لە چەقی گۆڕانکارییەکاندا کورد وەستاوە

سەرۆ قادر*
بەشی یەکەم
ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە چوار دەوڵەت، کە هەریەکەیان بەشێکی کوردستانی لەبن دەستدایە، چوار حکوومەتی ئیسلامی لە هەردووک مەزهەبی سوننە و شیعە فەرمانڕەوان. لە ئێران کۆماری ئیسلامی، کە سەرۆکایەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی دەکات و لە ناوبردنی ئیسرائیل بووەتە ئامانجی سەرەکی و لە توندترین دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە لە جەنگێکی دەستەویەخەدایە، لەم دواییە پاشەکشەیەکی زۆری پێکراوە و شکستێکی گەورەی تووش بووە.
دووەمین حکوومەتی ئیسلامی تورکیایە کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتێکی سیکولارە، بەڵام ئەو حکوومەتەکەی ئیخوانی عوسمانییە بە هەبوونی ستراتیژی تایبەتی خۆی بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میراتی ئیمپراتۆری عوسمانی. دەوڵەتی عێراق دوای گۆڕانکاریی لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتە دەستی زۆرینەی شیعە و حکوومەتەکەی هەمیشە بە ئیسلامی و هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەفتار دەکات، سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان و سوننەی عێراق تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووری عێراق پێیان دراوە لە هەمەگیر بوون و گشتگیربوونی ئیسلامییەتی حکوومەتی عێراقی کەم دەکاتەوە. لە سووریاش بەرەی ڕزگاریی شام یان” جبهە التحریر الشام” لە بارودۆخێکی تایبەتیدا بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بە بێدەنگی ڕووسیا و ڕێپێدانی ئەمریکا و بە چاونوقاندنی ئیسرائیل توانی لە ئیدلیبەوە زۆر بە ئارامی بخشێ و لە ماوەی دەڕۆژدا شام بە گشتی دەست بەسەردا بگرێ و سەروەریی سیاسیی ڕژێمی بەعس بڕۆخێنێ.
ڕابردووی “جبهە التحریر الشام” و ڕابردووی شەخسی ئەبوو محەمەدی جۆلانی بۆ خۆی جێی باسە. سەرباری ئەو گۆڕانکارییانەی بە سەریدا هاتوون لە هەموو حاڵەتێکدا لەم مانگەی دواییدا کە لەسەر کارە (لە دیمەشق) نیشانی داوە کە ئا خەونی فەرمانڕەوایی ئەو ئیسلامی سوننەیە. خۆی و نزیکەکانیشی دەڵێن بە تام و بۆی مێژوویی ئەمەوییە کە زۆر لە ئامانجەکانی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئۆردوغان نزیکە و بەو پەیوەندییەی کە لە ساڵی ٢٠١١ بەو لاوە ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیبووە لەسەر سنووردایە، لەوانەیە تورکیا دەوری هەبووبێ لەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر باوەڕی جەبهەی تەحریری شام و سەرۆکەکەی داهاتووە، بۆیە بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی نزیک لە بارودۆخی سوریا و مێژووی گۆڕانکارییەکانی جۆلانی و جەبهەکەی، دەڵێن تورکیا تەمای هەیە کەوا تام و بۆی عوسمانی بە سەر ڕوانگەکانی جۆلانیدا زاڵ بکات و دەرگایەکی فراوان لە ڕووی تورکیادا بکاتەوە. هاوکات تورکیا ئەو کێشە و زۆرانبازیانەی کە لەگەڵ
ئەورووپا و ئەمریکا هەروەها جۆرێک لە دوژمنایەتی شاراوەی لەگەڵ ئیسرائیل هەیەتی دەهێنێتە سەر سنووری ئیسرائیل، ئەگەر بۆی بڕوا دەست بۆ ناو لوبنان و فەلەستینیش درێژ بکات. پرسیار ئەوەیە ئایا لەم بارودۆخەدا کە بە مانای خۆی جەنگێکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەوروپا لە کاردایە، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەورووپا لێدەگەڕێن لە سوریا حکوومەتێکی ئیسلامی جێگیر ببێ؟ ئایا بێدەنگ دەبن، کە چوار حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەبەر دەستدابێ؟ بە گوێرەی مەنتیقی گۆڕانکارییەکان زۆر زەحمەتە ڕێگە بە بەردەوامی ئەو ڕەوتە بدەن، چونکە هەر لە خۆیدا یەک حکوومەت لەو چوار حکوومەتە زیاتر لە چل ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشە بۆ ئەمریکا و بۆ ئیسرائیل دروست دەکات چ جای ئەوەی کە ببن بە چوار. لە لایەکی دیکەوە، ئەو خۆ ئامادەکردنەی کە ئیسرائیل بۆ ناو سووریا کردویەتی و ئەو ڕوونکردنەوانەی کە لەسەر زاری سەرکردەکانی حکوومەتی ئیسرائیل دەبیسرێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن حکوومەتێکی توندڕۆ لە سوریا لەسەر کار بمێنێ ، سوریا ببێتە غەزەیەکی گەورەتر لە تەنیشت ئیسرائیل کە لە داهاتوودا کێشەی زۆری بۆ دەنێتەوە، هەروەها دوور نییە بشبێتە ترمینالێکی گەورە بۆ هاتنی توندڕۆکان لە سەراسەری دونیاوە بۆ بەرانگاربوونەوەی ئیسرائیل و دەسترێژ کردن بۆ ناو لوبنان.
