هەولێر و بەغدا دوو تێگەیشتنی جیاواز

شێرکۆ حەبیب
لای هەموو هەمووان ئاشکرایە کەوا چۆن دەوڵەتی عێراقی لە سەرەتای سەدەی رابردوو بە سەرپەرشتی ئینگلیز دامەزرا کە عێراق لە دابەشکردنی نێوان زلهێزەکان بوو بە بەشی بەریتانیا، دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دوور لە خواستی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بوو، لەگەڵ ئەوەی کوردیش یەکێک بوو لەو میللەتانەی بەزۆر خرایە سەر ئەو دەوڵەتە دوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەند وڵاتێک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە.
هەر لە ساتە وەختی لکاندنی کوردستان بە عێراقی عەرەبی دژایەتیکردنی کورد سەری هەڵدا تا دەگاتە ڕۆژانی ئەمڕۆ دژایەتی کورد بەشێوازی جیاجیا بەردەوامە، کە سەرجەمیان لە تێڕوانینی هزری شوڤێنی و ڕەگەز پەرستی سەری هەڵداوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ سەردەمی عەولەمە و تەکنلۆجیا و پێشکەوتنە، بەڵام بەداخەوە ئەو هزرە جاهیلیە لای هەندێ لایەنی خاوەن دەسەڵات لە بەغدا ماوە.
ئەمرۆ نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی دەستوور دەچێتە ئەو خانەیەوە، هەندێ لەوانەی لە دەسەڵاتدان لە بەغدا وەنەبێ پابەند نەبوونیان بە دەستوور و رێککەوتنەکان پەیوەندی بە دەستوورە بێت بەڵکو ئەوانە نازانن دەستوور و دیموکراسی و پێکەوە ژیان چییە، بەڵکو لە ژینگەیەکی نەزان و بێ یاسا هەر وەک سەردەمی جاهلی دەژین، بەپێچەوانەی کورد ئەگەر چی لە دێز زەمانەوە لە ئەشکەوت و شاخەکان ژیاوە بەڵام هەستی هاوکاری و یارمەتیدانی لا بایەخدار و گرنگ بووە، بۆیە هەر دەبینین لە دێر زەمانەوە کوردستان پەناگای لێ قەوما و ئاوارە بووە و هەردەم دەستی هاوکاری باڵا بووە لای کورد.
ئەمڕۆ هیچ بیانوویەک یا هۆکارێک نییە بۆ بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەغدا تەنیا هەوڵی لاوازکردن و لەباربردنی پێگەی هەرێمە، کە ئەمەش مەحاڵە چونکە ئەو ئەزموونە دیموکراسییە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە بەدەست هاتووە و میللەتی کورد پابەندی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و یەکدی قەبووڵ کردنە بە جیاوازی ئاین و نەتەوە و مەزهەب، ئەوە دیدی کوردە بۆ پێکەوە ژیان، بە پێچەوانەی دیدی ئەوان کە ناتوانن لە کەشێکی تەبایی و یەکدی قەبوول کردن بژین کە ئەمەش کلتوری ئەوانە.
زۆر جار هەولێر لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەستبەرداری گەلێک بابەت و بەرژەوەندی خۆی بووە بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ دەوڵەتێکی دیموکراسی فرەیی فیدراڵی دابمەزرێت، بەڵام بەداخەوە بەرانبەرەکەی کە بەغدایە تا ئێستا هزر و بیری نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەی کە بتوانێت لەگەڵ دیموکراسی و فیدراڵی و پێکەوە ژیان هەڵسوکەوت بکات. هەر بۆیە دەبینین ئەمرۆ هەولێر لە چ ئاستێکی پێشکەوتن و ئاوەدانییە و بەغدا لە چ ئاستێکدایە!
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دوو بیری جیاواز و لێک تێگەیشتن زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بوونی هەیە، و تا کوردستان نەبێت بە دەوڵەت هەر ئەمە حاڵمان دەبێت، زۆر بەداخەوە لە دەوڵەت نزیک بووین بەڵام خۆفرۆشان خەونی میللەتێکیان لە ناو برد.