سەلامەتی و گەشەکردن و ئاسایشی هیچ کۆمەڵگەیەک لە خۆیەوە دروست نەبووە!

گوهدار شكری ئاكره‌یی
مێژوو ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە سەلامەتی و ئاسایشی هیچ کۆمەڵگەیەکی گەشەکردووی پێگەیشتوو لە خۆیەوە دروست نەبووە، بەڵکوو لە دوای چەندین شکستی هەرە گەورە و لەناوچوونی هەزاران کەس، ئەوکاتە مرۆڤایەتی ناچار بووە لەدەرنجامی ئەو هەموو وێرانی و شکەستانە بگەنە ئەو بڕوایە، یاخۆت ئەو تێگەیشتنەیان بۆ لەدایک بووە، کەوا هەرشتێک ئەرکی خۆی هەیە و دەبێ ئەرکی دیار بکرێت. بۆ نموونە ئەگەر خودی مرۆڤ بەگشتی وەرگرین کە بەسروشتی خۆی خاوەن دوو هێزە! هێزی ئەقڵ و هێزی جەستە، کە لەبنەرەتدا هیچ مرۆڤێک نییە هەست بە بوونیان نەکات و پێویستی پێ نەبێت، تەنها ئەو زانینەنەی پێویستە چۆن وە کەی پەیڕەویان بکات. چونکە ئەگەر ئەرکی هەریەک لەم هێزانە دیار نەکرێت و نەزانرێت کەی پەیڕەوی بکەن، ئەوە ئایندەی مرۆڤەکان یا خەڵکی ئەو شوێنە تووشی ئەو هەموو نەهامەتی و نالەبار یانە دەبێتەوە کە لەسەرەتا ئاماژە مان پێداوە.جا سەرەتا لێرەوە بتوانین بە پوختی و کورتی ئاماژە بەسوود وو زیانەکانی هەریەکە لەم دوو هێزەی خودی مرۆڤ هەیەتی یاخۆت خاوەنیەتی بکەین بۆ ئەوەی بزانین کەی پەیڕەو بکرێن. جێی ئاماژەیە سوود و بەهای هێزی جەستەمان لەیاد نەچێت، کە لە بنەڕەتدا ئەم هێزە بێسنوورە پشکی هەیە بۆ بەردەوامبوونی ئەقڵ و بەڕێوەبردنی سەلامەتی و گەشەکردن و ئاسایشی مرۆڤ، چونکە شتێکی شاراوە نیە هەندێ جار ئەقڵ ئەو رۆڵەی نامێنێ بۆ سەلامەتی تاکەکە، لە هەمبەر هەندێ رووداوی بەتینی نەخوازراو، کەوا ئەو کاتە هێزی جەستە شوێنی هێزی ئەقڵ دەگرێتەوە، ئەگەرنا هەردوو هێز لەناو دەچن، کۆتایی بە ژیانی مرۆڤەکە دێت. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگە هەرە بەهێزەکەیە نابێ رۆڵی هێزی جەستە وەلاوە بنرێت، بەڵکوو پێویستە هەر تاکێک لە ئێمەی مرۆڤ ئەوە بزانین، هەریەک لەم دوو هێزە چ کات و ساتێک پەیڕەوی بکات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە کە لە بنەڕەتدا لەبەر ئەم کاردانەوانەیە، هەرچی وڵات و شوێنە پێنەگەیشتووەکانن لە دەرنجامی نەزانینی بەکارهێنانی ئەم دوو هێزەیە کە هێزی جەستە شوێنی هێزی ئەقڵی گرتۆتەوە. کەچی بە پێچەوانەوە هەرچی وڵاتە گەشەکردووەکانن هێزی ئەقڵ بە بەردەوام بەرامبەر بە هەموو کێشەکان کاری پێ دەکرێت و تاکەکانی کۆمەڵگەکەیان شێوەی کەسێکی هۆشیار و سەلامەت وەردەگرێت و بیرمەندانە بیر دەکەنەوە و، ئامانجیان لە بنەڕەتدا لە پێناو خزمەت و نیازەکانی ژیانی کۆمەڵگەیانە، بەمەش تاکەکانیان هەڵگری رۆحی لێبوردنیان بە بەردەوام بۆ لەدایک دەبێت بۆ بەرامبەر بە یەکتر. کەواتە پێویستە هێزی ئەقڵ هەمیشە لە پێش هێزی جەستەوە بێت و ئەرکی هێزی ئەقڵ دیار بکرێت لە هەموو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی ئایینییەکان، کە هۆکاری گۆڕینی کێشەکانی رێڕەوی رووباری کوشتن و بڕینی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی تا ئێستا پێنەگەیشتوون و گەشەیان نەکردووە، ئەرکی ئەقڵیان وەلاوە ناوە هێزی جەستە لە سەرووی یاساکان بەکار دەهێنرێت. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان بخەینە سەر رێگای هێمن و ئاسایشی، پێویستە هەر مرۆڤێک ئەرکی خۆی و ئەرکی شتەکانی بزانێت و، کەی پەیڕەوی بکا، ئەگەرنا برسێتی و وێرانی بەرۆکی خەڵکەکەی بەر نادات.