سەگڤان هالو
پێش نووسینی ناوەرۆکی بابەتێکی لەم چەشنە، پێویستە بزانین پارتی سیاسی کێیە؟
“پارتی سیاسی لە دەزگەیەکی ڕێکخراوی ڕکابەری سیاسی پێک دێت بە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، یان بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا.”
لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا لەسەر ئاستی مرۆڤایەتیدا، جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و زمان بوونیان هەیە.
کاتێک فرەڕەنگی بوونی هەبێت لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا، کاریگەری دەبێت لەسەر دروستبوونی ململانێ بە مەبەستی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی. بەم شێوەیە گرنگیی پارتی سیاسیمان بۆ دەردەکەوێت.
فرەڕەنگی سیاسی، کە خۆی لە بوونی پارتە سیاسییەکاندا دەبینێتەوە، بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەکەن و دەکەونە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکتر بە شێوەیەکی ئاشتییانە.
کێبڕکێی هەڵبژاردن، کێبڕکێیەکی ڕەوایە لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا، چونکە ئامانجی هەر پارتێکی سیاسی ئەوەیە، کە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بگاتە دەسەڵات بە ڕێگەی زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییانەوە.
لایەنی ئەرێنی کێبڕکێی هەڵبژاردن، هێنانە ئارای سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتییە و دوورخستنەوەی گشت بیروڕا سیاسییەکانە لە توندوتیژی و ئاڵۆزی لە ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا.
بوونی پارتە سیاسییەکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە لەنێو گۆڕەپانی سیاسی هەر وڵاتێکدا، چونکە پارتی سیاسی و دیموکراسییەت تەواوکەری یەکترن و بە نەبوونی حیزبی سیاسی ناتواندرێت باس لە دیموکراسییەت بکرێت.