مایەپووچی

زکری موسا
ئێمە هەموومان، ماڵ و منداڵ و کەسوکار و دەر و جیران و هاونیشتیمانیانمان، بیروباوەڕ و مێژوو و هونەر و زمان و بوون و شانازییەکانمان لەژێر هەڕەشەداین.
لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی دەنگ و وێنەی بەناو میدیا و سۆشیاڵمیدیای کوردیداین کە کار بۆ قووڵکردنەوەی ڕق بەرانبەر هەموو شتێک، فراوانکردنی خورافە و بەدەویەت و تۆخکردنەوەی ناحاڵیبوونەکان و خەراپحاڵیبوونەکان و کاڵکردنەوەی نیشتیمانپەروەری و برەودانی هەر شتێک دەکات کە بڕوابەخۆبوون لە ئینسانی کورد دەستێنێتەوە.
ئێستا کێبڕکێی نێوان میدیا کوردییەکانە لەسەر ئەوەی کامیان پتر پاشەکشە بە عەقل و مەنتق و زانست و لێبوردەیی و مرۆڤسالاری خۆشەویستیی وڵات و بەهاکان بکات، ئەمیان مەرغوبتر و خاوەن لایکتر و پڕڤیوترە.
کامیان پتر جەنجاڵی و وروژاندن و ترس و ڕاڕایی و دوودڵی لەناو خەڵکدا تاو بدات، ئەمیان پتر دەبینرێت و گوێی بۆ دەگیرێت.
ئەمە ئەنجامەکەی کارەساتبار دەبێت، بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە سەروەریی نیە و پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز نین.
میدیای بێسەروبەر و بێئامانج دەستبەسەر بیروهۆشماندا دەگرێت و بەرەو بێئامانجی و ونبوون شۆڕمان دەکاتەوە.

من ئێستاش تێنەگەیشتم میدیا بە حیساب موعتەبەرەکانی کوردی بۆ بە چنگ و ددان هەوڵیان دا ئاگرەکەی کالیفۆرنیا بەوپەڕی ناشیگەرییەوە بە غەزەب و قەهری هێزێکی سەرووی سروشت ببەستنەوە و دیمەنی قیامەت و ڕۆژی حەشر لە زەینی بینەر و گوێگری کوردیدا وێنا بکەن.
نەمزانی بۆچی دەبێ چاوپێکەتن لەگەڵ چەکدارێکی ماڵوێرانی ڕیشنی کورد بکرێت کە وڵاتی خۆی جێهێشتووە و ڕێگەی شامی گرتۆتەبەر؟
هەموومان ئەو مافەمان هەیە بپرسین بۆچی تەنانەت لە بابەتێکی ساددەی وەک کەشوهەواشدا میدیاکان زانیارییەکی ڕاست و حیسابیمان پێ نادەن؟
بۆچی دەبێ هەواڵ و مانشێت و داڕشتنەکان بە شێوەیەک بن کە ڕاڕایی و دوودڵی و سترێس بۆ بینەر و خوێنەر و گوێگران دروست بکەن؟

بۆچی دەبێ ئەوەندە بوار بدرێت خوێنەر بە ڕقدا بچێت و مل بۆ جنێو و ناشرینی بدات؟
ئەم هەموو وزە و ئیشتیاقە چییە میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە کارکردن بەرەو مایەپووچیی فکری و مەعریفی و ئەخلاقی و وجوودیی خەڵکدا سەرفی دەکەن؟
دەبوایە میدیاکانمان چەکێکی بەهێز بان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زوڵم و بێبەشبوونەی گەلی کوردستان تووشی بوونە. دەبوایە میدیاکان سەنگەر بان، پرد و ڕێگە بان بۆ هۆشیاری و بەهێزکردنی کولتوور و نیشتیمانپەروەری و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و مەدەنیەت و…
کاتی ئەوە هاتووە پرسیار لە میدیاکانمان بکەین ئەرێ زەحمەت نەبێ ئێوە بە نیازی چین؟ ئەوەی دەیکەن لە نەزانیتانە یان بێسەروبەری و بێئامانجی؟