بەرجەستەبوونی باشی و دڵپاکی لە کەسەکاندا

بەكر كەریم حەسەن
(جوبران خەلیل جوبران) نووسەر و شاعیری لوبنانی دەڵێ “باشی و دڵپاكی گەمژەیی نییە، بەڵكو نیشانەی پەروەردە و ڕەوشتی جوانە”.
بێگومان باشی و دڵپاكی یەكێكن لە سیفاتە هەرە جوان و بەسوودەكان كە هەمیشە ڕەنگدانەوەی باشی و ئەرێنی هەیە لە سەر ڕەوشت و ڕەفتار و گوفتار و كردەوەی كەسەكان كە هەرگیز مرۆڤ لێی پەشیمان نابێتەوە.
باشی و دڵباشی وا لە كەسانی تری دەوروبەر دەكات بەبێ ترس و دوودڵی و ڕاڕایی لێت نزیك ببنەوە و هاوڕێیەتی و هەڵسوكەوتت لەگەڵ بكەن و، چونكە دڵنیان لەوەی زەرەرو زیان بەوانی تر ناگەیەنی، چونكە كەسانی باش و دڵپاك هەمیشە سوود و قازانج و چاكەیان بۆ دەوروبەریان هەیە و پەناگەیەكی هێور و ئارام و بێ ترسن و هەمیشە ویژدانیان ئاسوودەیە و بیروهزر و دڵیان هێور و لەسەرخۆیە، تەنها ئەوەی بە خەم و ئێش و ژان و ستەمی ئەوانی تر خەم دەخۆن ئازار دەچێژن و هەرگیز هەڵگری ڕق و قینە نین بەرامبەر بە كەسانی تر. بەڵكو هەمیشە باشە و چاكە و سەركەوتنی ئەوانی تریان دەوێت و دەیانەوێ تام و چێژ لە ژیانی تایبەتی خۆیان ببینن و بە كورتی و تەسكی سەیری ژیان ناكەن و هەردەم دڵ گەورە و لێبوردەن.
لە ساڵی 1988 ڕۆژی 13 تشرینی دووەم دیاری كرا بە ڕۆژی باشی و چاكەکردنی جیهانی كەلەلایەن جولانەوەی چاكە و باشی جیهان ئەو ڕۆژە دەستنیشان كرا بە ڕۆژی باشی و چاكە، ساڵانە لە ولاتانی ئەمریكا و كەندا و ئوسترالیا وسەنگافورە و نێجیریا و ئیتالیا و ئیماراتی عەرەبی و چەندین ووڵاتانی تر یادی ئەو ڕۆژە دەكرێتەوە كە ڕۆژی باشە و چاكەیە.
دەگێڕنەوە ڕۆژێكیان مامۆستایەك لە قوتابخانە لە سەرەتای ڕۆژەكەدا داوایك لە قوتابیەكانی دەكات و پێیان دەڵێت ئەگەر گەڕانەوە ماڵەوە هەر یەكە و لە سەر پەتاتەیەك ناوی ئەو كەسانە بنووسن كە ڕقتان لێیەتی، واتە هەر كەسەی كە ڕقت لێیەتی پەتاتەیەكی بۆ دابنێ‌ و دواتر بیخە ناو كیسەیەك و ڕۆژی دواتر لەگەڵ خۆتاندا بیان هێنن بۆ قوتابخانە. بۆ ڕۆژی دواتر قوتابییەكان ناوی ئەو كەسانەیان لە سەر پەتاتەكان نووسیبوو هێنایان بۆ قوتابخانە، هەندێك قوتابی دوو بۆ سێ پەتاتەیان لە كیسەیەكدا هەڵگرتبوو، بەڵام هەندێكی تریان هەتاوەكو پێنج دانەیان خستبووە ناو كیسەیەكەوە. دواتر مامۆستاكە بە قوتابیەكانی گوت ئەم پەتاتانە بۆ ماوەی یەك هەفتە دەبێت بۆ هەموو شوێنێك لەگەڵ خۆتاندا بیانبەن و نابێت بەهیچ جۆرێ دایان بنێن، دوای چەند ڕۆژێك پەتاتەكان بەرە بەرە خراپ بون و بۆگەنیان كرد. لەگەڵ تێپەربوونی كاتدا قوتابیەكان دەستیان بە گلەییو گازاندە كرد سەبارەت بەو بۆنە ناخۆشەی كەلە پەتاتەكانەوە هەیە، ئەو قوتابیانەش كە پێنج پەتاتەیان پێبوو.دەبوو كیسەیەكی قورس و بۆن ناخۆش لەگەڵ خۆیاندا بۆ هەموو شوێنێك بەرن و بە تەواوەتی بە هیلاك چوون. دوای تێپەڕینی هەفتەیەك مامۆستاكە پرسیاری ئەوەی لە قوتابیەكانی كرد كە هەستتان چۆن بوو كە بۆ ماوەی هەفتەیەك ئەو پەتاتە بۆگەن و قورسانەتان هەڵگرتبوو. قوتابیەكانیش بێزاری و گلەیی خۆیان دەربارەی بۆنی ناخۆش و قورسی پەتاتەكان دەربڕی.
ئەو كاتە مامۆستاكە لە وەڵامی قوتابیەكانیدا گوتی “سەیر بكەن ئەوە هاوشێوەی ئەوەیە كە كاتێك ڕق و كینە بەرامبەر كەسێك لە دڵتدا هەڵدەگریت وەك ئەوە وایە ئەو پەتاتەیەت هەڵگرتبێت هەم قورسە و هەم بەردەوام هیلاكت دەكات، هەم بۆگەنەكەشی بێزارت دەكات بهێنە پێش چاوت چیت بەسەر دێت ئەگەر بۆنی ڕق و كینەی كەسێك كە تەمەنێك لە دڵتدا هەڵبگرێت، دەبێت چۆن دڵت بۆگەن ببێت و چەندێكیش قورسیەكەی بێزار بكات، بۆیە ئەوەتان بیر بێت قوتابیەكان دڵ باخچەیەكی جوانە و شوێنی هەڵگرتنی شتە جوان و باشەكانە هەر بۆیە پێویستە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە و پڕ بكرێت لە گژوگیا و گوڵی بۆن خۆش و سەرنج ڕاكێش. لە بەر ئەوە لەو كەسانە خۆش بە كاتی خۆی تووڕەیان كردوویت و دڵیان شكاندوویت. چونكە ئەگەر لێیان خۆش نەبیت ئەوا دڵت بۆگەن دەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی