دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
بولبولی گوڵزاری ئەزەل
کەم نەبوون ئەو سۆفی و وەلییانەی بڕوایان بە کەرامات نەبووە، گوتوویانە: ئیشی عاشقانی خوا، ئەوەیە سەرقاڵی سرووتی ڕۆحی و جیهاد بن لە دژی نەفسی خۆیان، نەک لەڕێی فێڵەوە، سەرنجی خەڵک ڕابکێشن و هەوادار بۆ خۆیان پەیدا بکەن. لە ڕوانگەی زۆرێک لە سۆفییانەوە، ئەوی بۆ فریودانی خەڵک، خەریکی نمایشکردنی توانا وەهمییەکانی خۆی بێت، سۆفی نییە، بازرگانە. دەڵێن پەیامهێن گوتوویەتی: (کەرامات بێنوێژیی پیاوانە.) مەبەستی ئەوە بووە، وەک چۆن ئافرەت کە خوێنی لەبەر ڕۆیشت، ناتوانێت پێوەندیی گەرمی لەگەڵ مێردەکەیدا هەبێت، کەراماتیش پێوەندیی نێوان عەبد و خوا لاواز دەکات. کە جەمالەددینی حەنسەوی گوتوویەتی: (ئەوی خەمی ئەم دونیای بێت، ژنە، ئەوی خەمی ئەو دونیای بێت، نێرەمووکە، پیاو کەسێکە تەنیا خەیاڵی لای خوا بێت.) مەبەستی ئەوەبووە، ئەوی خەریکی نمایشکردنی کەرامات بێت، خەمی ئەم دونیایەتی و وەک ژن کزعەقڵ و پیسە.(*) ئان ماری شیمل پێی وایە: (کەراماتی سۆفییانە، ڕاستییە، ساختە نییە، بەڵام ئەوانەی بازرگانییان بە سۆفیگەرییەوە کردووە، بەد سوودیان لێ بینوە.) سۆفیی ڕاستەقینە، کەسێکە پێی وابێت: (زیندووکردنەوەی ژیانی ئەبەدی لە دڵێکی مردوودا، چاکترە لە زیندووکردنەوەی هەزار جەستەی مردوو.)
خەم مەخۆ بزر نابێ لێت
دونیا لەودا بزر دەبێت
حەلیمەی دایەنی پێی وابووە، موحەممەد هەر لە منداڵییەوە بزربووە، بۆیە بۆی گریاوە، مەولانایش بەو شیعرە دڵی داوەتەوە. موحەممەد نموونەی باڵای موسوڵمانان بووە، بۆیە هەوڵیان داوە، لە هەموو ڕوویەکەوە لاسایی ئەو بکەنەوە، ئیدی هەر لە گوتار و ڕەوتارەوە تا بە هێشتنەوەی ڕدێن و جۆری جلوبەرگ دەگات. گەلێک موعجیزە وەپاڵ پەیامهێن دراوە، گرنگترینیان دوای قورئان، میعراجە کە هەردووکیان پێوەندییان بە خواوە هەیە، قورئانی لە خواوە بۆ هاتووە، میعراج ئەم بۆ لای خوا چووە. قورئان ئیلهام نییە بۆی هاتبێت، وەحییە خوا بە جوبریلدا بۆی ناردووە.
یەکێکی دیکە لە موعجیزەکانی پەیامهێن ئەوەیە، پێنج ساڵ بەر لە کۆچی بۆ مەدینە، بۆ دەمکوتکردنی ئەوانەی بڕوای پێ ناکەن، مانگی چواردە دەکات بە دوو لەتەوە. (اقتربت الساعة وانشق القمر. سوورەتی قەمەر ١) پەیامهێن گەلێک پەرجووی دیکەی هەبووە، لەوانە: شاخی ئوحود لە سامی هاتنی، لەرزیوە، گوێی لە هاوار و ناڵەی مردووان بووە کە لە گۆڕدا ئەشکەنجە دەدرێن، ئاو لە نێوان پەنجەکانییەوە هەڵقوڵاوە بۆ ئەوەی نوێژخوێنان دەستنوێژی پێ بگرن، کە کۆچی دوایی کردووە، مەدینە تاریک داهاتووە و لەگەڵ شەهیدانی شەڕی بەدردا قسەی کردووە.
سۆفییەکان چونکە لە زەریای خۆشەویستیی خوادا بزر دەبن، گلەیی ئەوەیان لێ دەکرێت، وەک پێویست موحەممەدیان خۆش ناوێت. (پەیامهێن هاتە خەونم، لێی پرسیم: منت خۆش دەوێت؟ پێم گوت: ببوورە خۆشەویستیی خوا، تۆی لە بیر بردوومەوە. گوتی: ئەوی خوای خۆش بوێت، منیشی خۆش دەوێت.) سۆفییەکان خەونی وایان دەبینی. حەللاج لە ستایشی پەیامهێندا گوتوویەتی: (نووری موحەممەد لە نووری خواوە سەرچاوەی گرتووە.) لە شیعری عەتتاردا، خوا لە خۆشەویستیی موحەممەد دونیای خوڵقاندووە. عەتتار بۆ ئەو تێزەی پشتی بە فەرموودەیەکی قودسی بەستووە کە دەڵێت: (لولاک لما خلقت الافلاک.) دەڵێن موحەممەد گوتوویەتی: (کە خوا ڕۆحی منی خوڵقاندبوو، هێشتا ئادەم قوڕبوو.) سەهلی توستەری دەڵێت: (کە خوا ویستی موحەممەد بخوڵقێنێت، هەندێک لە نووری خۆی ئاشکرا کرد کە هەموو گەردوونی پێ ڕووناک بووەوە.) سەنائی پێی وابووە، (ئاگری جەهەننەم زەندەقی لە نووری موحەممەد چووە، بۆیە دڵێک نووری پەیامهێنی تێدابێت، پارێزراو دەبێت لە گڕی دۆزەخ.)
مورید لە سەرەتای ڕێدا لە خۆشەویستیی ڕێبەرە ڕۆحییەکەی خۆیدا بزر دەبێت، دواتر لە خۆشەویستیی پەیامهێندا، ئینجا لە زەریای ئەڤینی خوادا دەتوێتەوە. بڕواداران لە ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامهێندا کە دوازدەی مانگی ئەوەڵبەهارە، ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشەویستیی قووڵی خۆیان بۆ موحەممەد دەردەبڕن. چەندان هۆنراوەی جوان بۆ خۆشەویستیی موحەممەد نووسراون کە بە گۆرانی دەگوترێن، لەوانە: (سڵاوت لێ بێ ئەی بولبولەکەی گوڵزاری ئەزەل) کە شیعری ئەبووعەلی قەلەندەرە. موحەممەد لە ڕوانگەی موسوڵمانانەوە بارانی ڕەحمەتە و فەریادڕەسێکە لە ڕۆژی قەیامەتدا، بە هانای ئوممەتەکەیەوە دەچێت.
*
(١) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.
(٢) رینولند نیکولسون، في التصوف الإسلامي وتأریخە، نقلها إلی العربیة وعلو علیها: أبو العلا العفیفي، منشورات الجمل ٢٠١٥ بغداد.
(*) ئەوەی کە ژن سەروەختی سووڕی مانگانە، بە پیس لە قەڵەم بدرێت، سووکایەتیکردنە بە ژن، نیزار قەبانی ئەو خوێن لەبەر ڕۆیشتنەی، بە شەپۆلی زەریا شوبهاندووە.