شێرکۆ حەبیب
کوردەواری دەڵێن ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەوێ، بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لەحەد بەدەر ئاوی ویست و بەردەوام ئاوی دەوێ، ئەو بابەتە وەک حەکایەتی مێشی لێهات حەکایەتی مێش ئەوەیە کەوا سەرەتا و کۆتایی نییە.
مووچە وە نەبێت سواڵکردن یا خێرکردن بێت، بەڵکو مافێکی ڕەوای مووچەخۆران و خانەنشینانی کوردستانە و ئەوەی زەرەرمەندە لە نێوان هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر مووچەخۆرانی کوردستانن، ساتێک حکوومەتی فیدراڵ دەڵێ سەرجەم شایستەدارایەکانمان ناردووە و حکوومەتی هەرێم رەتی دەکاتەوە کە سەرجەم ئەو بڕەی بۆ کوردستان تەرخان کرابێت نێردرابێت، و بە داتا و ژمارە حکوومەتی هەرێم خستوییەتی ڕوو.
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دوایدا حکوومەتی فیدراڵ زولم و غەدرێکی زۆری لە کوردستان کرد، سەڕەرای پابەند بوونی هەرێم بە بنەماکانی دەستور، ئەوەی حکوومەتی بەغدا دەیکات بابەتێکی ئاسایی و یاسای نییە دەرهەق بە گەلی کوردستان، هۆکارەکەشی بۆ هزری شۆڤێنی و دژایەتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ لایەنی دەسەڵاتدار لە بەغدا.
سەرەڕای مافی رەوای کوردستان بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و گومانە تاوەکو ئیستا هەندێ لایەنی بەناو کورد کە خۆیان بە دڵسۆز و خەمخۆری میللەت دەزانن بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک هەر بەکردار بەڵکو بەیەک وشە بەرگریان لە کوردستان کردبێت، نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێم بە کەم تەرخەمی حکوومەتی هەرێم دەزانن بەڵکو پارتی تۆمەتبار دەکەن بەو گرفتە، بەڵام ئەگەر تۆزقاڵێک هەستی نەتەوایەتیان و خەبات و رابردوویەکی پاکیان هەبووایە هەستیان بە گرنگی و رۆڵی پارتی دەکرد کە ئەگەر پارتی نەبووایە ئیستا ئەوان بوونیان نەبوو.
بێگومان دەبێ دڵسۆزانی کورد بۆ ئایندە یەک دەنگ و هەڵوێست بن بۆ کۆتا هاتن بەو گرفتە و دابینکردنی قوتی میللەت، دەبێ زل هێزان و وڵاتان ئاگادار بکەنەوە لە پابەند نەبوونی بەغدا و بەکار هێنانی قوتی خەڵک لە ناکۆکیە سیاسیەکان.
دەنگوێ بڵاو بوونەوەی کشانەوەی کورد لە بەغدا بژاردەیەکی یاساییە، بەڵام دەبووایە پێش چەندین ساڵ ئەو بریارە بدرابایە، پێش زیاتر لە ١٠ ساڵ من بابەتێکم لە خەبات نووسی ئاماژەم بەو بابەتە کرد، کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی دەبێ زۆر بە ژیرانە بێت، لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئەگەر پارتی بکشێتەوە لایەنی تر هەیە ئەو بۆشاییە پر دەکاتەوە، بەڵام لێرەدا پڕ کردنەوەی بۆشاییە یا سەنگ و قورسایی پارتیە، بۆیە مەحاڵە بەبێ پارتی لە عێراق پرۆسەی حوکمرانی بەرێوە بچێت بە شێوازێکی دروست.
پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا بەکشانەوەی سەرجەم کورد یا پارتی لە بەغدا گرفتەکان چارەسەر دەبن؟