‎جەوهەری كۆبوونەوە مێژووییەكە

‎هاودەنگ فارووق
‎كۆبوونەوە مێژوویی و گرنگەكەی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، هەموو خەڵكی كوردستان و، دۆستەكانی كوردیشی لە تەواوی جیهان دڵخۆش كرد. خۆشبینییەكە لەو ڕوانگەوەیە، كە هەمووان داوای یەكڕیزی و تەبایی و یەكهەڵوێستی لەكورد دەكەن. هەموو لایەكیش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون ئەگەر بڕیاربێت كورد دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت، بێگومان بە یەكڕیزی وەدەستی دێنێت.
‎ئەوەی گوتمان ئەدەبییاتی كوردایەتی، بەدرێژایی مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان، ویردی سەر زاری هەموو كوردێكە، بەڵام كەمجار هەبووە لەكات و ساتی گونجاوی مێژوویی خۆیدا، سەركردەیەكی حەكیمی وەك سەرۆك بارزانی، بەشێوەی كردەیی زۆر جدییەوە هەوڵ ‎بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەو برایەتی و یەكڕیزییە بدات.
‎لەئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویشدا كوردستان لەهەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوادا، بەگۆڕانكارییەكی كاریگەر و ڕیشەییدا تێدەپەڕێت. یەكێك لە خەسلەتەكانی بڕیاری سیاسیش ئەوەیە، لەچركەساتی گونجاودا بدرێت و، لەساتەوەختی خۆیدا هەنگاوی بۆ بنرێت، ئەگینا گرنگترین بڕیار لەكاتی نەگونجاودا، هیچ لەدۆخی بابەتەكان ناگۆڕێت و دەرفەتەكان لە ڕووی زەمان و زەمینەی سیاسی لەدەست دەچن.
‎بایەخی هەرە بەهێزی ئەو كۆبوونەوەیەی سەرۆك بارزانی بۆ تەكبیری كوردانە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، لەوەدایە كە لەئانوساتی دەرفەتە چارەنوسسازەكەدا هاتە پێشەوەو وەكچۆن بەرێ دەساڵان بارزانی بووە فریادڕەسی كۆبانی و نەیهێشت شارەكە بكەوێ و پێشمەرگەو شەڕڤان بەسەر داعشدا سەركەوتن، ئەمڕۆش سەركەوتنێكی دی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە نووسرا، چونكێ لە چركەساتی گونجاوی مێژوویی خۆیدا بوو.
‎هەروەك لەڕووی ناوەڕۆكەوە، لەئاستی ئاڵنگارییەكاندا بوو. باس لە دۆسیەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەتایبەتی دۆسیەی كورد لە ڕۆژئاوا كرا. لێرەدا ئەوەی گرنگە دوو خاڵە:
‎یەكەم: هاوچارەنوسیی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا، گرێدانی كاریگەری هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و دەستووری لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا، ئەمە نیشانەی ڕوونە لەسەر ئەوەی كورد وەكو نەتەوە ئامادەگی دەبێت لەگۆڕانكارییەكاندا، كورد وەك یەك پاكێچ لەلایەن زلهێزەكانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەمە خاڵی جەوهەری و پڕبەهاترین دەستكەوتە بۆ كورد، هەر ئەوەش نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت.
‎دووەم: دەستبەجێ مامەڵەكردنی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئاماژە و كۆدەكانی ئەو چانسەی بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە. وەلانانی هەموو بابەتە لاوەكییەكان و، دەستپێشخەری بۆ یەكڕیزی كورد و، دروستكردنی یەكهەڵوێستی و یەك بڕیاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنەكەسە. بۆ هەموو جیهانی باشتر سەلماند، كوردیش سەركردەی شایستە و مەرجەعی باڵای هەیە بۆ ئەوەی لە زەمەنی چارەنوسسازدا كەشتییەكەی كورد بگەیەنێتە كەناری ئارامی.
‎دانانی نەخشە ڕێگەیەك بۆ دەستەبەركردن و زامنكردنی مافەكانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستاندا، سەرەتای ئەو گۆڕانكارییەیە كە هەمووان چاوەڕوانی دەكەن. خێرایی وەڵامدانەوەی بەڕێز مەزڵوم عەبدی و هاوڕێكانی بۆ ئەو دۆخە تازەیە و، تێگەیشتن لەوەی ڕەوڕەوەی گۆڕانكارییەكە بەبێ سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بەدی نایەت، پێشهاتە گرنگەكەیە و، ئێستا كورد لەهەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو زلهێزانەی كە سپۆنسەری ئاڵۆگۆڕە گەورەكەی ناوچەكەن، لەسەر یەك هێڵی سیاسی ـــ ستراتیژی دەجوڵێن و، لەیەك ئاوازی ئاشتی و سەقامگیری دەخوێنن، ئەو سەقامگیرییەی مەحاڵە بێی كورد بێتەدی، واتە زەمینەی خودی لەلایەنی كوردەوە سازێنراوە بۆ لەئەستۆگرتنی ئەركە گەورەكانی ئایندە.