی گۆرانە.
دەبێ بەغدا و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن وەک کەوا سووری بەر لەشکر ئەوە بزانن ئیرادەی میللەت زۆر بەهێزترە خۆیان بۆ نەیاران و خائینان ناچەمێنن، هەروەک شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی جەواهیری دەڵێ (شعب یدعمە الدم و الجماجم یتحطم الدنیا ولا یتحطم)