دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

خۆڵی بەر پێی بۆ کلی چاو

حەمەسەعید حەسەن
مووسا بە عەساکەی زەریای سوور دەکات بە دوو لەتەوە و خۆی و شوێنکەوتووانی، بەبێ ئەوەی تەڕ ببن، دەپەڕنەوە ئەوبەری، بەڵام هێشتا ئەم پەرجووە، دەستی بە داوێنی ئەو موعجیزەیەدا ناگات کە موحەممەد ساڵێک پێش کۆچی بۆ مەدینە، لە شەوێکدا بە دووقوڵی لەگەڵ جوبریلدا بە سواری بوراق، لە مەککەوە بۆ قودس و لەوێوە بۆ حوزووری خوا دەفڕن و هەر هەمان شەو موحەممەد دەگەڕێتەوە. بوراق لە گوێدرێژ گەورەتر و لە هێستر بچووکتر بووە، ڕەنگی سپی بووە، ناوەکەی لە بەرقەوە هاتووە، کە هەم سپییە و هەم تیژڕەویشە. بوراق لە خەیاڵی شاعیراندا، ڕوخساری لە هی ئینسان و کلکی لە هی تاوس چووە.
ئەوەی کە بەگوێرەی دەقی سوورەتی ئیسراء، موحەممەد گەشتی بۆ ئاسمان کردووە، بۆ هەموو سۆفییەک ئومێدبەخشە کە ئەویش بگاتە حوزووەری خوا. یەکەمین عاریف کە باسی ئەوەی کردووە، دوای مەستبوون بە عیشقی خوا، بۆ حوزووری فڕیوە، بایەزیدی بەستامی بووە. لە گەشتە دووقۆڵییەکەدا، جوبریل نەیتوانیوە، هێندەی موحەممەد لە خوا نزیک ببێتەوە و گوتوویەتی، ئەگەر هێندەی تاڵەموویەک نزیکتر بوومایەتەوە، نووری خوا باڵەکانی دەسووتاندم. لە شیعردا جیابوونەوەی جوبریل لە پەیامهێن، بە جیابوونەوەی بولبول لە گوڵ شوبهێنراوە. کە مووسا داوای لە خوا کرد، خۆی پیشان بدات، خوا پێی گوت: سەیری ئەو شاخە بکە، ئەگەر لە جێی خۆی ما، دەتوانیت بمبینیت، ئیدی دەستبەجێ شاخەکە لە بن هات و لەگەڵ زەویدا تەختبوو، مووسایش وەک بروسکە لێی دابێت، هۆشی لای خۆی نەما و ڕەهێڵ بوو. (فلما تجلى ربه للجبل جعله دكا وخر موسى صعقا. الأعراف ١٤٣) مووسا خۆی داوای دیتنی خوا دەکات، بەڵام خوا خۆی دەنێرێت بەدوای موحەممەددا، ئەمەیش بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ پلەی هەرە بڵندی دوا پەیامهێن، لای خوا.
نەدەبوو جوبریل ئامادەی (دیدار)ەکەی نێوان خوا و پەیامهێن ببێت، ئەگەرنا دەبووە پەردە، لەنێوان مەعشووق و عاشقدا. پەیامهێن گوتوویەتی: (لای خوا وەختم هەبوو.) کەواتە خۆی بە تەنیا وەختی هەبووە لای خوا، وەختێکیش دڵدار لای دڵبەر هەیبێت، کەسی سێیەم ناکەوێتە نێوانیانەوە. میعراج ئەو وەختە تایبەتەیە، خوا بۆ (دیتن)ی پەیامهێنی دیاری کردووە. هەرچەندە خوا پێشوازیی لە پەیامهێن کردووە، بەڵام ئەم ڕێزلێنانە کە بڵندترین پلەیە ئینسان پێی بگات، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە موحەممەد لە حوزووری خوایشدا هەر عەبدی خوا بووە، نە لەناویدا فانی بووە، نە لەگەڵیدا یەکی گرتووە. (سبحان الذي أسرى بعبده ليلا… سوورەتی ئیسراء ١)
سۆفییەکان هێندە بەدواداچوون بۆ فەرموودە ناکەن، کردەوە لەکنیان لە گوتە گرنگترە. خەرقانی گوتوویەتی: (میراتگرانی پەیامهێن، ئەوانەن هەڵسوکەوتیان لە هی ئەو دەچێت، نەک ئەوانەی ڕووی کاغەز ڕەش دەکەنەوە.) ئەوەی پەیامهێن لە مەککەوە چووە بۆ مەدینە و دواتر بۆ مەککەی زێدی خۆی گەڕاوەتەوە، لای سۆفییان وەک سەفەری ڕۆح وایە کە لای خواوە دێت و بۆ لای خوا دەچێتەوە. سۆفی کە گوڵیان خۆش دەوێت، لەوەوە هاتووە، پەیامهێن گوڵی سووری لەسەر چاوی داناوە و گوتوویەتی: بەشێکە لە شکۆی خوا. ئەوەیشی کە پەیامهێنیان بە بولبولی باخی ئەزەل شوبهاندووە، هەر لەوەوە هاتووە کە گوڵی زۆر خۆش ویستووە. سۆفییانیش وەک شیعە، بە چاوی ڕێزەوە، سەرنجی نەوەی فاتیمەی کچی پەیامهێن دەدەن.
