سەدیق سەعید ڕواندزی
باسكردن لەوەی مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەیەكی یەك ساڵ و هەر سێسەد و شەشت و پێنچ ڕۆژكە، بە بە هێزی بمێنێتەوە، ڕاستییەكەی لە ورێنە دەچێت، چونكە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی كارلێكراوە و هەمیشە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ژیان و ژینگەی كۆمەڵایەتی و ئیدی دیاردە و ڕووداو كارەساتەكانی ژیان كاری لێ دەكەن و ناتوانێت لە بارێكی جێگیری دەروونی و هزری بە بە هێزی یان بێ هێزی بمێنێتەوە. نموونەی مرۆڤی لەو شێوەیە، لە هیچ سووچێكی ئەم گەردوونە بوونی نییە، ئەوانەشی دەیانەوێت لە ڕێگەی بە ناو كتێبێكەوە ئەو هەست و تێگەیشتنە لای مرۆڤ دروست بكەن كە دەتوانن هەموو ڕۆژەكانی ساڵ بە بە هێزی بمێنێتەوە، ئەوانەن كە كتێب بە نووشتەی مەلا و فریودان و سیحر تێگەیشتوون. كتێبی (بە هێز بمێنەوە ) نموونەیەكە لەو بە ناو كتێبانەی كە گوایا وەك ڕێنوینییەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی، دەكرێ مرۆڤ وا لێ بكات هەمیشە بە هێز بێت. كتێبەكە، هەر ڕۆژە و لە مانگێكدا، ڕێنماییەك دەخاتە ڕوو، تاكو مرۆڤەكان بیكەنە پلانی ڕۆژانە و مانگانەی ژیانیان و ئیدی لەو ڕێگەیەوە، دەتوانن هەموو ساڵەكە بە بەهێزی بمێننەوە. لێرەدا، نموونەیەك لە چەند ڕێنمایەكی نێو ئەو كتێبە بۆ خوێنەران دەخەینە ڕوو، تاكو بزانین ئەم جۆرە كتێبە بە ناو حیكمەتانەی ژیان كە بە لێشاو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لەلایەن كتێبخانە و ناوەندەكانی چاپ وەردەگێڕدرێن و بڵاودەكرێنەوە، چەندە پڕن لە بێ حیكمەتی !
* لا 94 نووسیویەتی:_( هیچ خەونێك نییە لەتواناكانت گەورەتر بێت) نەك خەونێك، بەڵكو هەزاران خەون هەیە لە توانای مرۆڤ و واقیعی ژیانی گەورەترە، ئیدی ئەو فریودانە و بە گەمژەكردنەی خەڵكی مانای چی؟
* لا 113 نووسیویەتی:_( هەمیشە لە بیرت بێت كردار باشتر لە قسە) كورد هەزاران ساڵە گوتویەتی قسە هەزارە یەكی بەكارە.
* لا 137 نووسیویەتی :_( لە هەر كوێیەكیت لەوێوە دەست پێ بكە) ئەمە وەك ئەو پەندە كوردیەیە كە دەڵێ لە كوێ پسا، لەوێ گرێیدەوە!
* لا 161 نووسیویەتی:_( ئەگەر بە ڕۆژێكی سەختدا تێدەپەڕیت پشت بەوانیتر مەبەستە) كەس هەیە لە كاتی تەنگانە، پێویستی بە كەسانیتر نەبێت؟
* لا 193 نووسیویەتی:_( ئەوە بكە كە دڵت دەیەوێت) بەڕاست مرڤ بەدڵ كار دەكات، یان هزر؟! ئەگەر بەدڵ كار بكات چارەنووسی بەرەو كوێ دەچێت؟
* لا 193 نووسیویەتی:_( پێویستە بڕیارەكانت لە سەر بنەمای نەستەكانت بدەیت)
* لا 195 نووسیویەتی:_( تاكە شتێك كەسی خەوتوو دەتوانێت بیبینێت خەونە) جا كەس هەیە ئەمە نەزانێت؟
* لا 201 نووسیویەتی:_( هەر شتێك كە بیری لێ دەكەیتەوە بەدی بێت بەدی دێت) ئایا ئەمە وایە؟ ئەگەر وابێت مرۆڤەكان بۆچی بە هەزاران خەونی بەدینەهاتوو سەر دەنێنەوە؟!
