خۆڕێکخستنەوە و ئەرکی سەرەکیی سەرکردەکان

سەرۆ قادر*
بەشی سێیەم و کۆتایی
هەموو ئاماژەکان لە مەیدانی کرداریدا وا نیشان دەدەن، کە سەرەنجام تورکیا ناچار دەکرێ ددان بە کوردستانی سوریادا بنێت، بەتایبەتی لەو کاتەوەی پەیەدە ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتی خۆیدا دەست پێ کردوە، وەک: قبووڵکردنی دەوڵەتی تورکیا وەک دراوسێ و هاوکاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە. هەروەها بڕینی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و دوورکەوتنەوە لەو سیاسەتەی پەکەکە لەناو کوردستانی تورکیادا بەرانبەر بە تورکیا جێبەجێی دەکات. پەیەدە لەژێر گوشار دایە تا لە ناوخۆی کوردستانیشدا دەرگا بکاتەوە بۆ بەشداری هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان بە عەمەلی لە بەڕێوەبردنی ڕۆژاڤادا و لە بڕیاری سیاسیدا بەشدار بن. هەموو ئەوانە زەمینەی لەبارن بۆ ئەوەی کورد لە کوردستانی سوریا شانسێکی زۆری هەبێ و بە عینادی و بڕیاری ئایدیۆلۆژییانە دەرفەتە مێژووییەکەی لەدەست نەچێ.
هەر وەک دیارە لە هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە باسی مانەوەی کوردستانی سوریا دەکرێ و بۆ پشتیوانیکردنی کەوتووەتە کار و لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی، کە پێویستە لە بیر و سیاسەتی ئەو ئەو پارچەیەدا ڕوو بدات. لە ئێستاوە داهاتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرشنگدارە. هەرێمی کوردستانی عێراق دەپارێزرێ وەک دیارە بەهێزتریش دەبێ (هەرێمی کوردستانی سوریا، یا خۆسەرییەکانی) وا لە دروستبوونی قانوونی دایە بەهێز دەبێت. لەناو کوردستانی باکوور(تورکیا)دا دەوڵەتی تورکیا کەوتووەتە کردنەوەی دۆسیەی کورد. هەر بۆ خۆی کردنەوەی فایلی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەتاییش بێت نیشانەی گرنگی کوردە لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست. دەوڵەتی تورکیا ئاگادارە چ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و کورد چۆن مەیدانی ئەو گۆڕانکارییە دەبن، کە ئەورووپا و ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت لە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیکەن.
هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران دروست ببێ دیسان کێشەی کورد لەوێندەر دێتەوە بە ڕۆژەڤ و دەچێتە بەر باس و گفتوکۆ ئینجا ئەوە چ بە گۆڕانکاری سیاسی بێ لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیدا، یان کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی بۆ ئەوەی بتوانێ بمێنێتەوە لە ناوخۆیدا دەست بە چاکسازی و جۆرێک لە ڕێکخستنەوە بکات، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کێشەی کورد بخاتە بەردەمی گفتوگۆ بۆ چارەسەری، یان بە جۆرێک ڕازیکردنی کوردستان و ددان پێداهێنانی. هەموو ئەو ئەگەرانە هەیە کەواتە تێکڕای کوردستان ئێستا لەنێو بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەتسازانی ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە ئەوەش لە هەڵوێست و دەربڕینە ڕەسمییەکانی وڵاتانی پەیوەنددار بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونە. بۆیە دەکرێ بە گەشی سەیری داهاتوو بکەین، بەڵام ئەوەی کەوا جێی نیگەرانی و لێوردبوونەوەیە دۆخی ساردی نێوان سەرکردەیە سیاسییەکانی کوردستانە. لە حەوت ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان حزبەکان و سەرکردەکانیان زۆر ساردە و لە زۆر بواریشدا دوژمنانە بووە. ئەوە لەسەر ئاستی پارچەیەک بێت، یان هەر چوار پارچەی کوردستان بووبێت. ئەم دۆخی دڕدۆنگیی نێوان سەرکردەکان تەنیا بە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە شاخ و ئاوارەیی بەراورد دەکرێ. بۆ ئامادەبوون لە دۆخی نوێدا پێویستی بە ڕاوێژ و گفتوگۆ لەنێوان هەموو سەرکردەکان ئەرکێکی لەپێشەوەی هەموو خواستێکی دیکەیە، بەڵکو بیرۆکەی دروستکردنی ناوەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ یەکخستن و هاوکاری و لێکحاڵیبوون لەکوردستان دروست ببێت. ئەوە گفتوگۆ و لێبوردەییە، کە دۆخێکی ئەرێنی لەناو سیاسەتدا دروست دەکات کە یارمەتی ڕاستکردنەوەی بیروڕا و هەڵوێستی نەشیاوی یەکدی دەدات. سەرکردەکان و حزبەکانیان پێویستە لە هەموو پارچەکان زیاتر واقیعبین بن و لە بارودۆخی نوێی جیهان تێبگەن. بە شێوەیەکی باشتر لەوەی، کە ئێستا هەیە کێشەکانی ناوخۆیان چارەسەر بکەن و کورد بە یەک دەست و بە یەک دەنگ سەرباری جیاوازییەکانی ناوخۆی کار بکات بۆ چەسپاندنی ئەو داهاتوویەی کەوا سەد ساڵە خەونی پێوە دەبینین.

*سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان