ڕوانینی تۆ دەرگای هاتنی داهاتووتە

رەمەزان ئەحمەد مستەفا
مرۆڤە ئوسلووبجوانەکان هەمیشە جوان دەردەکەون لە چاوی کۆمەڵ، ئارام و ئاسودەن لە ژیانیاندا، نەرمونیان و قسەخۆش و دەمبەخەندە و تێگەیشتوون هەرگیز شتێک ناڵێن ببێتە هۆی پەستبوونت؛ تۆش لە بەرامبەریاندا هەست بە ئاسودەیی دەروون دەکەی، کاتێک لە بەرامبەریاندا حزورت ئامادە بێ بەهای خۆت دەزانی؛ نرخی مرۆڤایەتیت بۆ دەردەکەوێ تا نزیک بیتەوە هەست بە گەورەیی و ڕێز و حورمەت دەکەی هەندێک مرۆڤ تا ڕێزی بگری زیاتر بەهات بۆ دادەنێ کە هەموو کەس ئارەزوی ئەوە دەکات قەدر و ڕێزی بگیرێ.
گەورەیی مرۆڤ لە هەستەکانی بەدەر دەکەوێ کاتێک لەگەڵت دەدوێ، پێشبینیەکانت دەستبەجێ شیکردنەوە بۆ ئەمە دەکەن کە تا چەند ئەمە مرۆڤێکی نیەتپاک و چاکەخوازە یاخود کەسێکە خۆبەزلزان و نەگونجاوە لەگەڵ بیرکردنەوەکانت.
مرۆڤەکان جیاوازن لە بیرکردنەوە و دەنگ و ڕەنگیان لە حەز و ئارەزوو بۆ هەڵبژاردنی جل و بەرگیان لە کەسایەتی و بەهاوسەنگیان، هەروەها هەرکەسێک تایبەتمەندی خۆی هەیە تایبەت بە تامی خواردن و خواردنەوە، هەروەها لە ڕووی بیستنەوە مرۆڤەکان جیان بۆ گوێگرتن لە بابەتەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئایینی و کەلتوری و گۆرانی و مۆسیقا و هتد؛ هەروەها هەڵبژاردنی بۆنی خۆش بۆ خۆیان هەرکەسەو بە پێی تایبەتمەندی خۆی، تەنانەت هەرکەسەو تێڕوانینێکی هەیە بۆ ژیان بە واتایەکی تر بڵێین هەر کەسەو جیاوازە لە دنیای خۆی لە بیرکردنەوەی بۆ دەوروبەری ئەمە لە سروشتی مرۆڤە تاکو بەم جیاوازیە زۆرە پێشبڕکێ بکەن بۆ درێژەدان بە کاروانی ژیان و، لە هەوڵدان سارد نەبنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و حەز و ئارەزووی خۆیان چونکە ژیان بە جیاوازییەکانیەوە جوانە.
ئەوەی گرنگە مرۆڤ تا بتوانێ ڕەفتاری جوان و گونجاو و لەبار بێ بۆ چواردەوری ئەوەی سوودی بۆ من و تۆ و ئەوانی تر هەبێ هەر ئەوەیە بە کەڵکی مرۆڤایەتی دێت کاتێک ئیشێکم بکەوێتە لای جەنابت بەوپەڕی ڕەفتار و گوفتاری جوان بەڕێم بکەی ئەگەر ئیشەکە کرا، خۆشی لە خۆم، ئەگەر نەکرا بتوانی هۆکارێکی گونجاوم بۆ باس بکەی کە جێگای متمانە و قەناعەتم بێ، یاخود چاکوچۆنی و سەردانێکمان هەبێ، بتوانین گوفتار و ڕەفتارمان لە دڵ و نیەت و بە قسە و کردەوە یەکسان بێ نەک بە زمان بە شێوەیەک خۆمان پێشان بدەین بە کردار شێوازێکی تر بێ، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی دووڕوویی؛ بگرە کەسی دووڕوو خەتەرناکترە لە درۆزن و حەسوود و دڵپیس و تەماح و بۆگەن چونکە لەوانەیە کەسانی دووڕوو هەموو ئەم سیفەتە خراپانەی هەبێ بەڵام لەبەر دووڕوویی، هەستی پێ نەکەی.
چ گرنگییەکی هەیە ئەگەر تۆ کەسێکی دەوڵەمەند بی لە ڕووی ماڵ و سامانەوە یاخود تۆ تۆ کەسێکی شەهادەدار بی لە ڕووی عیلم و زانستەوە چونکە ئەمانە لە کۆتاییدا هەر هەمووی ئی خۆتە بۆ من هیچ گرنگی و بەهایەکیان نابێ کە تۆ نەتتوانی بە وتەیەکی خۆش و گونجاو، ڕەفتار و گوفتاری لەبار و جوان مامەڵەم لەگەڵ بکەی.
مرۆڤ چەندە باش بێ، قابیلی باشترە؛ هەمیشە گۆڕانکارییەکان لە خودی خۆت هەڵبژاردەی خۆتە لە باش بۆ باشتر بە پێچەوانەوەش ڕاستە، هەروەها مرۆڤ قابیلی گۆڕانە لە نێوان هەناسەکانیدا هەمیشە بەخۆت بلێ بیرکردنەوەکانم دروستکراوی خۆمن نە سوودم پێ دەگەیێنن نە توانای زیانگەیاندنیان هەیە، ئەگەر من وزەیەک یاخود هۆکارێک و جووڵەیەک نەبم بۆ کارپێکردنی ئەم هزروبیرانە.
لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەرنجێک بدەین لەو کەسانەی ڕەفتار و ئوسلووبیان نەگونجاوە، باسکردنیان تۆزێ گران و قورس و ناخۆشە بۆ باسکردن؛ چونکە بیرکردنەوەیان زیاتر لە نەزانین و لووتبەرزییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ هەندێ کەس خۆیان زۆر باش پێشان دەدەن لە دوای ئەوە کاتێک پۆستێک وەردەگرن یاخود دەوڵەمەند دەبن لە ڕووی ماڵ و سامانەوە یان شەهادەی بەرز بەدەست دێنن زۆر جار گۆڕانی گەورە بەسەر ڕەفتار و گوفتاری ئەو جۆرە کەسانەدا دێ، لە بشەوە بۆ لووتبەرزی و قسەی زل و گەورە؛ بگرە ڕەفتار و گوفتاریان لەگەڵ دەوروبەر لە مامەڵەی ڕۆژانەدا دەبێتە هۆی توندکردنی دڵی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بەرکەوتن و ئیشوکاریان لەگەڵ دەکەن.
چونکە ڕەفتار و گوفتاریان بە جۆرێکە لەگەڵ ئوسلووب و دابونەریت و تەبیعەتی سروشتی مرۆڤایەتیدا ناگونجێ کە ههر لە سەرەتاوە بەم جۆرە ژیاون لە کاتێکدا هەر ئەو کەسە بوو دوێنێ برادەرێکی باش و بەڕێز بوو ئەمڕۆ کەسێکی سپڵە و قسەڕەق، کە ئیشێکت دەکەوێتە لای بە جۆرێک ڕەفتار دەکات کە ئەو کەسە تۆ ناناسێ؛ کە بە داخەوە کۆمەڵگەی ئێمەش لەم جۆرە کەسانە بەدەر نیە؛ هەموومان ئەم جۆرە کەسانە ڕۆژانە دەبینین و بەرچاومان دەکەوێ بەرکەوتنمان لەگەڵ هەیە.
ئەوەی گرنگە پێویستە هەرکەسەو لە خۆیەوە دەست پێ بکات، بگەڕێینەوە بۆ ڕەفتاری جوان و بەجێ؛ دڵی کەس لە خۆمان عاجز نەکەین، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی گرانبەهایە دەبێ ڕۆژێک بێت دوچاری ئازاری ئازارەکەی ئەو کەسانە ببینەوە.
هەموومان ئەم ڕاستییە دەزانین کە ڕۆژێک دێت ماڵئاوایی لەم ژیانە کورتە دەکەین و لەسەر ئەم زەوییە دیار نامێنین؛ هەروەکو دوێنێ نەبووین ئەمڕۆ هەین و سبەی ماڵئاوایی دەکەین کە لەوانەیە فریای خاترخواستنیش نەکەوین لە ئازیزانمان.