ئەورووپاییەکانیش لە مانگی ڕابردوودا زۆر بە دیقەت چاودێری حکوومەتی سووریا دەکەن و فشاری بۆ دەهێنن کە دەبێ بە خێرایی بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە گوێرەی دەستوورێکی تەوافقی دیموکرات کە مافی هەموو سوریاییەکان بە پێکهاتەکانەوە دابین بکات و دەوڵەتێک بنیادبندرێ کە عەلمانی بێت. لە لایەکی دیکەوە سعودیە و میسر ڕابەرایەتی دونیای عەرەب دەکەن ئەوانیش زۆر بە پەلە بە هانای ئەحمەد شەرع یان هەمان جۆلانیەوە دێن بۆ ئەوەی لە دەست تورکیا دەریبێنن، چونکە ئەو کێشە بەردەوامەی کە لەنێوان سعودیە و وڵاتانی کەنداو و میسردایە لەگەڵ تورکیا هەیانە کێشەیەکە بەرژەوەندی یەکتر دەخەنە مەترسی و ڕوانگەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە یەکدی دوورە. ئەوەی کە ساغ بووەتەوە سعودیە و میسر و وڵاتانی کەنداو ڕوانگەی حکوومەتی دینیان لای خۆیان کۆتایی پێ هێناوە و ڕوویان لە جێگرەوەیەکی بەرەو سیکولاردایە کە گەشانەوە و پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە دابین بکات و ئاساییش دەستەبەر بکا و هیچ هەڕەشەیەکیش لە بەرژەوەندییە سراتیژییەکانی سعودیە و میسر نەکات، بۆیە بە خێرایی دەستی یارمەتییان بۆ دەوڵەتی سوریا درێژ کردوە و هەوڵ دەدەن کە جێی پێ بۆ تورکیا نەهێڵن، یان بە ئەندازەیەک بەری
پێ تەنگ بکەن نەتوانێ پلانەکەی کە هێنانەدی ئامانجی ستراتیژین بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوشارهێنان بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل پێی بگات. ئێستا لە پاڵ ئێراندا زۆرانبازی نێوان دونیای عەرەب و تورکیا بە ئاشکرا لە جاران تۆختر بووە و
بە جددی کاری بۆ دەکەن. سعودیە و وڵاتانی کەنداو باس لە کردنەوەی ڕێگایەکی گەورەی بازرگانی دەکەن کە بە سوریادا بێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێوە بەرەو ئەوروپا و دەوری دونیا بڕوات کە یارمەتیەکی زۆری بوژانەوەی ئابووری سعودیە و مسر و وڵاتانی دیکەی کەنداو و وڵاتانی دەوروبەریشیان دەدات. لە بەرامبەریاندا تورکیا باس لە نوێکردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری ئەستانبۆڵ -دیمەشق- حیجاز- فەڵەستین دەکات، ئەو هێڵەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بنیادیناوە بە ڕێگایەکی هاموشۆی سەربازی و بازرگانی گرنگ پێش لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی حیساب دەکرا. لە لایکی دیکەوە ئەگەر تورکیا بتوانێ دەست بەسەر سوریادا بگرێ و ببێتە میراتگری ئێران لە لەو وڵاتەدا، دەستی لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە هەروەها بەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ گرووپە توندڕۆکاندا هەیەتی دەستی درێژتر دەبێ بازووی سەربازی و ستراتیژیەتی تورکیا لە ناوچەکە بە هێزتر دەکات.