* لا 249 نووسیویەتی:_( تاكە شتێك تەركیزت بخەیتە سەر ئەوەیە ژیانی خۆت بژی ) ئایا دروستە مرۆڤ ژیانی خۆی بژیت؟ ئەی هاوسۆزیی مرۆییانە؟ ئەی بەخشندەیی؟ مرۆڤ چۆن دەتوانێت بیسەلممێنێت مرۆڤە و بوونی بۆ ئەوانیتر گرنگە، ئەگەر مرۆڤبوونی خۆیان بۆ نەسەلممێنێت ؟
*لا 257 نووسیویەتی:_( هەموو ڕێگاكان دەتگەیەنە شوێنی مەبەست) ئەمە وەك ئەوە وایە كە دەڵێت لەگە عامێ بڕۆ شامێ !
* لا 293 نووسیویەتی:_( لە هیچ شتێكدا سەركەوتوو نابیت تا ئەنجامی نەدەیت) ئەم جۆرە دەربڕینانە، لە نووشتە دەچن و خەیاڵپڵاوییە، چونكە هەزاران كار هەیە ئەنجامی دەدەین و تیاشیدا سەركەوتوونابین.
* لا 303 تووسیویەتی:_( زۆر گرنگە ئەوەی دەیڵێیت مەبەستدار بێت) بێگومان هەموو مرۆڤیچكی ئاقڵ دەبێ ئەوە بزانێت، هیچ حیكمەتێك لەو دەربڕینە دا نییە.
ئەمانە نموونەیەكن لە ناوەڕۆكی ئەو كتێبەی كە گوایا وامان لێ دەكات، هەموو ڕۆژەكانی ساڵ بە بەهێزی بمێنینەوە. بەڕاستی ئەم جۆرە كتێبە، ڕۆڵێكی نەرێنی گەورە لە بەگەمژەكردنی مرۆڤ دەبینن و جێگەی داخە هەمیشەش ڕەواجیان هەیە. بۆیەشە خوێندنەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ناتوانێت مرۆڤەكان بگۆڕێت، چونكە لە ڕێگەی ئەو بەناو كتێبانەوە دەیانەوێت فێر ببن ! ئەگەر نا مرۆڤ دەبێ سەرەتا كە ناونیشانی كتێبێكی لەو شێوەیە دەبینێت، خۆی ئەو پرسیارە لە خۆی بكات، كە بە ڕاست مرۆڤ دەتوانێت هەر سێ سەدو شەست و پێنچ ڕۆژەكە بە بەهێزی بمێنێتەوە؟ مەگەر پەیامبەران كە نێردراوی خودابوون چەند بەدەست نەخۆشی و ئازاری بێ باوەڕان، نەهامەتی و بێ هێزی و ئازاریان دیت! مەگەر زانا و بیرمەندوو فەیلەسوفانی دنیا، چەندە سەختی ژیانیان لە هەموو ڕووێكەوە بینی! بۆیە ئەم جۆرە بە ناو كتێبانە، لە نووشتەی مەلایەك دەچن كە دەیەوێت مرۆڤەكان فریوبدات، لە پێناو بەرژەوەندی و دەسكەوتی خۆی. لە و یارییە فریودەرانە دەچن كە بە ناوی سیحر و سێرك و چەندان گەمەی تەكنیكی و هونەری دیكە، كە مێشكی مرۆڤ هەڵدەخەڵەتێنن و ئەویش سەرسامانە بەرانبەریان دەوەستێت و سەراسیمە دەبەێت، وەك ئەوەی پەرجوویەك ڕوویدا بێت !
*ناوی كتێب: بەهێز بمێنەوە، نووسینی: دیمی لۆڤاتۆ، وەرگێڕانی : نەوا فوئاد، بڵاوكراوەی : كتێبخانەی فێربوون _2022.