(ئەوی گوێڕایەڵی پەیامهێن بێت، وەک ئەوە وایە گوێڕایەڵی خوا بێت، ژنان ٨٠) بەڵام ئاخۆ ئەوە بەو مانایە دێت، ئەوی پەیامهێنی دیتبێت، وەک ئەوە وایە خوای دیتبێت؟ لە ڕوانگەی غەزالییەوە، پەیامهێن خەلیفەی خوا بووە و چاودێریی هەموو گەردوونی کردووە. پێوەندیی نێوان خوا و پەیامهێن، وەک پێوەندیی نێوان خۆر و تیشکی خۆر وایە، خوا خۆرە و پەیامهێن تیشکەکەیەتی، کەواتە نووری موحەممەد، لە نووری خوا بەولاوە، هیچی دیکە نییە. وەک چۆن کەس ناتوانێت بگاتە خۆر، کەسیش ناتوانێت بگاتە خوا، بەڵام ئەوی نووری پەیامهێنی دیتبێت، وەک ئەوە وایە نووری خوای دیتبێت.
چونکە ئەوە خوا بووە کە موحەممەدی خوڵقاندووە، بۆیە موحەممەد چی هێزی شک بردووە، شەپۆلی زەریای توانای خوا بووە، لەودا دەرکەتووە. ڕۆحی موحەممەد با زادەی ڕۆحی خوایش بێت، بەڵام یەکسان نییە بە ڕۆحی خوا، چونکە ئەوە خوایە ڕۆحی موحەممەدی خوڵقاندووە، بەڵام ڕۆحی خوا خوڵقێندراو نییە. نووری موحەممەد با درێژەپێدانی نووری خوایش بێت، بەڵام خوا خوڵقاندوویەتی نەک موحەممەد خۆی. أحمد پەیامهێنە، کە خوا گوتوویەتی: من (أحمد)ێکی بێ میمم، مەبەستی هەر ئەوە نەبووە کە خوایەکی تاک و تەنیایە، کە (أحد)ە، مەبەستی ئەوەیش بووە، کە لەسەروو مردنەوەیە، ئاخر میم حەرفی (موت)ە، بەڵام پەیامهێن لەسەروو مەرگەوە نەبووە. میم حەرفی مەخلووقیشە، خوا خالیق بووە، وەک پەیامهێن مەخلووق نەبووە. بەهای میم بە ژمارە چلە، موحەممەد بە چل ساڵی وەحی بۆ هاتووە.
مولاي صلي وسلم دائما أبدا
علی حبیبک خیر الخلق کلهم
قەسیدەی بوردە کە شاعیری میسری، (بوسەیری) لە کۆتاییی سەدەی سێزدەیەمدا لە ستایشی پەیامهێندا نووسیویەتی، هەر چی خۆشەویستیی سۆفییان بۆ پەیامهێن هەیە، تێیدا چڕ کراوەتەوە و بۆ چەندان زمان تەرجەمە کراوە. سەروەختی نووسینی ئەو شیعرە، بوسەیری ناساغ بووە، پەیامهێن هاتووەتە خەونی و بوردەکەی (جبەکەی) خۆی پێدا داوە، ئیدی دەستبەجێ چاک بووەتەوە. خاقانی، سەنائی و عورفی جوانترین شیعری خۆیان بۆ وەسفی پەیامهێن نووسیوە و لە شیعری مەولانایشدا، پەیامهێن ئامادەیە. موحەممەد ئیقبال گوتوویەتی: (دەشێت ددان بە خوادا نەنێیت، بەڵام ناتوانیت نکووڵیی پەیامهێن بکەیت،) پەیامهێنێک کە خۆڵی بەرپێی بۆ کلی چاو دەست دەدات و وەک چۆن کل چاو بەهێز دەکات، خۆڵی بەرپێی ئەویش، ڕووناکی بە چاوی نابینا دەبەخشێت.