لە بەرامبەر تورکیادا ئەو دەوڵەتانەی دژی وەستاون زۆر بەهێزن لە سەروی هەموویانەوە ئەمریکا و ئیسرائیلە، دوایی دێتە سەر عەرەب بەو شێوەی کەوا باسم کرد، لەو لاشەوە ئێران سەرباری ئەو شکستەی تووشی بووە بە داخ و قینێکی زۆرەوە سەیری تورکیا دەکات چونکە هەر وەک لەسەر زاری ئایەتوڵا خامەنەیی دەربڕدرا تورکیا نەخشەڕێژی ئەو سیناریۆیە بوو، کە ئەسەدی ڕوخاند و جەبهەی تەحریری شامی هێنایە سەرکار بۆیە ئێران پێیوایە لەم شەرە دوور و درێژەی کە لە ناو سوریا و لوبنان و غەزەدا هەیبوو تورکیا توانی بارودۆخەکە بە جۆرێک بقۆزێتەوە کە فێڵ لە ئێران بکات و بە پێی ئامانجەکانی خۆی گۆڕانکاری لە سوریا دروست بکات. هەڵبەتە لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل دەڵێ ئەوەی کەوا زەمینەی ڕووخاندنی حکوومەتی پێشوی سوریای خوڵقاند دەوڵەتی ئیسرائیل بوو بە لێدانە بەردەوامەکانی دامودەزگە سوپاییەکانی سوریای لە کارخست و هیچ توانایەکی بۆ نەهێشتنەوە ئەسەد لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە بەردەوامەدا ڕووخا و جەبهەی تەحریری شام بە بەرچاوی ئیسرائیل و بە ڕێگەپێدان و چاو لێ نوقاندنی ئەوان گەیشتە دیمەشق. ئەمانە هەمووی ڕوانگە و خۆ ئارایشکردن و ڕازاندنەوەی دەوری خۆیانن لەو گۆڕانکارییانەی کە لە سوریا ڕووی داوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە بارودۆخێکی سەختدا دەژێ؛ لە غەزە و لوبنان و سوریا تێکشکێندراوە جوگرافیای بەربڵاوی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زۆر تەنگ بووەتەوە و هاتووتەوە ناو خۆی لەگەڵ ئەو پانتایە بچووکەی کە حووسییەکانی یەمەن لە دوورەوە هەیانە و بە هاوکاریی ئێران لە دژایەتی ئیسرائیل بەردەوامن. وەک دیارە حوسییەکان لەژێر بۆردومانی بەردەوام دان و لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیکدا وەک باس دەکرێ کۆتایی بە دەوریان بهێندرێت. دەبێ چاوەڕێی ئەو سیناریۆیە بین کە چۆن کۆتاییان پێدێت. بۆیە ئێران بۆ خۆی لە تەنگوچەڵەمەیەکی قوڵی ناوخۆییدا دەژی و ئەو ڕاپۆرتانی کە لەو وڵاتەوەوە دزەدەکەنە میدیاکان لە کۆبوونەوەکانی ناوخۆی سوپای پاسداران و سیاسییەکانی ئێراندا ئەو باس و مەناقەشە توندەی لە ناو سیاسی و ئەکادیمی و چالاکەکانی ئێراندا هەیە ئەم ڕۆژانە دەبینرێ، نیشان دەدا کە ئێران لە لەرز و تای دوای شکانی سوپایی و سیاسیدا دەژێت. ئەو هەموو بەڵێنەی بە میللەتی ئێرانیدا بوو لەبارەی ئەو سەرکەوتنەی بۆ ئێران بە دەستیدەهێنێ و ئەو سەرمایەی زۆرەی ساڵانێکە لە قوڕگی هاووڵاتییانی خۆی دەریدەهێنا لەو شەڕەدا سەرفی کردبوو، لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی لە دانیشتووانی ئێران لە شەڕەکاندا بە کوشتی داون ئێستا هیچ وەڵامێکی دیاریکراوی پێ نییە و پتر بیر لەوە دەکەنەوە کە لە ناوخۆیاندا بە جۆرێک جارێکی دیکە خۆ ڕێکبخەنەوە کە نەهێڵن لە ناوخۆدا لێکترازانێکی ئەوتۆ دروست ببێ کە وەک ئەسەد لە سوریا کۆتایی بە حکوومەتی ئیسلامی بێت، یان بابڵێین باردۆخەکەیان دەست بباتە دەرێ دەرگه بکاتەوە بۆ سیناریۆی دیکە، کە لەوانەیە ئامانجیان کۆتایی بهێنانی حکوومەت بێت.

*سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان